وەزارەتی تەندروستی: كارەسات بەڕێوەیە

کوردستان

19/07/2021     ژمارەی بینراو 3287

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان  دەڵێت، بەداخەوە رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا سێ هێندە زیادی كردووە. ئاماژە بەوەشدەكات:" ئەگەر بەریەككەوتن كەم نەكەینەوە ئەوا كارەسات بەڕێوەیە."  

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەكردووە:" بەداخەوە رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا سێ هێندە زیادی كردووە لەم دواییە بە بەراورد لەگەڵ چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستا، ئامارەكان ترسناكە و پێشبینی هەزاران توشبووی رۆژانە دەكرێ لە داهاتوو، ئەوەی كە بەدی دەكرێ سستبوونێكی تەواوە بە پابەندبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە هەموو شوێنەكان، ئەگەر بەریەككەوتن كەم نەكەینەوە ئەوا كارەسات بەڕێوەیە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "ئێمەش بەدەرنین لە وڵاتانی دەووربەر كە چۆن بەهۆی دۆخی كۆڕۆناوە دەناڵێنن".

د. ئاسۆ حەوێزی، ئەوەی روونكردووەتەوە:" ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی كۆبوونەوەی ئەنجامداوە و پێشنیارەكانی داوەتە لایەنی پەیوەندیدار سەبارەت بەم دۆخە و گرنگترین رێكارەكان كە پێویستە بگیرێنەبەر لە رۆژانی داهاتوو."

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەكات لە رۆژانی داهاتوو پابەندبن بە رێنوێنییەكان و ماسك ببەستن و قەرەباڵغی كەم بكەنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن