وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان: دەمانەوێت پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ توركیادا هەبێت

جیهان

21/07/2021     ژمارەی بینراو 393

راچڵەكین-

وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، دەڵێت توركیا برای ئەوانەو، زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە لە رووی باوەڕدارییەوە.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، رایگەیاند، ئەوان بە تایبەت داوای پشتیوانی لە وڵاتانی ئیسلامی دەكەن بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ و چارەسەری كێشەكانی ئەفغانستان بە شێوەی ئاشتییانە و خوازیارن پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ توركیا هەبێت.

موجاهید بە میدیای توركیای راگەیاندووە، كێشەكانی ئەفغانستان بە دامەزراندنی حكومەتێكی ئیسلامی بەرفراوان چارەسەر دەكرێن و بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش دەیانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دیكە بەیەكەوە كار بكەن.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی كە خوازیارن پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ توركیا هەبێت، وتی: "توركیا برای ئێمەیە. زۆر خاڵی هاوبەشمان هەیە لە رووی باوەڕدارییەوە. دەمانەوێت توركیا واز لە رابردوو بهێنێت و بۆ داهاتوو بڕوانێت. دواتر دەشێت دەست بە دانوستان بكرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن