فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێرە

ڕاپۆرت

15/11/2020     ژمارەی بینراو 521

راچڵەكین-AA

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی "جووتیارە نموونەییەكەی" هەڵەبجە و بەشداری ژمارەیەك لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان، لەژێر دروشمی "هەنگاونان بۆ بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆیی"، فێستیڤاڵی هەنار لە پاركی شانەدەر لە هەولێر كرایەوە.

لە فێستیڤاڵەكەدا جگە لە هەنار، چەندین بەرووبوومی دیكەی خۆماڵی نمایشكراون، هاوكات بەشێكی فێستیڤاڵەكە تەرخانكراوە بۆ نمایشكردنی كارە دەستییەكان و كارسازان بە گرنگییەوە باس لە بەشداریكردنییان لە فێستیڤاڵەكە دەكەن و پێیان وایە ئەمە هەنگاوێكە بۆ بە بازاڕكردن و رەخساندنی هەل یكار بۆ گەنجان.

ئازاد محەمەد كە بە "جووتیارە نموونەیەكە" ناسراوە، ئەوە دەخاتەڕوو كە چەندین بەرهەم و بەرووبوومی خۆماڵییان نمایشكردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە بەرهەمە خۆماڵییەكان ئاشنابن.


ئازاد محەمەد

 

ئازاد محەمەد، دەڵێت: "ئامانجمان ئەوە بوو كە ئەو بەرووبوومە جوانە نمایش بكەین، كۆمەڵێك بەرووبووممان هێناوە كە تۆوەكەی لە وڵاتانی ئەورووپاوە هەیە لە زەنجەبیل، زەردەچەوە، شەش جۆر لە كدو كە لە كوردستان ناوازەیە، حەزمان كرد لەم جۆرە فێستیڤاڵانەدا ئاشنایان بكەین بە جووتیاران كە ئێمە خاوەن خاكێكین كە وەڵامدەرەوە ئێمەی جووتیارە، بۆیە حەزم كرد نمایشی بكەین".

لە فێستیڤاڵەكەدا، سەدان داری سەوز، نزیكەی یەك مەتر بەرز كە تەواو بە گوڵی سوور دەوردرابوو لە شوێنێك دانرابوو كە ئەم دارە بووبووە سەرنجی ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی ئەو شوێنەیان دەكرد، لەبارەی جۆر و تایبەتمەندی دارەكە، ئازاد محەمەد وتی: "ئەمە چای تایبەتە، گوڵی كۆجاراتە، ئەمە موتوربەی بامییەم كردووە، هەم چای و هەم بامیەیە، تامێكی خۆشی هەیە و بۆ چەندین نەخۆشی بە سوودە".

ئەو ئاماژە بەوەش دەكات كە ٤٠٠ تۆن هەناریان لە ساردخانە داناوە و بەشێكی كەمیان هێناوەتە فێستیڤاڵەكە و ئەوەش دەخاتەڕوو كە نایەوێت فێستیڤاڵەكە بە بازرگانی بكات و گوتی: "دوو لۆری هەنارم بۆ گۆڕەپانی فێستیڤاڵەكە هێناوە، نزیكەی ٤٠٠ تۆن هەناریشم داناوە لە ساردخانە، نەمویستووە كە بیكەمە بازرگانی بۆیە دوو لۆریمان لێرە نمایش كردووە".



لەبارەی نرخەكانیشیەوە، ئازاد محەمەد وتی: "لە هەڵەبجە كیلۆی هەنار، هەزار دیناریان پێیداوە و هێناومەتە هەولێر و بە هەمان نرخ دەیفرۆشینەوە بۆ ئەوەی هەموو كەس بتوانێت بیكڕێت و بەرهەمەكانمان ببینن، جگە لەوەش، ئێمە كۆمەڵێك گەنجمان هەیە رەنگە بەرووبوومی خۆمان نەناسێت و بەم جۆرە فێستیڤاڵانەدا وا دەكات كە گەنجەكان بەرهەمەكان بناسن، هاوكات ئەمەش پاڵپشتییەكە بۆ كەرتی كشتوكاڵ و برا جووتیارەكان".



یەكێك لەوانەی كە ژمارەیەك كاری دەستی نمایشكردووە ئاماژە بەوە دەكات كە خەڵك زیاتر حەز بەشتی فۆلكلۆر دەكات و ئەوەش دەخاتەڕوو كە بیرۆكەی دروستكردنی كەلوپەلەكان بیرۆكەی خۆیانە و بەپێی خواستی خەڵكیش دەتوانن شت دروست بكەن.

كارساز، گەشبین عەبدولرەزاق كە ماوەی سێ ساڵە ئەو كارە دەكات وتی: "ماوەی دوو ساڵە بەشداری لەم فێستیڤاڵانە دەكەم و ئێمە كاری دەستی دەكەین، بەتایبەت ئێستا خەڵك گەڕاوەتەوە سەر شتی فۆلكلۆر و شتی كۆن و حەزی بەو كەلوپەلانەكە كە گوزارشت لە ساڵانی رابردوو دەكەن، بیرۆكە و دیزاینەكە بۆخۆمان دایدەنێین".



ئاوارە حەمەڕەشید كە ماوەی چوار ساڵە ئەو دار و تەختە كۆنانە كۆدەكاتەوە كە لە خەڵك فڕێیداون و ئەم نوێیان دەكاتەوە و چەندین شتی جیاوازی لێ دروست دەكات.

ئاوارە حەمەڕەشید لەبارەی جۆری كارەكەی و بەشداری لە فێستیڤاڵەكەدا، وتی: "ماوەی چوار ساڵە كاری دەستی دەكەم و چەند جارێك بەشداری فێستیڤاڵم كردووە، كارەكانی ئێمە زیاتر ریسایكلینن، واتا دار و تەختەی كۆن كۆدەكەمەوە و دووبارە نوێیان دەكەمەوە، دارەكان چەند جۆرێكن و هەموویان بۆ كارەكانمان بەكار دێن، خەڵك زیاتر خواستی لەسەر شتی فۆلكلۆر هەیە و منیش بەزۆری ئەو شتە فۆلكلۆرییانە دروست دەكەم كە خەڵك حەزی پێ دەكات".



ئاوارە حەمەڕەشید دەشڵێت "كڕیارمان زۆر باشە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكارە تەندروستییەكان، رێژەی سەردانیكاران بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمتر بووە و ئەمەش كاریگەری لەسەر خودی فێستیڤاڵەكە هەیە".

فێستیڤاڵی هەنار ماوەی دوو رۆژ لە شاری هەولێر دەخایەنێت، رۆژانە لە كاتژمێر نۆی بەیانی تا ١٠ی شەو كراوەیە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بكەن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن