هەر كەسێك لەساڵێكدا دەتوانێت چەند لیتر پلازما ببەخشێت

ڕاپۆرت

07/07/2020     ژمارەی بینراو 680

راچڵەكین-AA

بەڕێوەبەری پزیشكیی لە بەڕێوەبەرایەتی بانكی خوێن،  دەڵێت:" هەر كەسێك دەتوانێت لە ساڵێكدا ٢٥ لتر پلازما ببەخشێت، بەڵام نابێت نێوان هەردوو بەخشیندا هەفتەیەك كەمتر بێت".

سیستمی بەرگریی كەسێك كە تووشبووبێت بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، جۆرێك لە بەرگری دروست دەكات و پێی دەگوترێت دژەتەن، ئەم دژەتەنە توانای ناسینەوەی ڤایرۆسەكەی ھەیە و لەگەڵی دەجەنگێت، ھەر بۆیەش پلازمای خوێن لە كەسێكی چاكبووەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەردەگیرێت و دەدرێت بە كەسێكی تووشبوو بۆ ئەوەی ئەم دژەتەنە بتوانێت رووبەڕووی ڤایرۆسەكە ببێتەوە و بەسەریدا زاڵ بێت. 

پلازمای خوێن لەڕێگای ئامێرێكی تایبەت وەردەگیرێت كە خوێنی كەسەكە دەكێشێتە ناو ئامێرەكە و لەوێ پلازماكە جیا دەكاتەوە و پێكهاتەكانی دیكە دەگەڕێنێتەوە ناو جەستەی بەخشەرەكە و بڕی پلازمای وەرگیراویش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە جیاوازە، بۆیەش لە هەندێك كاتدا بۆ زیاتر لە یەك نەخۆشیش بەكاردێت.

هونەر عومەر دڵپاك، بەڕێوەبەری پزیشكیی لە بەڕێوەبەرایەتی بانكی خوێن، ئاماژە بەوە دەكات:" وەرگرتنی پلازما، وەك هەر پڕۆسەیەكی خوێنبەخشین ئاساییە و كاریگەری خراپی نییە لەسەر كەسی بەخشەر، ئەوەیش دەخاتەڕوو كە بڕی پلازماكە بەپێی قەبارە و كێشی كەسی بەخشەر، دەگۆڕێت و بڕی تێچووی وەرگرتنی هەر پلازمایەك، پێنجسەد هەزار دینار دەكەوێت."


هونەر عومەر دڵپاك

 

هونەر، سەبارەت چۆنیەتی و شێوازی پلازمای خوێن، وتی: "بە گشتی خوێن لە دوو بەش پێكدێت، بەشێكیان شلەی خوێنە، واتا پلازمای خوێن، بەشێكی دیكەش خانەكانی خوێنە كە ئەوانیش سێ جۆرن، خڕۆكەی سوور، خڕۆكەی سپی و خەپلەكانی خوێن، بۆیە پلازمای خوێن پێكهاتەیەكە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی خوێن، بەشی زۆری خوێن بریتییە لە پلازماكەی و هیچ زیانێك بە كەسی بەخشەر ناگات، هەر كەسێك پلازما ببەخشێت دەتوانێت دوای هەفتەیەكی دیكە جارێكی دیكە پلازما ببەخشێت و ئەمەش هاوكار دەبێت لە چاكبوونەوەی نەخۆشێك".  

ئاماژەی بەوەشدا: "پێكهاتەكانی خوێن جیاوازە، هەندێك نەخۆش هەیە، پێویستی بە خڕۆكەی سوور، یان سپی هەیە، هەندێكیشیان پێویستیان بە پلازمای خوێن هەیە، پلازما بۆ ئەو كەسانە بەكاردێت كە كێشەیان هەیە لە هۆكارەكانی خوێن مەیین، بێگومان ئەمە بەشێوەیەكی گشتیییە، بەڵام لەئێستادا ئەو باسە گەرمەی لەسەر پلازما هەیە بابەتی كۆرۆنایە، یەكێك لەو هۆكارەی كە لە دونیادا باسی لێوە دەكرێت وەكو چارەسەر، بریتییە لە بەكارهێنانی پلازمای ئەو كەسانەی كە پێشتر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و چاكبوونەتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە ئێستا نەخۆشن، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە بارودۆخی تەندروستییان ناجێگرە یان دەچن بەرەو دۆخی ناجێگیریی، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە ئەو كەسانەی تووشبوون و چاكبوونەتەوە بەرگری لەشیان دژەتەن دروست دەكات دژی ئەو ڤایرۆسە، چونكە هەر كەسێك كە تووشی ئەم ڤایرۆسە بێت ئەوا بەرگری لەش دەست دەكات بە شەڕكردن لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە و دژەتەن". 



بە وتەی هونەر عومەر دڵپاك، پلازما لە كەسێك وەردەگیرێت كە پێشتر تووشی ڤایرۆسەكە بووبێت و چاكبووبێتەوە و لە كەسێكی ئاسایی وەرناگیرێت، لەبارەی هۆكارەكەیشی دەڵێت "ناتوانین پلازما لە كەسێكی ئاسایی وەرگرین، دەبێت ئەو كەسەی پلازما دەبەخشێت، پێشتر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبێت، ئینجا پلازمای لێ وەردەگیرێت، ناتوانین لە كەسێكی ئاسایی پلازما وەربگرین، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە كەسی بەخشەر، بەهۆی بەرگرییەوە دەتوانێت لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە بكەوێتە شەڕكردن". 

هەرچەندە بەخشینی پلازما وەك هەر خوێنبەخشینێكی ئاساییە، بەڵام زۆرجار لە دیدی كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕدرێت و جۆرێك ترسی هزری خەڵك دروستكردووە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پزیشكی لە بەڕێوەبەرایەتی بانكی خوێنی هەولێر وتی: "دەستكەوتنی ئەم پلازمایە هیچ ئەستەم نییە، وەك هەر خوێنبەخشینێكی ئاساییە، جیاوازییەكەی ئەوەیە كە لەكاتی خوێنبەخشین، خوێنەكە لە دەماری خوێنبەخشەكە راستەوخۆ دەچێتە كیسەیەكەوە، بەڵام بۆ وەرگرتنی پلازما، خوێنبەخشەكە دەخەینە سەر ئامێرێكی تایبەت، پێی دەڵێن سێل سەپرەیتەر، بەخشەرەكە لەسەر ئەو ئامێرەیە و خوێنەكە رادەكشێت و لەناو خۆیدا پلازماكە جیا دەكاتەوە و بەشەكانی دیكە دەگەڕێنێتەوە ناو جەستەی بەخشەرەكە، واتا خڕكۆكەكان دەگەڕێنەوە ناو جەستەی بەخشەرەكە و ماوەی ٤٥ خوولەكیش دەخایەنێت". 



هەموو كەسێك ناتوانێت پلازما ببەخشێت ئەوانەیشی دەتوانن بیبەخشن دەبێت پێشتر لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی چارەسەری كۆرۆنا، بەڵگەنامەی پێویستی هەبێت كە تووشی كۆرۆنا بووە و چاكبووەتەوە، ئینجا بانكی خوێن دەتوانێت پلازماكەی لێ وەربگرێت و سەبارەت بە مەرجەكانی پلازما بەخشینیش، هونەر عومەر دڵپاك وتی: "ئێمە هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی خۆپارێزی، دەبێت ئەو كەسانەی پلازما دەبەخشن لە رێگای ئەو شوێنانەوە سەردانمان بكەن، بە پێچەوانەوە ناتوانین پلازمای لێ وەرگرین، هەروەها مەرجە ماوەی چاكبوونەوەی نەخۆشەكە لەگەڵ بەخشینی پلازماكە، ١٤ رۆژ كەمتر نەبێت". 

بەڕێوەبەرایەتی بانكی خوێنی هەولێر، ئەگەرچی شوێنێكی مەترسیدارە بەهۆی ئەوەی كارمەندی شوێنەكە زۆرترین بەركەوتەیان لەگەڵ نەخۆشییە گوازراوەكاندا هەیە و رۆژانە چەندین كەس بە مەبەستی پلازما یان خوێنبەخشین سەردانی ئەو ناوەندە دەكەن و بەڕێوەبەری پزیشكیی، هونەر عومەر دڵپاك رایدەگەیەنێت كە لە میانی داواكارییەكانی نەخۆشخانەی كۆرۆنا بۆ پلازما، تا ئێستا ٣٢ بەخشەری پلازمایان وەرگرتووە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هیچ كێشەیەكی كەمیی پلازما لە بانكی خوێندا نیە.



بڕی پلازما بەپێی كێش و قەبارەی كەسی بەخشەر جیاوازە و هەر نەخۆشێكیش پێویستی بە بڕی ٢٠٠ میلی لیتر پلازما هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە دۆخە تەندروستییەكە دەربازی بێت و لەمبارەیەوە دكتۆر هونەر عومەر دڵپاك گوتی: "هەر نەخۆشێك پێویستی بە ٢٠٠ ملل پلازما هەیە و لانیكەم ٤٠٠ ملل پلازما لە هەر كەسێك وەردەگرین، ئەگەر بەخشەرەكە جەستەیەكی گەورە و باڵایەكی بەرزی هەبێت دەتوانرێت زیاتری لێ وەربگیرێت، هەر نەخۆشێك پێویستی بە ٢٠٠ ملل پلازما هەیە، واتا ئەگەر ٦٠٠ ملل پلازما لە كەسێك وەرگرین، ئەوا دەتوانین بیدەین بە سێ نەخۆش".

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە ھەرێمی كوردستان لەبارەی فرۆشتنی پلازمای خوێن بە تووشبوانی كۆرۆنا رایگەیاند كە وەرگرتنی پارە بەرامبەر بەخشینی پلازما حەرامە و بەڕێوەبەری پزیشكیش لە بانكی خوێن جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر هەر حاڵەتێكی مامەڵەكردن هەبێت ئەوا رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر و لەمبارەیەوە گوتی: "مامەڵەكردن بە پلازما ناگاتە لای ئێمە، بەڵام بە دڵنیایییەوە ئەگەر ئێمە هەستی پێبكەین ئەوا وەك تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین و رێكارەكانی بەرامبەر دەگرینەبەر و داوای لەسەر تۆمار دەكەین و دەردرێتە دادگا، ئەگەر هەر مامەڵەیەك كرابێت ئەوا هەڵەی كەسوكاری نەخۆشەكەیە، چونكە پلازما دەست دەكەوێت و خەڵكێكی زۆر دێن پلازما دەبەخشن و بە هیچ شێوەیەك كێشەی كەمی پلازما نییە".

هەر كەسێك دەتوانێت لە ساڵێكدا چەند جارێك پلازمای خوێن ببەخشێت و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پزیشكیی لە بەڕێوەبەرایەتی بانكی خوێنی هەولێر، هونەر عومەر دڵپاك دەڵێت: "هەر كەسێك دەتوانیت لە ساڵێكدا ٢٥ لتر پلازما ببەخشێت، بەڵام نابێت نێوان هەردوو بەخشین هەفتەیەك كەمتر بێت، ئەگەر بەخشینەكەش گەیشتە ٢٥ لتر، ئەوا ناتوانێت ئیتر پلازما ببەخشێت تا دەگاتە ساڵێك و دواتر دەتوانێت دەست بە بەخشین بكاتەوە".



لە بانكی خوێندا ئەگەر كەسێك زیاتر لە ٢٠٠ ملل پلازمای لێ وەربگیرێت، ئەوا دەكرێت بە دوو یان سێ بەشەوە بە شێوەیەكی داخراو و تەندروست، بۆ ئەوەی زیاتر لە یەك كەس سوودی لێ ببینێت و لەبارەی تێكچووی وەرگرتنی هەر پلازمایەك، بەڕێوەبەری پزیشكی لە بەڕێوەبەرایەتی بانكی خوێنی هەولێر گوتی: "بۆ هەر پلازمایەك سێتێكی نوێ دەخرێتە ناو ئامێرەكەوە، بۆیە تێچووی وەرگرتنی هەر پلازمایەك كە تەنها سێتێك بە ٣٥٠ هەزار دینارە و بە گشتی ٥٠٠ هەزار دینار تێچووی یەك وەرگرتنە".

هەموو ئەو كەسانەی بە مەبەستی بەخشینی پلازما سەردانی بانكی خوێنیان كردوو، رەگەزی نێر بوون و لەبارەی جیاوازی رەگەزیشەوە بۆ بەخشینی پلازما، هونەر عومەر دڵپاك گوتی: "بۆ بەخشینی پلازما، رەگەزی نێر گونجاوترە، رەگەزی مێ ئەگەر دووگیان نەبووبێت دەتوانرێت وەریگرین، بەڵام ئەگەر ئافرەتێك دووگیان بووبێت لە رابردوو، ئەوا ناتوانین وەریگرین چونكە لەكاتی دووگیانییدا هەندێك تێكەڵاوی لەنێوان دایك و كۆرپەلە دروست دەبێت و ئەمەیش كاریگەری لەسەر تەندروستی كەسەكە دروست دەكات".   

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن