نیشانەکانی شێرپەنجەی میزه‌ڵدان

تەندروستی

18/07/2021     ژمارەی بینراو 1529

نیشانەکانی شێرپەنجەی میزه‌ڵدان

ڕاچڵه‌كین- 

نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی میزڵدان زۆر جار هەمان ئەو نیشانانەن که‌ هه‌وكردنی ڕێڕەوی میز، بەردی گورچیلە یان گەورەبوونی پڕۆستات دروستیان دەکەن،دكتۆر سه‌ركه‌وت پزیشکی ڕاوێژکار بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە له‌م بابه‌ته‌دا نیشانه‌كانی توشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

لە شێرپەنجەی میزڵدان، نیشانەکان زۆر جار دێن و ئەڕۆن و بەردەوام نین. وە بریتین لەوانە:
1- بوونی خوێن لە میز: زۆر جار خوێنەکە بایی ئەوەندە زۆرە کە ڕەنگی میزەکە بگۆڕێت (بیکاتە سوور یان پەمبە). ئەوەی گرنگە بزاندرێت ئەوەیە کە زۆربەی جار بوونی ئەو خوێنە ئازار و زوورانەوەی لەگەڵ نیە و بێ ئازارە، وە ناوبەناوە و بەردەوام نیە.

2- ژان لە لا تەنیشتەکانی ناوەڕاستی پشت (لەبەر گەڕانەوەی میز بۆ سەرەوە لەبەر بوونی گرێیەك کە ناهێڵێت میزەکە بە ئاسانی بچێتە ناو میزڵدان)، لە خوارەوەی حەوز، یان لەو شوێنەی کە دەکەوێتە بەینی توورەگەی گون و ڕاستە (کە بریتیە لە بەشی کۆتایی کۆڵۆن)، یان بەینی زێ و ڕاستە لە ژنان.

3- ئەو نیشانانەی کە لە قۆناغە پێشکەوتوەکانی نەخۆشیەکە ئەبیندرێن بریتین لەوانە: هەستکردن بە هیلاکی و ماندووبوون، دابەزینی کێش، وە نەمانی شەهیەی خواردن. ئەگەر شێرپەنجەکە بچێتە ناو ئێسکەکان، ئەوا ژان لە ئێسکەکان دروست ئەبێت.

4- ئەوانەی شێرپەنجەی میزڵدانیان هەیە و بە لاشەیاندا بڵاو بۆتەوە، ئەگەری ڕوودانی خوێن مەیین تێیاندا زیاد ئەبێت، وە ئەوەش ئەگەر ڕووبدات لەوانەیە ببێتە هۆی ئەستوور بوون و سوور بوونەوەی لاق (ئەگەر لە خوێن هێنەرەکانیی لاق ڕوو بدات)، وە ئەگەر لە خوێنهێنەرەکانی سینگیش ڕوو بدات لەوانەیە هەناسە تەنگیەکی زۆر دروست بکات.

جگە لە شێرپەنجەی میزڵدان، نەخۆشی تریش لەوانەیە ئەو نیشانانە دروست بکەن. بەڵام ئەگەر یەکێك یان زیاتر لەو نیشانانەی سەرەوەت هەبوون (بە تایبەتی ئەگەر جگەرەکێش بیت)، ئەوا دەبێت حالەتەکەت ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، چونکە لەوانەیە ھۆکارەکەی شێرپەنجەی میزڵدان بێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن