مستەفا كازمی: پلانێكی باشمان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دەروازە سنوورییەكان دارشتووە

عێراق

13/07/2020     ژمارەی بینراو 977

راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، پلانێكی باشیان بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی تیایاندا ئامادەكردووە.

بوونی گەندەڵیی لە دەروازە سنوورییەكانی عێراق یەكێكە لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی كە هەوڵدراوە لە خولی پێشوو و ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەراندا یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دۆسێیە یەكلایی نەكراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەروازە سنوورییەكان لە پارێزگاكانی باشووری عێراق لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی شیعەوە كۆنترۆڵ كراون.

بەهۆی ئەوەی كە ژمارەیەك لە دەروازە سنوورییەكانی عێراق لەژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارەكانی شیعەدان، ماوەی چەندین ساڵە گەندەڵییەكی زۆر لەو دەروازە سنوورییانەدا دەكرێت كە بە ملیارەها دۆلار دەخەڵمێندرێت.

بەرپرسانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن كە بەهۆی بوونی گەندەڵیی لە دەروازە سنوورییەكاندا، شەش تا هەشت ملیار دۆلار، ساڵانە زیان بە عێراق دەگات.

لەئێستادا مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، تەواوی هەوڵەكانی بۆ دەرهێنانی دەراوزە سنوورییەكان لەژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارەكانی شیعە خستووەتەگەڕ و بۆ ئەو مەبەستەش وەك خۆی دەڵێت:" پلانێكی باشی داناوە."

كازمی رایگەیاندووە، پلانێكی باشیان داناوە بۆ ئەوەی سەرجەم دەراوزە سنوورییەكانی وشكانیی و دەریایی بخرێنە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتەوە و داوایشی لە هەموو لایەك كردووە كە هاوكاری بكەن لە سەرخستنی پلانەكەی.

دەشڵێت، ئامانج لە دانانی پلانەكە بۆ ئەوەیە لەمەودوا، داهاتی دەراوزە سنوورییەكان بەهەدەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجینەی وڵات.

بۆ چەندین جار مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە دامەزراوەكانی وڵاتدا، هیچ كەمتر نییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆیە پێویستە لە سەرجەم دامەزراوەكاندا كاربە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بكرێت، چونكە ئەوە یەكێكە لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، دەروازە سنوورییەكانی مەندەلی و مونزرییە لە سنووری پارێزگای دیالە بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێراندا كرانەوە و هێزێكی زۆری ئەمنیی لەو دوو دەروازەیەدا بڵاوكرانەوە.

لەئێستادا بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و راوەدوونانی گەندەڵكاران لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكاندا دەسەڵاتی زیاتر بە بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەكان دراوە، هاوكات هێزە ئەمنییەكان لە دەرەوازە سنوورییەكاندا خراونەتە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرانی دەرەوازە سنوورییەكانەوە

لەلایەن خۆشییەوە، لیوا خالید مەحننا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، رایگەیاندووە،  هێزێكی زۆری ئەمنیی لە دەروازە سنوورییەكان بڵاوكراونەتەوە و رووبەڕووی گەندەڵكاران دەبنەوە بە ئامانجی ئەوەی لەمەودوا داهاتی دەروازە سنوورییەكان بەهەدەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت.

ژمارەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، 22 دەروازەیە لەنێویاندا زرباتییە، شەلامچە، مونزرییە و شیب لەگەڵ ئێران، سەفوان لەگەڵ كوێت، ترێبيل لەگەڵ ئوردن، وەلید لەگەڵ سووریا، عەرعەر و عەرعەری نوێ لەگەڵ سعوودیە.

مستەفا كازمی هەوڵدەدات بە كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان چەند ئامانجێك بپێكێت لەوانە، دوورخستنەوەی گرووپە چەكدارەكانی شیعە لە دەروازە سنوورییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە دەروازە سنوورییەكان، گەڕانەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ گەنجینەی دەوڵەت و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی كە لەئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرەوڕووی عێراق بووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن