چۆن كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان كۆنترۆڵ دەكرێت

ڕاپۆرت

06/07/2020     ژمارەی بینراو 868

راچڵەكین-

سەرباری چەندین رێكاری توندی خۆپارێزیی لە هەرێمی كوردستاندا بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام هێشتا ژمارەكان لە زیادبوون و هەڵكشاندان و لە قۆناغی مەترسیی دەرنەچووە، بەرپرسانی تەندروستیی پابەند نەبوونی خەڵك، بە هۆكاری هەڵكشانەكە دەزانن.

شەپۆلی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كە بەرپرسانی تەندروستیی و ئیداری بە هەڵكشانی دووەم ناوی دەبەن سەرباری چەندین رێكاری توندی خۆپارێزیی، بەڵام هێشتا ژمارەكان لە زیادبوون و هەڵكشاندایە. 

بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا، حەوت هەزار و ٣١٥ كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام بەرپرسانی تەندروستیی دەڵێن ئەمانە ژمارەی ئەوانەن كە دۆزراونەتەوە، ئەگینا دەیان هەزار تووشبوو لە شارەكاندا هەن و نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان لێ دیارە.  
پشكی شێری ژمارە تۆماركراوەكانی تووشبووان بەر شاری سلێمانی كەوتووە كە تا ئێستا لەو شارە، پێنج هەزار و  ٢٩٤ حاڵەت تۆمار كراوە، هەولێر بە هەزار و ٦٢٨ تووشبوو لە پلەی دووەمدایە و لە هەڵەبجە ٢٠٥ كەس و لە دهۆك-یش ١٨٨ حاڵەت تۆماركراوە. 

سەرەتای هاتنی ڤایرۆسەكە بە رێكاری خۆپارێزی توند، بەرپرسانی تەندروستیی و ئەمنیی و ئیداری رووبەڕووی بوونەوە لە كەرەنتینەكردن و قەدەغەكردنی هاتوچۆی تەواو تا رێپێدانی مەرجدار و بڵاوكردنەوەی بەردەوامی رێنمایی تەندروستی، بەڵام هەموو ئەمانە نەیتوانی رێ لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەكە بگرن تا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی بەشێك لە بەرپرسانی تەندروستیی زەنگی مەترسی لێبدەن و بڵێن بەرەو كارەسات هەنگاو دەنێین. 

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند: "هەڵكشانی قۆناغی دووەم لە بەریەككەوتن و هاتوچۆی جەژنەوە دەستی پێ كرد، بەداخەوە ئەو هەڵكشانە لەو كاتەوە بەردەوامە و تاوەكو ئێستا، بەداخەوە ئێستا لە هەولێر رۆژانە سەرووی ٥٠ تووشبوو تۆمار دەكرێت كە هێز و توانای بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی لەڕووی پێداویستیی پزیشكی هەروەها لەڕووی كارمەندی پزیشكی لەو ئاستە نییە كە ئەو هەموو پشكنینە بكات، ئێمە پێشتر پشكنینی هەڕەمەكیمان دەكرد لەناو خەڵك، بەڵام ئێستا تەنها پشكنین بۆ ئەوانە دەتوانین بكەین كە نیشانەكانیان هەیە و خۆیان سەردانمان دەكەن، ئەم دۆخە وایكرد پێشتر سەرچاوەی ڤایرۆسەكە دیاربوو، بەڵام ئەم بەریەككەوتنەی خەڵك وایكرد كە سەرچاوەكە ونبێت و لە بازاڕ و لەناو خەڵكدا بێت و لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە بگوازرێتەوە و بەو رادە زۆرە بڵاوبێتەوە".

بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانی جەژنی رەمەزان لە پارێزگاكانی هەرێم قەدەغەكردنی هاتوچۆی تەواو بڕیاری لەسەر درا، بەپێی ئەم قسەیەی جێگری پارێزگاری هەولێربێت، هاووڵاتییان پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون و رێكارەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆش ئەوەندە توند نەبووە كە خەڵك نەتوانێت سەردانی كەس و خزمەكانی بكات.

هێمن قادر، هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بۆ خەڵك دەگەڕێنێتەوە و وتی: "بەداخەوە بەشێك لە هاووڵاتییان وەك پێویست پابەندی خۆپارێزی نەبوون، بابەتێكی روونە ئەو ڤایرۆسە لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی دیكە دەگوازرێتەوە چەند بەركەوتن هەبێت ئەوەندە زیاتر ڤایرۆسەكە بڵاودەبێتەوە بۆیە پابەند نەبوونی بەشێك لە هاووڵاتییان هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەكەیە".


هێمن قادر

 

جێگری پارێزگاری هەولێر بە سیاسیكردنی دۆخەكە بە هۆكارێكی دیكە دەزانێت و دەڵێت "بەداخەوە لە هەندێك لە شارەكانی دیكە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو ڤایرۆسە زۆر جێی مەترسی نییە، دەنگۆیەكی دیكە بڵاوكرایەوە كە بە هاتنی وەرزی گەرما نەمێنێت، بەداخەوە لە سۆشیال میدیا و بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ئەمە مەرامێكی سیاسییە و بۆ نەدانی مووچەیە، ئەمانە هەمووی وایانكرد هاووڵاتییان ساردبنەوە لە خۆپارێزی و گوێ بە مەترسی ڤایرۆسەكە نەدەن".

سەرباری توندكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام هێشتا كەم نین ئەو هاووڵاتییانەی پابەندنابن و سەرپێچی بڕیار و رێنماییەكان دەكەن، بۆیە ژووری ئۆپەراسیۆنەكان لە پارێزگاكان بە سزادان مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەن.

لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و 260 دوكان و شوێنی بازرگانیی بە داخستن و پێبژاردنی دارایی سزا دراون.

لە میانی شەش رۆژی قەدەغەكردنی تەواوەتی هاتوچۆشدا لەناو شاری هەولێر، 50 شوێنی دیكە سزا دراون و داخراون.

پزیشك و تیمە تەندروستییەكانیش پشكی شێری هۆكاری هەڵكشانی ژمارەكانی تووشبووان هەر دەخەنە ئەستۆی هاووڵاتییان چونكە ئەوانیش دەڵێن؛ ئەگەر هاووڵاتی پابەندبێت و خۆی بپارێزێت ڤایرۆسەكە ناگوازرێتەوە و دەتوانین بنەبڕ بكرێت. 

شاخەوان خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە كۆرۆنا لە هەولێر، بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند "شتێكی شاراوە نییە ئەم ڤایرۆسە لەڕێگای كۆئەندامی هەناسەدانەوە دەگواسترێتەوە، هەر نەخۆشییەكیش لەڕیگای كۆئەندامی هەناسەدانەوە بگواسترێتەوە رێگایەكی خێرایە بۆ بڵاوبوونەوە، ئەگەر خۆمان نەپارێزین و رێنماییە تەندروستییەكان وەك خۆی جێبەجێ نەكەین، ژمارەی تووشبووان هەمیشە هەڵدەكشێت و بڵاودەبێتەوە".

شاخەوان خەیلانی دەربارەی زۆری ژمارەكان لە سلێمانی لە چاو شارەكانی دیكە دەڵێت "لەبەر ئەوەی سلێمانی دوو تا سێ هەفتە لەپێش هەولێر و شارەكانی دیكەوەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تیایدا، بۆیە لەوێ ژمارەكان زیاترن لە هەولێر یان شارێكی دیكە و ئەگەر خۆپارێزی تەواو نەكرێت شارەكانی دیكەیش دەگەنەوە بەو ژمارانە". 


شاخەوان خەیلانی

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە كۆرۆنا لە هەولێر، كە سەرپەرشتی نەخۆشخانەیەك دەكات كە ئێستا قەڵەوێرەكانی هەمووی پڕبوون لە تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و جێگای نەماوە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی دیكە، ترسی خۆی لە زیاتر بوونی ژمارەكان نەشاردەوە و وتی: "من لە مانگی چوارەوە دەڵێم بەرەو قۆناغی مەترسیدار دەڕۆین، مەترسییەكە لەوەیە ئەگەر ژمارەكان لەوەی ئێستا زیاتربێت ئەوكات نە شوێن دەمێنێت نەخۆشی لێ بمێنێتەوە نە كەرەستە و پێداویستی پزیشكیی وەك پێویست بەش دەكات نە كارمەند و پزیشكانیش توانایان بەسەر ئەو ژمارە زۆرەی توشبووندا دەشكێت بۆیە باشترین رێگا بۆ رێگری لەو دۆخە تەنها خۆپاراستنی هاووڵاتییانە". 

ڤایرۆسی كۆرۆنا كاتێك گەیشەتە هەرێمی كوردستان كە هەرێمەكە لە قەیرانێكی سەختی داراییدا بوو، قەدەغەكردنی هاتوچۆ، وەستانی بازاڕ و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانیش ئەوەندی دیكە باری سەر شانی هاووڵاتییانی قورس كرد كە ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە كە بەرپرسانی ئیداری و تەندروستیی نەتوانن دەست بۆ ئەو پلانە بەرن كە دەڵێن بەتەواوی سەركوتوومان دەكات لە كۆتای هێنان بە پەتاكە. 

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، دەڵێت "بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنانەی كردوومانە ئەگەر ٢٨ رۆژ قەدەغەی تەواو و توندی هاتوچۆ رابگەیەنین رێگا لە هەموو بەریەك كەوتنێك بگرین سنوورەكانی هەولێر بەتەواوی دابخەین و رێگا نەدەین لە بازگەكانەوە بۆ ماوەی ٢٨ رۆژ هیچ كەسێك بێتە ناو شاری هەولێر دەتوانین بەتەواوی سەركەوتووبین بەسەر ڤایرۆسەكەدا، بەڵام ئەمە بڕیارێكی قورسە و لەم بارە سەختە داراییەدا ناتوانین بڕیارێكی لەو جۆرە بدەین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن