چی بەسەر لێبڕینی مووچەدا دێت؟

ڕاپۆرت

16/06/2021     ژمارەی بینراو 508

راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی خۆیدا، سەرباری نارەزایەتی وەزارەتی دارایی، لەرێی دەنگدانەوە بڕیاریدا مانگانە (200 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی  هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند:" ئەمڕۆ لەگەڵ  سەرۆك وەزیران، مستەفا كازمی گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ راستەڕێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد."

هەروەها نووسیویەتی:" خۆشحاڵم رایبگەیەنم، كە گەیشتووینەتە رێكەوتنێك كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، ئەمەش لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە حیساب دەكرێت بە (أپر رجعی)."

پێشتریش لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندبوو:" بەم نزیكانە دەرەنجامە باشەكانی رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد دەردەكەوێت وتیشی، بۆ ئەم مانگە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێم مژدەی خۆش دەبیستن، ئەگەر نەبێت مانگی داهاتوو."

لەلایەن خۆشییەوە، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاندوە:" خۆشحاڵ بووین دوای رێكەوتن لەسەر یاسای بودجە وپاش هەوڵ و گفتوگۆكانی تیمی دانوسانی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی كاك قوباد تاڵەبانی لەپێناو جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاساكە ، وهەنگاونانی عەمەلی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پابەندبونە یاساییەكانی ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لە 1-1-2021 هەژمار بكرێت."

 بەگوێرەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بێت، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات، ئەمەش دوای تەواوبوونی وردبینیكردنی داتاكانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان.

وەك لەبڕیارەكەدا هاتووە: "ئەو بڕە پارەیە لە  1/1/2021ەوە خەرجدەكرێت" واتا بەغداد بۆ شەش مانگی رابردوو (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات.

بەشێر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی بڕیارەكەوە ئاماژەی بەوەكردووە:"پێش كۆتایی ئەم مانگە ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەو پارەیە بگات، رەنگە ئەو پارەیە بەسەر یەكەوە نەیەت، رەنگە بە دوو قۆناغ یان سێ قۆناغ بێت، ئەوی دیكەش تا كۆتایی ئەمساڵ، مانگی 200 ملیار دینار دێت."

بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە كێڵگەكانی خۆی بەرهەمبهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەكارهێنانی نێوخۆ، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حكومەتی عێراق بكات، هاوكات دەبێت هەرێمی كوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بكات، ئەوكات حكومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت، كە پێشبینی دەكرێت تێكڕا بگاتە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار.

بەگوێرەی خەمڵاندنەكان، بەرەوانەكردنی (200) ملیار دینار بەشێوەی مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی داهاتی مانگانەی هەرێم دەگاتە (ترلیۆنێك و 25 ملیار دینار) بەم شێوەیە(  200ملیار دینار لەبەغداوە رەوانە دەكرێت، 450 ملیار دیناری داهاتی نەوت،350  ملیار دینار داهاتی ناوخۆ،25 ملیار تەمویلی هاوپەیمانان).

كۆی گشتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبێ لێبڕین مانگانە (894 ملیار) دینارە، ئەگەر بەراوردی نێوان كۆی گشتی ئەو داهاتەو مووچە بكرێت، ئەوا مانگانە زیاتر لە(130 ملیار) دیناریش زیاد دەبێت و دەتوانرێت بەبێ گرفت مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بكرێت.

بەگوێرەی شیكاریەكی تر، لەچەند مانگی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە بەلێبڕینی ریژەی 21%، پێویستی بە (706) ملیار دینار بووە، لەكاتێكدا بۆ دابەشكردنی مووچە بەتەواوەتی پێویستی بە (894) ملیار دینار دەبێت، ئەگەر بێتو ئەو (200) ملیارەی بەغدا بخرێتە سەر (706) ملیار دینارەكەی مووچە، ئەوا كۆی گشتی دەكاتە (906) ملیار دینار كە لەو حاڵەتەشدا 12 ملیار دینار زیادە دەبێت.

لە هەرێمی كوردستاندا 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، كە 751 هەزار و 805 كەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 كەسیان خانەنشینن.

ئەو ژمارانە ئاشكرای دەكەن، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بۆ لەمەودوا مووچەی مووچەخۆران دابەشبكات بەبێ هیچ لێبڕینێك و كۆتایی بەو میكانیزمە بهێنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن