ئەڵمانیا؛ 141 كەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە

جیهان

17/07/2021     ژمارەی بینراو 157

راچڵەكین-

ژمارە ئەو كەسانەی كە بەھۆی لافاوەكانی ھەرێمەكانی راینلاند-پلاز و باكووری-راین ڤێستفالیا لە رۆژئاوای ئەڵمانیای، گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٤١ كەس بەرزبوویەوە.

پۆلیسی شاری كۆبلێنزە لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ھەرێمی راینلاند-پلاز بەھۆی كارەساتی لافاوەكەوە گیانیانلەدەستداوە بۆ ٩٨ كەس بەرزبووەتەوە.

لە كاتێكدا ژمارەی گیانلەدەستدان بەھۆی لافاوەكانەوە لە ھەرێمی باكووری-راین ڤێستفالیا بە ٤٣ كەس تۆماركرابوو و هیچ زیادبوونێك رووینەداوە، كۆی گشتی ئەو كەسانەی لە سەرانسەری وڵاتەكە بەھۆی فشارەكانی ئاو و لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٤١ كەس بەرزبوویەوە.

بەپێی زانیارییەكان، ٦٧٠ كەسیش برینداربوون و كارەكانی گەڕان و رزگاركردن ھێشتا بەردەوامە.

ھاوكات، بەپێی راگەیەندراوێكی یەكێتی ئاگركوژێنەوە (VdF)، چوار كارمەندی ئاگركوژێنەوە لە نێو ئەو كەسانەن كە لە ھەرێمی باكووری-راین ڤێستفالیا بەھۆی لافاوەكانەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەكی دیكەوە، ئەوە راگەیەندرا كە راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگیلا مێركل، سبەی سەردانی شارەدێی شوڵد كە لە ھەرێمی راینلاند-پلاز كەوتووەتەژێر كاریگەریی لافاوەكەدا، دەكات.

لە كاتێكدا كارەكانی گەڕان و بەدواداچوون لەو ناوچانەی كە كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی لافاوەكە بەردەوامە، كارەكانی پاككردنەوە و لادانی ئەو دار و پەردووانەی كە لافاوەكە لەگەڵ خۆی رایكێشاوە، دەستی پێكراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن