كەركووك؛ قەدەغەكردنی ھاوردەكردنی سەوزەو میوە.. نرخی لەبازاڕەكاندا گرانكردووە

ڕاپۆرت

04/04/2021     ژمارەی بینراو 377

فۆتۆ- ئیبراهیم فەتاح/ ئەرشیف

راچڵەكین-

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق رێگا بەھاوردەكردنی ژمارەیەك جۆری سەوزە و میوە نادرێت بۆ شاری كەركوك ، ئەوەش نرخی ژمارەیەك میوە و سەوزەی لە بازاڕەكان گرانكردووە.

ئەو ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرانەشی سەوزە و میوەی هاوردەكراویان باركردووە لە بازگەكان رێگا بەھاتنە ژورەوەیان نادرێت و بەشێكیش لەوان سەوزەواتەكانیان لە نزیك بازگەكان فڕێ دەدەن.

قەدەغەكردنی ھاوردەكردنی سەوزە و و میوە بۆ شارەكانی عیراق لەكاتێكدایە ھێشتا بەروبوومی سەوزە و میوەی خۆماڵی نەھاتۆتە بەرھەم و بازاڕەكانی عیراق لەئێستادا لە قۆناغی چاندنی تۆو و بەروبوومە كشتوكاڵییەكاندایە و لە مانگی پێنجدا ئامادە دەبێت.

ھێمن سابیر، یەكێكە لە كاسبكارانی بازاڕی عەلوەی شاری كەركووك، لەبارەی ئەو بڕیارەوە دەڵێت: "بەھۆی قەدەغەكردنی ھاوردەی سەوزە و مێوە بۆ نێو شاری كەركووك، نرخی بەشێكی زۆر لە سەوزەكان گرانبوون و ھەندێكیشی خراپ بووە و بەكەڵكی خواردن نایات".

وتیشی: "پێشووتر نرخی یەك كیلۆگرام تەماتە بە ٢٠٠ دیناری عێراقی بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەك كیلۆگرام تەماتە بە ٦٠٠ دینار دەكڕدرێت و بەھەزار دینار لە بازاڕەكانی شارەكە ساغ دەكرێـتەوە".

سامان سدیق، یەكێكی ترە لە خاوەن كۆگاكانی بازاڕی عەلوەی خان خورمای كەركووك لەسەر گرانبوونی نرخی سەوزە و میوە وتی: "لەپاش بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ راگرتنی ھاتنی بەروبوومی سەوزە و میوە بۆ نێوخۆی عیراق، بەراوورد بە رابردوو رێژەی سەوزە و میوە لە بازاڕی عەلوە كەمی كردووە و خواستیش لەسەر ئەو شتومەكانەیش زۆرن و بەشێك لەو سەوزانە خواردنی رۆژانەی خەڵكین".

سامان سدیق، وتیشی: "كەمبوونەوە و قەدەغەكردنی ھاوردەكردنی ئەو سەوزە و میوانە، وایكردووە نرخەكانیان سێ ھێندەی رابردوو زیادبكات و بازاڕی كڕین و فرۆشتنیش كەم بكات".

دانا سەید، ھاووڵاتییەكی شاری كەركووكە و لەسەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق وتی: "بەشێك لە بڕیارەكانی حكوومەت دەبنە ھۆی ماڵوێرانی بۆ ئێمەی ھاووڵاتی و دەبێت ئێمە باجەكەی بدەین و بەشێكیش لە بازرگانەكانی سەوزە و میوەیش ئەو دۆخانە دەقۆزنەوە و نرخەكان زیاد دەكەن".

دانا سەید، باسی لەوەشكرد كە بەشێكی زۆر لەو سەوزە و میوانەی ئەمڕۆ كڕێویتی نرخەكانیان دوو ھێندە بۆ سێ ھێندەی نرخەكانی رابردوویان زیادیكردووە و ئەوەیش لە توانای خەڵكی ھەژاری شارەكەدا نییە.

لەسەر بڕیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق بۆ راگرتنی ھاوردەكردنی میوە و سەوزە بەرێوبەری كشتوكاڵیی كەركووك، زوھەیر عەلی، رایگەیاند: "بەپێی ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق، ٢٣ جۆری سەوزە و میوە ھاوردەكردنیان قەدەغەكراوە و نابێت بھێنرێتە پارێزگاكانی عیراقەوە".

بەرێوبەری كشتوكاڵیی كەركووك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "بڕیارەكە ھەموو پارێزگاكانی عیراقی گرتۆتەوە و ئامانجیش لە دەركردنی ئەو بڕیارانە ساغكردنەوەی بەروبوومی ناوخۆییە".

لەسەر ھەماھەنگیان لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، زوھەیر عەلی، وتی: "كێشەی ئێمە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان بەروبوومی سەوزە و میوە رەوانەی عیراق دەكەن بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزاەرتی كشتوكاڵیی عیراق". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن