وەزیری تەندروستی توركیا: ناتوانین پەتای كۆرۆنا كۆنترۆڵ بكەین

جیهان

22/07/2021     ژمارەی بینراو 527

راچڵەكین –

ئامارەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتای كۆرۆنا لە توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو روو لە هەڵكشان دەكات، وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتەش هۆشداریی لە خراپتربوونی دۆخەكە دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر بەشداری هەڵمەتەكانی كوتان نەكەین، ناتوانیان پەتاكە كۆنتڕۆڵ بكەین.

وەزارەتی تەندروستی توركیا لە نوێترین ئاماردا ئاشكرایكردووە، لە 24 كاتژمێری رابردوودا نۆ هەزارو 586 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا و 52 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماركراوە.

ئەم ئامارەش بەراورد بە رۆژانی رابردوو، بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، هاوكات بەگوێرەی نوێترین ئاماری ماڵپەڕی "Worldometers" كە تایبەتە بە خستنەڕووی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە جیهان، كۆی ژمارەی تووشبووانی پەتاكە لە توركیا بۆ پێنج ملیۆن و 563 هەزارو 913 كەس بەرزبووەتەوە، لەو ژمارەیەش 50 هەزارو 761 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.

لەكاردانەوەی بەرزبوونەوەی ئامارەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە توركیا، فەخرەددین كۆجا وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە رایگەیاند،" ئەمڕۆ زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە ماوەی رابردوودا تۆمار كراوە، هۆشداریشی دایە هاووڵاتی توركیاو وتی:" ئەگەر بەشداری هەڵمەتەكانی كوتان نەكەین، ناتوانیان پەتاكە كۆنتڕۆڵ بكەین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن