كۆنسوڵی توركیا هۆكاری پەلاماردانی خێزانەكەی هەولێر ئاشكرا دەكات

کوردستان

15/05/2021     ژمارەی بینراو 2761

هاكان كاراچای كونسوڵی توركیا لەهەولێر

راچڵەكین –

كۆنسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هێرشكردنە سەر خێزانێكی خەڵكی هەولێر لە مێرسین دەردەبڕێت و دەشڵێت: رووداوەكە رێكەوت بووەو بەهیچ شێوەیەك كارێكی نەژادپەرستی نەبووە.

هاكان كاراچای، كۆنسوڵی توركیا لە هەولێر، لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، لە نزیكەوە چاودێری ئەو دەنگۆیانە دەكەن كە دەربارەی رووداوەكەی مێرسین بڵاوكراونەتەوەو پێویستە بەئاشكرا ئەوە بڵێین كە ئەم رووداوە هیچ پەیوەندییەكی بەو دەنگۆیانەوە نییە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، بەڵكو كارێكی تەواو رێكەوت بووە.

ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ساڵانە هەزاران گەشتیاری عیراقی بە هۆكاری جیاواز روو لە توركیا دەكەن، وتیشی: "بێگومان ئێمە خۆشحاڵین بەوەی كە هاووڵاتییانی عیراق-یش وەك هاووڵاتییانی دیكەی جیهان سەردانی توركیا دەكەن و هیوادارین سەردانەكانیشیان بەردەوام بێت".

هاكان كاراچای، دەربارەی رووداوەكەی شاری مێرسین، رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی رووداوەكە بڵاودەكرێنەوە، دەنگۆی بێبنەمان، ئەم رووداوە بەهۆی ئەوەوە روویداوە كە ئەو خێزانەی لە شاری هەولێر-ەوە چوونەتە شاری مێرسین، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی دیكە خۆیان كێشاوە بەیەكدا، دواتر سەرنشینانی هەردوو ئۆتۆمبێلەكە بووەتە مشتومڕیان و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەكەی دیكە لە هاووڵاتییە هەولێرییەكەیان داوە".

كۆنسوڵی توركیا، جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو دەنگۆیانەی لە راگەیاندنە كوردییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە و باس لەوە دەكەن پەلامارەكە كارێكی نەژادپەرستانە بووە بۆسەر كوردەكان، بەتەواوی دوورن لە راستییەوە.

رووداوەكە چۆن روویدا؟

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، دوای ئەوەی لە شارۆچكەی بۆزیازی لە پارێزگای مێرسین، دوو ئۆتۆمبێل دووچاری رووداوی هاتوچۆ بوون و لە نێوانیاندا شەڕ روویدا، سێ كەس بەهۆی لێدان لە هاووڵاتییەكی شاری هەولێر دەستگیركران.

خێزانی م.م.ك كە لە شاری هەولێرەوە بۆ گەشت بە ئۆتۆمبێل بەرەو شاری ئەنتاڵیا بەڕێكەوتبوون، لە ناوچەی گۆزسوزجە دووچاری رووداوی هاتوچۆ بوون.

دوای رووداوەكە دەمەقاڵێ لەنێوان م.م.ك و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەكەی دیكە كە سێ كەسی تیادا بوو، روویدا.

پاش ئەوەی دەماقاڵەكە گۆڕاوە بۆ شەڕ، م.م.ك لەلایەن سێ كەسی ناو ئۆتۆمبێلەكەی دیكەوە لێیدرا و دواتر بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن رەوانەی نەخۆشخانەی حكوومی ئانامور كرا.

دوای ماوەیەكی كەم لە رووداوەكە، هێزە ئەمنییەكان هەرسێ سەرنشینەكەی ئۆتۆمبێلەكەی دیكەیان دەستگیركرد.

سێ دەستگیركراوەكە دوای كۆتاییهاتنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی دادگا كران.

بە بڕیاری دادگا دوو لە دەستگیركراوەكان بەندكران و دەستگیركراوەكەی دیكەشیان بە مەرجی چاودێریكردنی لەلایەن دادگاوە ئازاد كرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن