بانكی ناوەندی لەبارەی گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار روونكردنەوە دەدات

ئابوری

11/06/2021     ژمارەی بینراو 989

راچڵەكین –

بانكی ناوەندیی عیراق لە روونكردنەوەیەكدا رەتیدەكاتەوە هیچ بڕیارێك بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عیراقی درابێت، دەشڵێت: رێكاری تایبەتی خۆمان هەیە بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلارو رێگریكردن لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ ناسەقامگیركردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو. 

بانكی ناوەندی لەو روونكردنەوەیدا كە ئەمڕۆ هەینی 11-6-2021، بڵاویكردووەتەوە، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە كە لەهەندێ سەرچاوەی نافەرمییەوە بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە دەستكاریكردنی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عیراقی.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو نرخەكەی كە بۆ بەهای دینار لەبەرامبەر دینار لە كۆتایی ساڵی 2020 بڕیاری لێدراوەو لە بودجەی گشتی ئەمساڵیش جێگیركراوە، بەهیچ شێوەیەك ناگۆڕدرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، جێگیركردنی بەهای دینار بەم شێوەیەی ئێستا، لەدوای چەندین لێكۆڵینەوەی وردی ئابووری بڕیاری لێدراوەو ئامانجیش لێی سەقامگیركردنی سیاسەتی نەختەیی عیراقە.

بانكی ناوەندیی عیراق جەختی لەوەشكردووەتەوە كە رێكاری تایبەتی خۆیان هەیە بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلار و رێگریكردن لە بەرزو نزمپێكردنی نرخ لە بازاڕی رەش.

لەچەند رۆژی رابردووداو دوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عیراقی، بانكی ناوەندی بڕیاریدا بڕی خستنەڕووی دۆلار لە مەزادی ئاشكرا، زیاتر بكات، بۆئەوەی رێگە لە دابەزینی زیاتری نرخی دینار بگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن