بانگەوازێك لەپێناو ئاشتی و دژ بە شەڕی ناوخۆ بڵاودەكرێتەوە

کوردستان

10/06/2021     ژمارەی بینراو 516

راچڵەكین –

ژمارەیەكی زۆر لە كەسانی ئەكادیمی و پزیشك و ئەندازیار، لە بانگەوازێكدا داوا دەكەن ئاشتی بەرقەرار بكرێت و رێگە نەدرێت كوردستان ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، راشیدەگەیەنن: شەڕ بەهیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندی كوردو هەرێمی كوردستان نییە، سوودمەندی یەكەمیش لە هەر شەڕێك، تەنیا دوژمنانی كوردە.

ئەو كەسایەتییانە ئاماژەیان بەوەكردووە كە بە هەموو شێوەیەك دژی هەر هەوڵێك دەوەستنەوە كە بۆ شەڕ دەدرێت، چونكە بەوتەی خۆیان، هەر شەڕیكی ناوخۆ لەو كاتەدا تەڕو وشك بەیەكەوە دەسووتێنێت و خەون و ئاواتەكانی میللەتی كوردیش بە یەكجاری لەگۆڕ دەنێت.

لە بانگەوازەكەدا داوا لە پارتی و پەكەكە كراوە هەرچی زووە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و كێشەكانیان لەرێگای گفتوگۆوە چارەسەر بكەن، هۆشداری ئەوەشیانداوە لەوەی ئەو پیلانە هەرێمییەی داڕێژراوە، زۆر لەوە ترسناكترو گەورەترە، كە ئەوان بیری لێدەكەنەوە.

دەقی بانگەوازەكە:

بانگەوازێك لەپێناو ئاشتی

با رێگا نەدەین كوردستان ببێتە گۆڕەپانی شەڕ

خەریكە دیسان زەنگی شەڕی ناوەخۆ لێدەدرێتەوە، دیسان كار بۆ ئەوە دەكرێت، كوردستان خەڵتانی خوێن بكرێت، ئەركی هەموو مرۆڤێك، هەموو تاكێكی ئەو وڵاتەیە چی پێدەكرێت بیكات، بۆئەوەی رێگا لە فروانبوونی ئەو شەڕە خویناویە بگیرێت، كە لەبەردەرگامانەو هەڕەشە لە بوونمان دەكات. شەڕ بەهیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندی كورد نیە، لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نیە. سوودمەندی یەكەم لە هەر شەڕێك دوژمنانی كوردە، ناكرێت دڵی دوژمنان خۆش بكەین و دایكانی كوردستان هەمدیس رەشپۆش بكەینەوە، دەبێت بە هەموو لایەك دەستی ئاشتی بەرز بكەینەوە، رێگا لە بازرگانانی شەڕ بگرین، كە دەهۆڵی شەڕی كوردی – كوردی لێدەدەنەوە، دەبێت هەموو خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بێت، ئەگەر ئەمجارە شەڕێكی ناوخۆی بەرفراوان رووبدات، وەكو ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، واتە وەكو جەولەكانی تری شەڕی ناوخۆ نابێت، ئێستا هاوسەنگی هێزی جیهانی گۆڕاوەو هاوكێشەكان پێچەوانەوەی بەرژەوەندیەكانی كورد بۆتەوە، هەر شەڕێكی ناوخۆ تەنیا یەك لایەن ناسووتێنێت، بەڵكو بەر لەهەموو شتێك دوا گوللە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدات. ئەو پلانە هەرێمیەی داڕێژراوە زۆر لەوە ترسناكترو گەورەترە، كە ئێمە بیری لێدەكەینەوە، هەر شەڕیكی ناوەخۆ لەو كاتەدا تەڕو وشك بەیەكەوە دەسووتێنێت، خەون و ئاواتەكانی ئەو میللەتە بە یەكجاری لەگۆڕ دەنێت، كوردستان دەكاتە گۆڕەپانی شەڕێك، كە دەستپێكەكەی دیار دەبێت، بەڵام هەرگیز پێشبینی كۆتاییەكەی ناكرێت. دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بە سوریا بكەن، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەك دژی هەر هەوڵێك بووەستین، كە بۆ شەڕ دەدرێت، شەڕی ئەو جارە شەڕی لەناوبردنی هەموو دەستكەوتەكانی كوردە، با چیتر دڵی دوژمنانی كورد خۆش نەكەین، داوا لە پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەین، هەرچی زووە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و كێشەكانیان لەریگای گفتوگۆوە چارەسەر بكەن، دەبێ لەوە تێبگەن لە هەموو كاتێك زیاتر داگیركەرانی كوردستان پلان بۆ شەڕی كوردی كوردی دادەڕێژن و ئاگرەكەی جۆش دەدەن. با بەهەموو لایەك ئەو ئاگرە لە كوردستان دوور بخەینەوە.

نەفرەت لەشەڕ، كوردستان لەرێگای ئاشتی ئاوەدان دەبێتەوەو گەشە دەكات، نەك شەڕ، داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەین دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئاشتی و نەفرەت لەشەڕ بكەن. 

1-پ. د. كامەران مەنتك، پسپۆڕ لە فەلسەفەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان، هەولێر
2-د. عارف گۆران، راوێژكاری هەناو، لەندەن
3-د. زیرەك عومەر مەموندی، پسپۆڕی هەناوو دكتۆری خێزان، سوید
4-د. نگین جەعفەر، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی ژن و منداڵان، دانیمارك
5-د. تەلار علی ئەمین، پسپۆڕ لەمێژووی نوێ و هاوچەرخ، سلێمانی
6-د. كەژاڵ حەوێز، پسپۆڕ لەبەشی هەناوو فریاكەوتن، سوید
7-د. كوێستان شەهابی، پسۆڕی گشتی، سوید
8-پ.ی. د. كوپر احمد، پسپۆڕ لە یاسای تاوانەكان، هەولێر
9-د. بەدرخان حەسەن، پسپۆڕ لە نەشتەرگەری بۆڕییە خوێنەكان، سوید
10-د. كەریم عارف، پسپۆڕ لە بەشی دڵ و سییەكان
11-د. كاروان سنجاوی، پسپۆڕ لە لووت و گوێ، سوید
12-د. ئازاد ئەمین سەیدۆ، پسپۆڕی دڵ، سوید
13-د. ئازاد عوسمان، پسپۆڕ لە زانستە سیاسیەكان، ئەڵمانیا
14-د. ژیان مەجید، دكتۆری خێزان، سوید
15-د. لەمیعە توفیق، پسپۆڕی لووت و قوڕگ  و گوێ، سوید
16-نەوزاد مەعروف، ئەندازیارو چالاكوانی مەدەنی، دانیمارك
17-سیروان بازرگان، ئەندازیارو وەرگێڕ، سوید
18-د. بەختیار مودەڕس، پسپۆڕی نوژداری، كۆبانێ، رۆژئاوای كوردستان
19-د. گەزیزە شەمسی، پسپۆری فریاكەوتن، سوید
20-د. هۆگر دۆگان، پسپۆڕی فریاكەوتن، سوید
21-د. كامەران قەرەداخی، پزیشكی ڕاوێژكاری نەخۆشیەكانی سنگ، نەرویج

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن