بۆچی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردن دەکرێت؟

ستایل

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 109

بۆچی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردن دەکرێت؟

ڕاچڵه‌كین-

کاتێك حاڵەتێکی مردن ڕوودەدات ئەوا دەست بەجێ پێویستە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکە بکرێت ، لەوانەیە پرسیار بکرێت لە کاتێکدا کەسە مردووەکە ژیانی بەجێهێشت ئیتر دەبێت سودی چی بێت لێکۆڵینەوە لەهۆکارەکەی؟ راستە خودی مردوەکە سودی لێ وەرناگرێ وە بەم لێکۆڵینەوەیە ناتوانرێت ژیان بۆ کەسەکە بگەڕێتەوە بەڵام لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردن لە پێناوی ژیانی تاکە کان و کۆمەڵگادا.

لێرەدا دەتوانین بڵێین مردن بە گشتی لە چوار جۆر پێك دێت :

یەکەم / مردنی سروشتی :

ئەمەش ئەوەیە کاتێ مرۆڤ ڕۆح لە جەستەیدا نامێنێت و ئەندامەکانی لاشەی لە کارکردن دەکەوێت بەهۆکاری نەخۆشی بێت یان بەبێ هۆکار وە بە شێوەیەکی گشتی بەم جۆرە مردنە دەوترێ مردنی سروشتی.

دووهەم/ کوشتن:

ئەم جۆرە مردنە بریتیە لەو مردنەی کە مرۆڤێك هەڵدەستێ بە کوشتنی مرۆڤێکی تر بە ئەنقه‌ست چ بە پلان بێت یان کتوپڕ بێت و لەئەنجامی کرداری بکەرەکەدا کەسەکەی بەرامبەری ژیان لەدەست بدات.

سێهەم/ خۆ کوشتن

کاتێ کەسێک بڕیار دەدات بە ویست و ئیرادەی کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت ئیتر دەکرێت هەندێک جار هۆکاری نەخۆشی دەرونی بێت یان بێزاربوون بێت لەژیان یاخود ڕووداوێک لەژیانیدا بەسەری هاتووە کە لەتوانا و دەسەڵاتی ئەو کەسەدا نیە بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بێت و بەناچاری بڕیاری کۆتایی هێنان بەژیانی خۆی دەدات .
ئەمەش بە شێوازی جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێت وەک ( خنکان، سوتان ، کوشتن بە دەمانچە ، دەرمان خواردن، خۆ خستنەخوارەوە لەبەرزاییدا .... هتد

چوارەم / مردن بە هۆی ڕووداوێکەوە

ئەمەش هەندێک جار مردنەکە لەئەنجامی ڕوداوێکی سروشتیدا دەبێت یان ڕووداوێکی مرۆیی و دەستکردی مرۆڤ .

بۆ نموونە ڕووداوی سروشتی وەك لافاو ، بومەلەرزە ، هەورە بروسکە، ئاگرکەوتنەوە، یان پەلاماردان لەلایەن ئاژەڵی دڕەندەوە ..... هتد..

یان ڕووداوی دەستکردەی مرۆڤ کە بە بێ مەبەست بوبێت کە دەبێتە هۆی مردنی کەسەکە وەك ڕووداوی ئۆتۆمبێل یان لە کاتی وەرزش کردنێك یاخود هەڵەیەک لە شوێنی کار کردن هتد....

پ/ کەواتە بۆچی گرنگ و پێویستە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردن بکرێت ؟

یەکەم/
گرنگە بۆ کەسوکاری مردوەکە کە بزانن هۆکاری لەدەستدانی مردوەکەیان چیە . ئایە بەهۆی ڕوداوێکەوە بووە یان نەخۆشی بووە یان خۆکوژی یاخود کوژراوە . ئەمەش دواتر دەنوسرێت لەسەر شەهادەی مردنەکەی کە لەڕێگای ڕاپۆرتێکەوە کە پزیشکی دادی پێی هەڵدەسێت و هۆکارەکەی تۆمار دەکرێت.

دووهەم/
ئەگەر هاتوو جۆری مردنەکە بە هۆی کوشتنی بە ئەنقەست بوو ، ئەو کات پێویستە بەڵگەو زانیاری زیاتر کۆبکرێتەوەو پەڕاوی لێکۆڵینەوی بۆ دروست بکرێت و ڕەوانەی دادگا دەکرێت بەمەبەستی دۆزینەوەی بکەری تاوانەکەو وە تاوانباریش بەسزایی یاسای خۆی بگات و دادپەروەری بچەسپێت.

سێهەم/
هەندێک جار دەکرێت بەهەڵە گومان لەکەسێک بکرێت کە دەستی هەبووە لە کوشتنی کەسێکی تردا ، لەم کاتەدا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەڵگە ڕەوانەی دادگا بکرێت بۆ سەلماندنی بێ تاوانی ئەو کەسەی کە تۆمەت بار کراوە بە کوشتنی کەسەکە.

چوارەم/

زانینی هۆکاری مردنی کەسێکی نەخۆش لە نەخۆشخانە کە لەژێر چاودێری پزیشکدایە بۆ ئەوەی کە بزانرێ ئایە نەخۆشەکە بەهەڵەی پزیشکی مردوە یاخود بەهۆی کەمتەرخەمی و چارەسەری هەڵەوە بووە بۆ ئەوەی ڕێگا بگیرێت لە دووبارە نەبوونەوەی هەڵەی پزیشکی و گێڕانەوەی متمانە لە نێوان نەخۆش و پزیشکدا.

پێنجەم/

هەندێ جار هۆکاری مردنەکە بە هۆی ڤایرۆسێك یان نەخۆشی و پەتایەکی گوێزراوە دەبێت کە ئەمەش وا دەکات ئەگەر لێکۆڵینەوە لەهۆکاری مردنەکە نەکرێت ئەوا دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە لەکۆمەڵگاداو ژیانی سەدان و هەزاران کەسی تر دەخاتە مەترسیەوە ، بۆ نموونە ( ڤایرۆسی کۆرۆنا ) یان هەر نەخۆشیەکی گوازراوەی تر بێت .

شەشەم/

یاخود هەندێک جار بە هۆی بەکار هێنانی چارەسەرێک یان دەرمانێكەوە دەبێت و کە ئەمەش وا دەکات دەرمانەکە زیانی لە سودی زیاتر بێت ببێتە هۆی مردنی کەسەکە بۆیە لێرەدا لێکۆڵینەوە دەکرێ کە لە داهاتوو ئەو دەرمانە یان قەدەغە بکرێ و لە کۆمەڵگادا بەکار نەهێنرێت یاخود ڕێگای چارەی تر بدۆزرێتەوە بۆ ئه‌وەی زیانەکانی کەم بکرێتەوە.

لێرەدا وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد کە زۆر گرنگە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردن بکرێت و بتوانین حاڵەتی لەدەستدانی مرۆڤەکان لەکام جۆرەو بەکام هۆکارە چونکە هەر یەک لەو حاڵەتانە کاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر تاک و کۆمەڵگا و دەبێتە هۆی چەسپاندنی دادپەروەری و دروستکردنی متمانەی خەڵک بەدامودەزگاکانی دەوڵەت و کەمکردنەوەی ئه‌و ڕووداوە نەخوازراوانەی کە لەکۆمەڵگادا ڕووده‌دەن.

ئا: پارێزەر / پروشە قەلەندەر کەسنەزانی
ماستەر لە لێکۆڵینەوەی تاوان / بەریتانیا

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن