هاووڵاتییەکی سلێمانی پلازمای خوێن بە سێ گەنج لەسێ نەتەوەی جیاواز دەبەخشێت

ڕاپۆرت

17/07/2020     ژمارەی بینراو 456

راچڵەکین-

کاتکۆ ٨:٠٠ بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ئەحمەد لەسلێمانییەوە بەرەو شاری کەرکووک بەڕێ دەکەوێت و دەیەوێت بەزوترین کات بگاتە بانکی خوێن لەکەرکووک و پلازمای خوێنی ببەخشێت.

لەکەرکووکیش سێ ھاووڵاتی کە یەکێکیان عەرەب و ئەوی دیکە تورکمان و ھاوڵاتییەكیش کوردە چاوەڕوانی گەیشتنی ئەحمەد بوون بۆ ئەوەی پلازمای خوێنیان پێ ببەخشێت.

ئەگەرچی ھەمیشە کاردەکرێت بۆ ئەوەی پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەکانى کەرکووک کاڵ بکرێتەوە و کەلێن بکەوێتە نێوان ھاوڵاتییانی نەتەوە جیاوازەکانەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا نموونەی پێکەوە ژیان و تەبایی و گیانی یارمەتی گەنجانی نەتەوە جیاوازەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە پێکەوە ژیانی نێوان نەتەوەکان ڕۆژ بەڕۆژ قوڵتر دەبێت.

مانگی پێشوو ئەحمەد محەمەد تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبێت و ڕۆژی یەکی ئەم مانگەش چاک دەبێتەوە و رزگاری دەبێت لەڤایرۆسەکە و بەپێی رێکاری تەندروستی دوای دوو ھەفتە لەچاکبوونەوەی ڕێگە پێ دەدرێ پلازمای خوێنى ببەخشێت. بۆیە یەکەم بەخشینی پلازمای بۆ سێ ھاووڵاتی شاری کەرکووک بوو کە لەڕێی ھاوڕێی خۆى ئەو سێ خێزانەی ناسیووە و لەبانکی خوێن لەکەرکووک پلازمای پێ بەخشین. 

ئەحمەد دەڵێت ئامانجی ئەو ئەنجامدانی کارێکی مرۆڤانەیە و دوور لەبیرکردنەوەی حزبی و قەومی و شارچێتی و داوا لەخەڵکی دەکات کە بەو سنگ فراوانی کار بکەن و ببەخشن.

ئەحمەدی تەمەن سی ساڵان دەڵێت ئامادەی پلازما بەخشینە بۆ ھەر کەسێک لەھەر شار و لە شوێنێک بێت ئەو دەشڵێت ھەست بەئاسودەیی دەکات کە ببێتە ھۆکاری چارەسەری خەڵکی.

پاش ١٤ کاتژمێر مانەوە لەنەخۆشخانە و بانکی خوێن ئێوارەی ھەمان ڕۆژ گەڕایەوە شاری سلێمانی بەڵام وانەیەکی جوانی پێکەوەژیانی بەخشیە کەرکووک و ھەموو جیھان چونکە بەر لەبەخشینی پلازما بەو سێ کەسە لەپێشوتردا نەیانی ناسیووە تەنھا لەکاتی بەخشینەکەدا یەکتریان ناسی.

حسین نوری ئەو ھاووڵاتییە تورکمانەیە کەبەر لەدە ڕۆژ تووشی کۆڕۆنا بوە و ئەمڕۆیش پلازمای خوێنی لەئەحمەد وەرگرتوە، حسین ئەو دەستپێشخەریەی ئەحمەد بەھەنگاوی گرنک و جوان دادەنێت و دەڵێ ئەمە نیشانەی مرۆڤایەتی ڕاستەقینەیە و سوپاس بۆ ئەوەی لەڕیەکی درورەوە ھاتە کەرکووک بۆ ھاوکاریکردنیان و بەخشینی پلازمای خوێن بە ئێمە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن