بافڵ تاڵەبانی هەڕەشە لەو كەسانە دەكات

کوردستان

14/06/2021     ژمارەی بینراو 2429

راچڵەكین –

بافڵ تاڵەبانی، هەڕەشەی توند لەو كەسانە دەكات كە دەستدرێژی دەكەنە سەر موڵك و ماڵی گشتی و رایدەگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەك دژی یاساشكێنی دەوەستینەوەو ھیچ كەس و گرووپێكیش لەسەروو یاساوە نین، یەكێتیش بەرامبەر ئەم كارە نایاساییانە بێدەنگ نابێت.

ئەمڕۆ 14-6-2021، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕەوی سلێمانی كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لەكۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی و ھاوكاری تەواوی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ رێگریكردن لەزیادەڕەوی و بەرەنگاربوونەوەی ھەر ھەوڵێك كە ھەر كەس و لایەنێك دەستدرێژی بكاتە سەر موڵك و ماڵی گشتی و رایگەیاند، بەتوندی رووبەڕووی هەركەس و لایەنێك دەبینەوە كە لەپێناو بەرژەوەندی كەسی و تایبەت دەستدرێژی بكەنە سەر موڵك و ماڵی گشتی.

ھاوسەرۆكی یەكێتی روونیشیكردەوە، بە هەموو شێوەیەك دژی یاساشكێنی دەوەستینەوەو پاراستنی موڵكی گشتی و سیمای سلێمانیش بەئەركی خۆمان دەزانین. وتیشی:" ھاوكارو پشتیوانی سەرجەم دامەزراوەكانی حكومەت دەبین بۆ رێگریكردن لەم دیاردەیە و یەكێتی بەرامبەر ئەم كارە نایاساییانە بێدەنگ نابێت".

ھەر لەكۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆئەوەكرد، سەرۆكایەتی یەكێتی دژی ھەر مەرامێك دەوەستێتەوە كە بیەوێت یاسا و دادگاكانمان بخاتە ژێرپرسیارەوە، جەختی لەوەشكردەوە ھیچ كەس و گرووپێك لەسەروو یاساوە نین، بۆ ئەوەش ھەموو ھاوكاری و پشتیوانییەكی یەكێتی لەپێناو پاراستنی موڵكی گشتی دەربڕی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن