کەریم شەریف قەرەچەتانی‌ کەی‌ دەمرێت؟

کەلتوور

18/11/2020     ژمارەی بینراو 2675

کەریم شەریف قەرەچەتانی


ڕاچڵه‌كین-

ئێمە فێرین بکێشین بەڕانماندا بۆ لەدەستدانی‌ کەسێکی‌ گرنگ، ئێمە حەزمان لەوەیە بڵێین مەخابن قەدرمان نەزانی‌، شێت و شەیدای‌ ئەوەین دوای‌ مردن شین و شەپۆڕیان بۆ بکەین، سەر بۆ گۆرانیەک با دەدەین کە دەڵێت (لەپاش مەرگم چ فایدەیە بێیە سەر قەبرم لەبۆ شیوەن) کەچی‌ هەر لە پاش مەرگیان بیرمان دەکەونەوە. 

من بۆ خۆم بۆ تاقە جارێکیش لە نزیکەوە د. کەریم شەریف قەرەچەتانیم نەدیوە، لێ هەمیشە گوێی‌ لێ دەگرم، چۆن چێژ لە گوێگرتن لە د. محەمەد خانی‌ دەبینم، بە نزیکەیی هەمان سود لە د. کەریم دەبینم، ناوێرم بڵێم (پێموایە) ئێستا بووە بە مۆدێل (پێت چۆن بێت) بۆت دائەنێن، ناشمەوێت بڵێم (بەڕیشی کێ ڕەوایە) چونکە وادەزانن لەگەڵ بەڕێز مەلا بەشیرمە، لەکاتێکدا من ئەو مەسەلەی‌ ریشە دروشمێکی‌ خوێندکارانی‌ زانکۆی‌ سلێمانیم بیر دەهێنێتەوە کە دژی‌ بە پارەکردنی‌ خوێندن لە زانکۆی‌ ئایندە دەیانوت (بەڕیشی کێ رەوایە، شەهادە بە گەڵایە) کەچی‌ ئێستا لە زۆربەی‌ زانکۆکان شەهادە بەگەڵایە، ئەوکات زانکۆی‌ ئایندەیان داخست، ئەوەتا ئێستا ئایندەی‌ ئەو کاتەیە، بزانە چی دەگوزەرێت لەو هەموو زانکۆ ئەهلی و حکومیانە!، بەڵام زانکۆیەک هەیە بێ بەرانبەر رۆژانە لە رادیۆ و تیڤی‌ و ف.ب و کەناڵە جیاوازەکانەوە هاوار دەکات و کەسمان گوێی‌ لێ ناگرین. 

د. کەریم بە زمانێکی‌ روون و ڕەوان، بە دەنگێکی‌ ساف و زوڵاڵ لەبارەی‌ هەموو شتێکەوە دەدوێت، ئەگەرچی‌ درێژبڕی‌ لە قسەکانیدا هەیە، کەچی‌ لە دێڕەکان بێزار نابیت، د. کەریم دەیەوێت چاکسازی‌ لە کۆمەڵگادا بکات، دەیەوێت تاک چاک بکات، تاکو کۆمەڵگا چاک ببێت، بیرمە بەدڵ حەزم دەکرد لەبەرانبەر د. هەڤاڵ ببێتە کاندید بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌، خۆی‌ ڕەتی‌ کردەوە، ئێستا تێدەگەم ئاقڵ بوو، نەیکرد، چۆن د. کەریم بۆ ئەوە خوڵقاوە وەعز بدات، بۆ ئەوە دەشێت بێتە نێو ماڵەکانمانەوە نەک لە دڵەکانیشمان تەرا ببێت.

د. کەریم دەزانێت کێشەکانی‌ ماڵی‌ هەر یەکێمان چییە، بە پەلە پێمان دەڵێت تاکو فریایی قسەیەکی‌ تر بکەوێت، بە یەکێکی‌ تر دەڵێت و ئێمە سودی‌ لێ دەبینین. 

نازانم د. کەریم کەی‌ دەمرێت، ناشڵێم بریا ئەوە رووی‌ نەدایە، چۆن دەزانم مردن تەنها شتە عەدالەتە، تەنها شتە هەمووان دەگرێتەوە، بەڵام تەمەنا دەکەم وا زوو ئەوە روو نەدات، ڕەنگە ئێستا زۆرێک گوێی‌ لێ نەگرن، ئەو قسەی‌ خۆی‌ هەر دەکات، لێ دڵنیام رۆژێک دێت دەڵێن مەخابان قەدرمان نەزانی‌، رۆژێک دێت خۆی‌ نەماوە و گەنجینەیەک لە ئامۆژگاری‌ و رێنوێنی‌ جێ هێشتووە، ئەوکات دەبێت دامەزراوەیەک دابمەزرێنن و بەرهەمە نووسراو و بینراو و وتراوەکانی‌ کۆبکەنەوە و ببێتە یەکێک لەو زانکۆیانە لە رۆژانێکدا بێ بەرانبەر خەریکی‌ هۆشیاری‌ تاک بوو کە زۆربەی‌ زانکۆکان ببوون بە تیجاری‌. 

سوارە نەجمەدین

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن