پزیشکی بێھۆشکار..ئەو سەربازە وونەی ھەمیشە تاوانبارە

تەندروستی

19/02/2020     ژمارەی بینراو 1065

د. ھەڤین کمال

ڕاچڵه‌كین-
(نەخۆشێک نەشتەرگەری بۆ کراو و لەژێر بەنجەکەدا مرد، نەخۆشێک لە دوای وەرگرتنی بەنج شێت بوو، نەخۆشێک بێھۆشکاری وەرگرت و تا ئێستاش بێھۆشە ) . ئەم سیناریۆیانە ساڵانە دووبارەو سێبارە دەبێتەوە لە ووڵاتی ئێمەدا و ھەموو جارێکیش پەنجەی تۆمەت لە لایەن ڕاگەیاندنەکان و کەسوکاری نەخۆشەوە ئاراستەی پزیشکی پسپۆڕی بێھۆشکاری دەکرێت و تۆمەتبار دەکرێت ، زۆربەی جاریش ھیچ ھەڵەیەکی پزیشکی لە ئارادا نەبووە .

گیان لە دەستدان لەژێر بەنجی گشتیدا ئەگەری ڕوودانی ھەیە لە ھەموو جیھاندا و ڕێژەیەکی زانستی ھەیە کە لە کۆندا( ١ بۆ ھەر٠٠٠ ١٠ کەس ) بووە ، خۆشبەختانە لە ئێستادا بەھۆی پێشکەوتنی زانستی بێھۆشکاری و پێشکەوتنی ئەو ئامێرانەی کەبەکاردێت ئەم ڕێژەیە کەمبۆتەوە بۆ (١ بۆ ھەر ٠٠٠ ١٠٠ نەخۆش ) .

ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کەلەوانەیە بە بێ ھیچ ھەڵەیەکی پزیشکی نەخۆش گیان لەدەستبدات لە ژێر بێھۆشکاری گشتیدا ، بۆیە زۆر گرنگە نەخۆش زانیاری تەواوی ھەبێت لەسەر بێھۆشکاری گشتی و مەترسی و ئاکامە خراپەکانی چۆنیەتی خۆحازرکردن بۆیی و بەھەندی وەربگرێت ئەو خۆحازرکردنە و ھەر دڵەڕاوکێیەکی ھەبێت بەرامبەر بەنجی گشتی و نەشتەرگەری قسە لەگەڵ پزیشکەکەی خۆیی بکات تا بۆی ڕوون بکاتەوە .

لە لایەکی ترەوە ، ئەوەی لەسەر پزیشکی بێھۆشکار پێویستە بیکات ئەوەیە کە دەبێت ھەموو پشکنینەکان بەپێی زەروورەت بۆ نەخۆشەکان بکات و کاتێکی تەواویان باتێ بۆ ئاخافتن و تێیان بگەیەنێت ھەموو مەترسیەکان و ڕێژەکەی بەپێی نەخۆشەکە ، لەدوایدا ئیمزای ڕازیبوونیان لێوەرگرێت .

پزیشکی بێھۆشکار لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا سەربازێکی وونە، بە مەرجێک تەنیا پزیشکێکە کە بەنەبوونی ئەو ھەموو جۆرە نەشتەرگەریەک دەوەستێت و ناتوانرێت ئەنجام بدرێت. لەھەموو جیھاندا یەکێکە لەو پسپۆڕیانەی کە زۆرترین مووچە وەردەگرن، ئەویش بە ھۆی ئەو لێپرسراوێتییە زۆرەی لەسەر شانێتی و ئەو ناڕەحەتی و سترێسە دووچاری دەبێت لەکاتی ئیشەکەیدا ، ھەر ئەمەشە وایکردووە لەھەموو جیھاندا بە گشتی و لە لای ئێمە بە تایبەتی ژمارەی پزیشکی بێھۆشکار زۆر کەمە، وزۆربەی پزیشکەکان سڵ دەکەنەوە لە ھەڵبژاردنی ئەو پسپۆڕییە بەھۆی ئەگەری ئەو کێشانەی لەوانەیە تووشی بێت . لەووڵاتێکی وەکو ئەمریکا یاخود ئەڵمانیا دا کە دەوڵەمەندن و ڕێژەی پزیشکیان زیاترە ،ڕێژەکە (٢٠- ٣٠ پزیشکە بۆ ھەر٠٠٠ ١٠٠ کەسێک ) ، بەڵام لە ووڵاتە ھەژارەکانی وەکو ئەفریکا و ھەندێک بەشی ئاسیا ئەم ڕێژەیە کەمدەبێتەوە بۆ ( ١ پزیشک بۆ ھەر٠٠٠ ١٠٠ کەسێک) ، لەھەندێک ووڵاتی وەکو سۆماڵ و ناوەڕاستی ئەفریکا ڕێژەکە سفرە و تەنیا یاریدەری بێھۆشکار ھەیە لەو ناوچانەدا ، ئەوەی شایەنی باسەئەم ڕێژانە زۆر ڕێژەیەکی کەمن بەرامبەر پسپۆڕیەکانی تر ، ئەویش تەنیا لەبەر ئەو ماندووبوون و فشارە دەروونیی و لێپرسراوێتیەی سەر شانی پزیشکانی ئەم پسپۆڕییە . زانینی مەترسییەکانی ھەموو جۆرە بێھۆشکارییەکان بە گشتی و بێھۆشکاری گشتی بە تایبەتی ، بابەتێکی گرنگە و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی تەواو لەسەری بەرپرسیارێتی وەزارەتی تەندروستی و ھەموو پزیشکەکانە . ھەر بۆیە لێرەدا بەکورتی باس لە پۆلێن کردنی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ بێھۆشکاری دەکەم بۆ نەخۆش پێش وەرگرتنی بێھۆشکاری گشتی ، کە ئەویش دەیانکات بە شەش گروپەوە و مەترسییەکانی بێھۆشکاری زیاد دەکات بەپێی زیادبوونی ژمارەکە کە بە پۆلێنی (ASA)ناسراوە :

1-  ASA 1 : ئەو نەخۆشانە دەگرێتەوە کەھیچ کێشەیەکی تەندروستیان نیە
٢2- ASA 2: ئەو نەخۆشانە دەگرێتەوە کە نەخۆشییەکی کەمیان ھەیە ، بۆ نموونە کەمێک بەرزبوونەوەی فشاری خوێن ، یاخود شەکرەیەکی کەم یاخود خویەکی خراپیان ھەیە کاریگەری ھەیە بۆ سەر تەندروستی وەکو جگەرەخواردن ، یاخود خواردنەوەی ئەلکھول.
3- ASA 3 : ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکی ، درێژخایەنی توندیان ھەیە وەکو فشاری خوێن ، شەکرە ، نەخۆشیەکانی دڵ ، بورانەوەو پەرکەم ..ھتد
4- ASA 4: ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی توندیان ھەیە کەمەترسی ھەیە بۆ سەر ژیان ، وەکو ھەندێک نەخۆشی دڵ ، ، شەکرەی زۆر ، جەڵتەی مێشک ..ھتد
5- ASA 5: نەخۆشێک کە باری تەندروستی ھێندە خراپە ، کەلەوانەیە نەشتەرگەری بۆ بکرێت یان نا ، لەوانەیە بمرێت .
٦6- ASA 6 : ئەو نەخۆشەی تووشی مردنی مێشک بووە واتە( brain death ) و تەنیا نەشتەرگەری بۆ دەکرێت بۆ سوود بینین لە ئەندامەکانی جەستەیی .

زانینی ئەم پۆلینە زۆر گرنگە بۆ پزیشکی بێھۆشکار و ھەروەھا بۆ نەخۆشیش ، بۆ ئەوەی بزانێت کە ڕێژەی مەترسی بێھۆشکاری گشتی چەندە لەسەری . لە ئێستادا ژمارەی پزیشکی بێھۆشکار لە ووڵاتی ئێمەدا زۆر کەمە لە چاو پسپۆڕییەکانی تر ، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی ئەم بەشە لێپرسراوێتی تری گرتۆتە ئەستۆی و چەندین sub speciality
بۆ زیاد بووە وەکو چاودێری وورد و ئازارشکاندن ، پزیشکی بێھۆشکار ئەرکەکانی ڕوو لە زیادبوونە و ژمارەشیان ڕوو لەکەمبوونە، بەھۆی کەمی وویست بۆ ئەم پسپۆڕییە بەھۆی ئەو لۆد و فشارە دەروونیەی لەسەر پسپۆڕانی ئەم بەشەیە بەھۆی ڕاگایاندنەکان کەزۆربەی جار تۆمەتباریان دەکات و وەکو بکوژ وێنایان دەکات ، لە لایەکی ترەوە ئەو ماندووبوون و ھیلاکیە زۆر و لێپرسراوێتییە قورسەی سەرشانی پزیشکانی ئەم پسپۆڕییە کە ئەویش ژیان ومردنی کەسێکە .

من وەکو پزیشکێکی بێھۆشکار ھیوادارم خەڵک زیاتر زانیاری وەرگرن لەسەر بێھۆشکاری گشتی و ھەموو ترسەکانیان لەگەڵ پزیشکەکان باس بکەن و ھەروەھا ڕاگەیاندنەکانیش ئەمەندە تۆمەتی بێ بنەما بڵاونەکەنەوەو ھەر کەسێک تووشی ئاکامێکی خراپ دەبێت لە ژێر نەشتەرگەری ھۆکارەکەی نەگەڕێننەوە بۆ نەزانی پزیشکەکان و تۆزێک زیاتر زانستییانە مامەڵە بکەن .

ئا: د. ھەڤین کمال شاە محمد
پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن