محەمەد عەللاوی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

عێراق

19/02/2020     ژمارەی بینراو 265

محەمەد عەللاوی

راچڵەكین

 محەمەد عەللاوی لە پەیامێكدا داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات رۆژی دووشەممەی داهاتوو كۆبێتەوە بۆ متمانە بەخشین بە كابینەكەی، راشیدەگەیەنێت: قۆناغێكی نوێ لەعیراق دەستی پێكردووەو ئەگەر ئەم حكومەتە پێكنەهێنرا، نیشانەی ئەوەیە كە هەندێ لایەن دژی پرۆسەكەن.

سەرۆكی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، لەو پەیامەیدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ 19-2-2020 لەرێگەی كەناڵی بینراوەوە بڵاویكردەوە، رایگەیاند: قۆناغێكی نوێ لە وڵات دەستیپێكردووەو كابینەی نوێی حكومەتیش لە كەسانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون پێكدێت و حكومەتی هەموو عێراقییەكان دەبێت.

عەللاوی هۆشداریشیدا لە گەڕانەوەی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی بەشێوەیەكی فراوانتر ئەگەر بەزوویی حكومەت پێكنەهێنرێت، وتی: لێكۆڵینەوە لەهەموو ئەو كەسانە دەكەین كە هێرشیان كردبووە سەر خۆپیشاندەران و سزایان دەدەین.

راشیگەیاند: كار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان دەكەین و خواستەكانی هاوڵاتیانیش لەرێگەی حكومەتێكی سەربەخۆو بێلایەن بەدی دەهێنین.

محەمەد عەللاوی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كرد، رۆژی دووشەممەی داهاتوو كۆببێتەوەو متمانە بە كابینەكەی ببەخشێت، هۆشداری ئەوەشیدا لەئەگەری پێكنەهێنانی كابینەی حكومەتەكەی، نیشانەی ئەوەیە كە هەندێ لایەن دژی پرۆسەكەن.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن