" پێویستە بەبەهای ١٥٠ ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكرێت"

چاوپێکەوتن

21/06/2021     ژمارەی بینراو 864

راچڵەكین-

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، دەڵێت، لە كۆی ٥٥ ملیار دۆلار كۆمپانیا توركییەكان ٣٧ ملیار دۆلار سەرمایەگوزاریان لە هەرێم كردووە.  

مەلا یاسین، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵۆی توركی باسی لە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان لە سەردەمی كۆرۆنا و قۆناغی دوای كۆرۆنا كرد و وتی: "ئابووری هەرێم پێی ناوەتە دۆخێكی نوێوە و لە ساڵی ٢٠٢١ لە مانگی ئاداردا، هەرێمی كوردستان بووژانەوەیەكی بەرچاوی بە خۆیەوە بینییەوە، هەم لە وەبەرهێنان وهەم لە رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەر ئێمە نا بەڵكو وڵاتانی درواسێشمان هەمان دۆخیان هەبوو. لە پاشەكشەی ئابووری بەهۆی كۆرۆنا وەستانی بازاڕ و لەدەستدانی هەزاران هەلی كار، بەڵام ئێستا بازاڕەكانی جیهان بووژاوەتەوە و بازاڕەكانی كوردستانش بەرەو بووژانەوە دەچن. پاڵنەرەكانی ئەوەیە كە ئێستا خۆشبەختانە دۆخی كۆرۆنا لەبارە كە بازاڕ بكەینەوە و لە داهاتوودا هەواڵی نوێشمان پێ دەگات لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی".

وتیشی:" خاڵێك كە گرنگە لە دوای دۆخی كۆرۆنا ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهاندا، هەروەها ئەو رێككەوتنە كە هەرێمی كوردستان و بەغدا ناچاربوون لەگەڵ یەكتر مۆری بكەن، رێككەوتنەكەش ئەوەندەی من لە شاندی هەرێمم زانیبێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا، هەرێمی كوردستان و بەغدا بە ئاراستەی باش رێككەوتنەكە جێبەجێ دەكەن و بڕێك پارە دێتە كوردستان. ئەوە وایكردووە كە خواست لەسەر بازاڕەكانی كوردستان دروست بووەتەوە".

بە وتەی مەلایاسین "خواست لەسەر پێداویستییەكان رۆژانە لە ساڵی ٢٠٢١ لە هەرێمی كوردستان ٢٠٠ هێندەی ساڵی رابردوو زیادی كردووە و ئەمساڵ ئابووری هەرێم لە هەموو روویەكەوە گەشەی كردووە و كردنەوەی پێشانگاكان و كارگەكان نموونەن".

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: "دوو ساڵ زیانمان بەركەوت، بەڵام ئێستا پڕۆژەكانی وەبەرهێنان جوڵانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە میانی ئەمساڵدا، چەندین پڕۆژەی ستراتیجیی بناغەی بۆ دانراوە، ئەمساڵ ساڵی بووژانەوەی ئابووری كوردستان دەبێت و كێبركێیەكی گەورە هەیە لەسەر داهاتووی بازاڕی دوای كۆرۆنا، دۆخی دوای كۆرۆنا جیاواز دەبێت، ناوچەی ئێمە جیاوازە".

یاسین مەحمود رەشید لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە رۆڵی توركیا كردو رایگەیاند: "ئابووری ئێمە تێكەڵ بە توركیا بووە كە سەیری پایتەختی كوردستان دەكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە ئێمە لەگەڵ توركیا شانبەشانی یەكتر دەبێت جارێكی دیكە دەست بە دەستی یەكتر بدەین. پڕۆژەكان دەست پێ دەكاتەوە و هەزاران ستافی توركیا هاتوونەتەوە و دەستیان بە كار كردووە، توركیا گەورەترین فاكتەر بوو لە ئاوەدانی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان. دەمانەوێت هەندێك لە كۆمپانیا گەورەكان بانگهێشت بكەین. ئەو پڕۆژانەی لە كوردستان جێبەجێكراوە سەركەوتوو بووە، پڕۆژەی زۆربەی كۆمپانیاكانی وڵاتانی دیكە لە هەرێم سەركەوتوو نەبووە. توركیا ئەزموونێكی سەركەوتووی هەیە لەم بوارەدا و پێویستمان پێیان هەیە، ئێستا چاودێری پێشانگاكانی ئیستانبوڵ و ئیزمیر و شارەكانی دیكە دەكەین، وەك یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان نوێنەرانمان بەشدار دەبن، زانكۆكانمان، فڕۆكەخانەكانمان و شوێنە گرنگەكان هەمووی كۆمپانیا توركەكان درووستیان كردووە، ئێستاش بۆ رێكلامی هەر پڕۆژەیەك ئەگەر باسی كەلوپەلی بەكارهاتووی توركی نەكەین تێدا، پڕۆژەكەمان سەركەوتوو نابێت، لەبەرامبەریشدا كۆمپانیا توركەكانیش خوازیاری هەلی كارن لە كوردستان و ئێمەشیان تاقی كردووەتەوە كە لە ماوەی رابردوودا، پڕۆژەی گرنگمان پێكەوە كردووە".

مەلا یاسین وتیشی: "لە كۆی ٥٥ ملیار دۆلار پڕۆژە كە لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی پێدراوە، لەسەدا ٦٧ی پڕۆژەكانمان هی كۆمپانیا توركییەكانن و بە كەرەستەی توركی، بە ستافی توركی و بە تەكنەلۆجیای توركی درووست كراون. ئێستا كە سەیری بینا و پرۆژە باشەكان دەكەین، هەمووی توركەكان كردوویانە، تەنانەت كۆنسولخانەی ئەمریكاش لە هەولێر لە تەندەرەكان كە دێتە دەستمان یەكێك لەو كەرەستانەی كە دەستنیشانی دەكەن وەك كەرەستەی باش، كەرەستەی توركییە".

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێیتی وەبەرهێنەرانی كوردستان داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە پڕۆسەی بووژاندەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان یارمەتیدەریان بن و وتی: "داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، هەریەك لە سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵەبانی و وەزیرە پەیوەندیدارەكان كە پەیوەندی ئابووری هەرێم و توركیا ئاسایی بكەنەوە، دۆخی سیاسیی وامان لێ نەكات كە هیچ رێگریی و بەربەستێك هەبێت لەسەر ئەوەی پەیوەندییە ئابوورییەكانمان لەگەڵ توركیا تێك بدەین، ئێمە لەگەڵ توركیا ئابووریمان بووە بە یەك ئابووری، ئەگەر بمانەوێت هەرێمی كوردستان دوا نەكەوێت لە پڕۆژەی باش و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ، دەبێت هەوڵی جیددیمان هەبێت هەم لە رێگەی حكوومەتەوە و هەم لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە هانی كۆمپانیا توركەكان بدەین بێن لە هەرێمی كوردستان ئیشمان بۆ بكەن".

دەشڵێت "تێچووی پڕۆژە و كەرەستە لە توركیا لە رووی نرخەوە بۆ ئێمە گونجاوە و سوودمان لە دراوسێتی توركیا بینیوە و ئەوانیش سوودیان لە بازاڕی ئێمە بینیوە".

مەلا یاسین وتیشی: "٣٧ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان هی كۆمپانیا توركەكانە. ئێمە ناتوانین ئەوە بشارینەوە كە دراوسێكانمان سعوودیە و كوێتە كە وەك هەرێمی كوردستان لێمان دوورن، سووریاش دۆخی ئاوای لێهاتووە و ئێرانیش بەهۆی ئەو ئابلۆقە ئابوورییە بەهێزەی كە خراوەتە سەری نەیانتوانی كە بەشداری كارا بن، ئەو شانسە خوا دای بە توركیا، تاكە وڵاتێك كە ئێمە لە كەلوپەلەكانی ناترسێین، كەلوپەلی توركیاین. بۆ هەڵسەنگاندنی كوالیتی كەلوپەلەكان پشتمان بە كەلوپەلی توركیا بەستووە. هاووڵاتییانیش كە دێن بۆ كڕین، بۆیان پرسیارە كە كەلوپەلەكە هی كوێیە كە ناڵێین توركیە دەكشێتەوە".


بەوتەی سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بۆ ژێرخانێكی ئابووری بەهێز پێویستە لە ماوەی هەشت ساڵی داهاتوودا، بە بەهای ١٥٠ ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكرێت و دەشلێت كە ئەوان وەك یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئەوەیان بە حكوومەتی هەرێم راگەیاندووە و لەم بارەیەوە گوتی:

"ئەوەی هەیە چارەكێكی ئەو ئاوەدانییەیە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و بۆشایی گەورەمان هەیە لە بوارە جیاجیاكاندا لە بینا، باڵەخانە، رێگەوبان و سێكتەری كشتوكاڵ، هەروەها پیشەسازی و گەشتوگوزار".

مەلایاسین وێرای ئاماژەدان بەوەی كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووتە ٤٠ ملیۆن كەس وتی: "٣٤ ملیۆن كەس لەو عێراقە چاوی لە هەرێمی كوردستانە لە جەژنی پێشوو لە سلێمانی هۆتێل نەما و خەڵكێك گەشتیارانی بردبووە ماڵی خۆیان، كەواتە بۆشاییمان هەیە، دوو شت هەیە كە دەبێت بیكەین؛ یەكەم هانی كۆمپانیا توركییەكان بدەین كە بێنە كوردستان، دووەم كاتی ئەوە هاتووە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هانی بانكەكانی توركیا بدات كە بێنە كوردستان و بەشداربن لە پێدانی قەرز و متمانە بكەن بە ماڵ و موڵكی هەرێمی كوردستان، دەبێت ئەو متمانەیە دروست بكەین و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی كە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا، بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار پڕۆژە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت".

دەشڵێت: "سیاسەتی رابردوومان سیاسەتێكی باش بووە بۆ پەیوەندی ئابووری لەگەڵ توركیا، بەڕەحمەت بێت مام جەلال كاتێك كە كۆمپانیای تەپەی هێنایە سلێمانی، باش تێگەیشتبوو كە چی كردووە، چونكە ئەو پێشكەوتنی ئیستانبوڵ و هەموو توركیای بینیبوو كە چۆن پێشكەوتووە لە حكوومەتەكانی پێشوو، كاك نێچیرڤان بارزانی كە من لێرەوە بەدڵ سوپاسی دەكەم، هەموو جارێك هانی ئێمەی دەدا كە بڕۆن ئەو كۆمپانیایانە لە توركیا بدۆزنەوە كە دەوری باڵایان بینیوە لە پرۆژە ستراتیجییەكاندا لە توركیا، ئەو رۆژەی كە فڕۆكەخانەی هەولێر كرایەوە و بەڕێز سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هات، ئەوە بۆ ئێمە نەك جێگەی دڵخۆشی، بەڵكو ئەوە هاندەرێكی گەورە بوو كە دەیان كۆمپانیای توركیا هاتنە هەرێمی كوردستان".

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، یاسین مەحمود رەشید لە كۆتایی قسەكانیدا باسی لە چاوەڕوانییەكان بۆ باشتر كاركردنی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كرد و وتی: "ئەوە ئێمە چاوەڕوانمان هەیە، یەك، میدیاكان (بۆ سەرمایەدارانی بیانی) روونی بكەنەوە كە ئێرە ریسكی ئابووری تێدا نییە و لە هەندێك وڵاتی دیكە زۆر باشترین كە كۆمپانیاكانی دیكە رووی تێدەكەن، دووەم حكوومەتەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا دۆخەكە هەموار بكەن و رێگە زیاتر خۆش بكەن و پشتیوانیمان بكەن، پڕۆژەی گەورە بە بەهای ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دۆلار گەیشتووەتە قەزاكانیش لە هەرێمی كوردستان، ئێمە ناتوانین كۆمپانیا لە ئەمریكا و كەنەدا بێنین، بۆ ئێمە لە رووی نرخەوە توركیا گونجاترە لە هەموو شوێنێك".

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، یاسین مەحمود رەشید هەروەها رووی قسەكانی كردە وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی كوردستان و توركیا و وتی: "هەموومان دەبێت بەیەكەوە ئیش بكەین، لەئێستاوە وەكالەتی هەزار و ٤٠٠ كۆمپانیا و براندی توركیا لە هەرێمی كوردستان هەیە، ٦٤٠ دانەی دراوە بە عێراق لە هەریەكە لە خواردن، مۆبیلیات و كەرەستەی بیناسازی و كشتوكاڵ هەمووی وەكالەتەكانی دراوە بە خەڵكی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لەبیری بكەین كە توركیا تەنیا خاوەنی هەزار و ٤٠٠ براند نییە، بەڵكو بە هەزاران براندی هەیە و دەبێت ئەوانە بۆ هەولێر و سلێمانی رابكێشین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن