وادەی دەستپێكردنەوەی بەستنی پێوەری زیرەك بۆ ماڵان ئاشكرا دەكرێت

ئابوری

11/07/2020     ژمارەی بینراو 287

راچڵەكین-

وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەم مانگەدا دەست بە بەستنی پێوەری زیرەكی ماڵان دەكرێتەوە و تەنیا چارەسەریش بۆ بەفیڕۆنەچوونی كارەبا ئەو پێوەرەیە و دەشڵێت: ئێستا رۆژانە 14 بۆ 15 كاژێر كارەبا بە هاونیشتمانییان دەدرێت. 
 
كەمال محەممەد، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "لە هەرێمی كوردستان 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا هەن، كۆی توانای وێستگەكان دەگاتە شەش هەزار و 737 مێگاوات، بەڵام ئەوانەی لە كاردان لەنێوان 2800 بۆ 2900 مێگاوات بەرهەمدەهێنن".
  
وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دەدات و دەڵێت: "ئەو رێژەیەی بەرهەمدێت 42% بۆ 45٪ـە، پرسیار ئەوەیە بۆچی ئێمە توانای بەرهەمهێنانی شەش هەزار و 737 مێگاواتمان هەیە بەڵام 2800 بۆ 2900 مێگاوات بەرهەمدەهێنن؟ وەڵامەكەشی ئەوەیە ئەو سووتەمنییەی بۆ ئەو وێستگانە پێویستن لەبەردەستی ئێمەدانین، هاوكات بەهۆی خراپی رەوشی داراییەوە نەتوانراوە ئەو بڕە سووتەمەنییە دابین بكرێت كە بۆ كارپێكردنی وێستگەكان پێویستن".
 
كەمال محەممەد، ئاماژە بەوەش دەدات، كە ئەوان پلانی ئەوەیان هەیە جیا لە سووتەمەنی سەرچاوەی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاربهێنن و گوتی، پلانمان هەیە هەندێك سەرچاوەی دیكە بهێنینە ناو تۆڕی گشتی كارەبای هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی پشت بە سووتەمەنی نەبەسترێت، "هەر بۆ ئەو مەبەستەش توانیومانە لە مانگی 10ـەوە تاوەكو مانگی 2، هەزار و 540 مێگاوات كارەبا لە رێگەی گرێبەستێكەوە دابین بكەین، 500 مێگاوات لەگەڵ كۆمپانیای كار لە رێگەی هەڵمەوە، ئەو هەڵمەی لە وێستگەكان دەردەچێت بەو هەڵمە 500 مێگاواتی دیكەی لێبەرهەم دەهێنین، بە هەمان شێوە 500 مێگاواتی دیكە لەگەڵ كۆمپانیای قەیوان لە بازیان بە هەمدەهێندرێت، هەروەها 300 مێگاواتی دیكە لە رێگەی ئاوەوە كە لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئوسترالی گرێبەستمان كردووە، كە 50 مێگاوت لە گەرمیان و 50 مێگاوات لە راپەڕین و 100 مێگاوات لە سۆران و 100 مێگاواتی دیكەش لە زاخۆ بەرهەمدەهێندرێت".
 
كەمال محەممەد سەبارەت بەو غازەی لە گەرمیان دەسووتێت وتیشی، بە بەكارهێنانی ئەو غازەی لە گەرمیان دەسووتێت بڕی 165 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێندرێت، "بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستێكمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی ئەنجامداوە، هەروەها لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لە سەر سێ وێستەگەی 25 مێگاواتی دراوە لە دهۆك و هەولێر و سلێمانی، ئێستا لە قۆناخی تەندەرینگدایە، بە ئومێدین لە ماوەیەكی نزیكدا ئەوانیش یەكلا ببێتەوە".
 
لەبارەی جیاوازی ئەو بڕە كارەبایەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت بەراورد بە رابردوو، كەمال محەممەد، دەڵێت، لە مانگی 7ی 2018 تاوەكو مانگی 7ی 2019، دوو هەزار و 335 مێگاوات كارەبا دابەشكراوە، بەو بڕە كارەبایە رۆژانە 14 كاژێر و 26 خولەك كارەبا بە هاونیشتمانیان بدرێت، بەڵام لە مانگی 7ی 2019 و تاوەكو مانگی 7ی 2020، بڕەكە بۆ دوو هەزار و 493 مێگاوات زیادیكردووە بەو بڕە كارەبایەش رۆژانە 16 كاژێر و 35 خولەك كارەبا بە هاونیشتمانیان دراوە، واتە دوو كاژێر و 15 خولەك كارەبامان زیاتر دابەشكردووە. ئێستاش پێدانی كارەبا رۆژانە لەنێوان 14 بۆ 15 كاژێرە ئەویش بەهۆی ئەوەی خواستێكی زۆر لەسەر كارەبا هەیە.
 
سەبارەت بە پرسی بەستنی پێوەری زیرەك و چارەسەركردنی ئەو كارەبایەی بە فیڕۆ دەچێت، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: "چارەسەر بۆ ئەو كارەبایەی بە فیڕۆ دەچێت دانانی پێوەری زیرەكە". دەشڵێت: "لە مانگی 11ی 2017 گرێبەستی بەستانی پێوەری زیرەك ئەنجامدرابوو، بەڵام وەكو پێویست كار لەسەر ئەو گرێبەستە نەكرابوو، ئەویش لەبەر چەندین هۆكار." بە گشتی لە هەرێمی كوردستان 253 هەزار هاوبەشی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەسراوە، "لە مانگی 9ی 2019 تاوەكو مانگی دوو زۆر بەرەوپێش چوون، كە مانگانە 50 تاوەكو 75 هەزار پێوەرمان دادەنا، بەڵام لە مانگی دووەوە ئەو كۆمپانیایەی لەگەڵ ئێمە كاری دەكرد لەبەر بابەتی كۆرۆنا كشانەوە، لەوكاتەوە تاوەكو ئەمڕۆ فڕۆكەخانەكان نەكراونەتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێنەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە هەموو پێوەرەكان هاتوون، پشتیوان بە خودا لەو مانگەدا دەست بە بەستنی پێوەری زیرەك دەكرێتەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن