وتەبێژی حكومەت: هەموو ئەوانە دەگرین كەبەقاچاغ هاتوونەتەوەو دەیانبەینە كەرەنتینە

چاوپێکەوتن

09/03/2020     ژمارەی بینراو 552

جوتیار عادل

راچڵەكین-

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەموو ئەو كەسانە دەگرن كەبەقاچاغ لەئێرانەوە گەڕاونەتەوەو دەیانبەنە كەرەنتینە.

جووتیار عادل، لەوتووێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی هەنگاوەكان بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی رایگەیاند:" ئێمە لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرەسی كۆرۆنا چەندین ڕێكارمان گرتەبەر لەوانە مەسەلەی ڕێكخستنەوەی سنورەكان و مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران و توركیا بەجۆرێك كە كاریگەری دروست نەكات لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵك وە لەهەمانكاتدا چەند دەوڵەتێك كە ڕایانگەیاند توشی ڤایرەسەكە بوون ڕێگەمان نەداوە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە سەردانی هەرێم بكەن، وە بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی پزیشكی و دروستكردنی كەرەنتینە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران گەڕابونەوە پاشان ئەنجامدانی پشكنین بۆیان لەدوای تەواوبونی ماوەی پزیشكی، وە چەندین ڕێنمایی دەرچون بۆ چاودێری كردنی سنورەكانی نێوان ئێمە و ئێران وە ئێمە و عیراق تا بتوانین ڕێگری لەو خەڵكە بكەین كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن ئێمە پشكنینیان بۆ دەكەین و دواتر ڕێگەدەدەین بێنەوە ناو هەرێمی كوردستان، پاشان داخستنی خوێندنگا و قوتابخانەكان، وە پاشان وەك حكومەت هەر ڕێكارێك كە لەخزمەتی ئاسایشی هاوڵاتیاندایە دەیگرینەبەر."

جوتیار عادل، ووتیشی: " كاری لە پێشینەی حكومەتی هەرێم تەندروستی هاوڵاتیانە ئێمە نامانەوێت كارێك بكەین كە زیانەكەی بەر ئاسایشی تەندروستی هەرێمی كوردستان بكەوێت، بۆیە هاتنەوەی هاوڵاتیانی هەرێم لە ئێرانەوە دەبێت پێش وەختە باش پشكنینیان بۆ بكرێت و بنێردرێنە كەرەنتینە، وە لەگەڵ ئێران ڕێككەوتوین كە ئەم جۆرە جموجۆلەمان بەشێوازێك ڕێكخستووە كە زیان بە ئێمە نەكەوێت لەڕووی سەلامەتی وتەندروستیەوە وە زیان لە ئێران نەكەوێت لەڕووی بازرگانیەوە، وە هەروەها هەموو ئەو كەسانەی كە بەقاچاغ دێن ئەوانە هەموو ناو و ژمارە تیلفۆن و ئەدرەسیان لای ئێمە هەیە، ئێمە هەموویان دەگرین و دەیانبەینە كەرەنتینە بۆ پشكنین و چاودێری كردنی تەندروستی دڵنیابوون لەو بابەتە، وە ژمارەیەكی زۆر لەو هاوڵاتیانەش براون بۆ كەرەنتینە وە ئێمە داوا دەكەین كە خۆیان ڕادەستی ئەو كەرەنتینانە بكەن چونكە ئەوانە بەتەنها مەترسی لەسەر خۆیان نیە بەڵكو مەترسیان بۆسەر خێزان و دەوروبەریشیان هەیە."

جووتیار عادل، سەبارەت بەوەی ئایا حكومەتی هەرێم بودجەی پێویستی لەبەردەستە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا؟ ووتی:" ئێمە وەك حكومەتی هەرێم كاری لە پێشینەمان دابین كردنی موچەی فەرمانبەرانە، وە بێگومان بودجەیەكی پێویستیش هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا، وە داواشمان لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كردووە كە هاوكارمان بن، وە چین بەناردنی 200 هەزار كەمامە هاوكاری كردوین هەروەها ئەردەنیش، جگە لەوەی لەداهاتوودا چەند وڵاتێكی تر هاوكارمان دەبن."

وتیشی:" لیژنەیەكی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا-مان هەیە بۆ هەر پێشهاتێك كۆبونەوەی پێش وەختە ئەنجام دەدەین پاشان كۆمەڵێك بڕیار بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستان دەردەكەین."

دەربارەی ئەوەی بەنیازن دەوامی فەرمانگەكان ڕابگرن لەهەرێم هاوشێوەی ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانە و خوێندنگاكان؟وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت" هەتا ئێستا دەوام بەردەوامە و فەرمانبەران دەوامی خۆیان دەكەن، ئێمە بەپێی ئەو پێشهاتانەی دێنە پێش بڕیار دەدەین، بەڵام هەندێك فەرمانگەی وەك ڕەگەزنامە و هاتوچۆ و ناسنامە و نشینگە قەرەباڵغی دروست دەكەن بۆیە داوامان كردوو هاوڵاتیان سەردانی ئەو فەرمانگانە نەكەن لەم كاتەدا."

جوتیار عادل ئەوەشی وت:" پێداویستیەكانی ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا تا ڕادەیەك لەبەردەستە وە حكومەت هەموو پێداویستیەكانی بە پێی "ئەولەویەت" دابین كردووە، وە دڵنیای خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە هەموو ڕێكارە پێویستیەكان گیراوەتەبەر وە كەرەستەی پێویست ئامادەیە، وە ئێمە لەو وڵاتانەین كە هەموو ڕێكارەكانمان بە زویی و پێش وەختەگرتەبەر هەر بەنزیكبونەوەی ئەو نەخۆشیە لەهەرێم ئەمە "شەهادەی" زۆر لەنوێنەرانی وڵاتانە كە پێمان دەڵێن ئێوە وەك هەرێم زۆر ڕی و شوێنی باشتان گرتۆتەبەر ئێمە زۆر هەنگاو لەپێش بەغدادین لەم ڕوەوە."

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە ئاستەنگەكان كرد و وتی:" سنورێكی فراوانمان لەگەڵ ئێران و عیراق و توركیا هەیە بۆیە لەڕێگەی ئێوەوە داوا لەخەڵك دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بن وە ئەوانەی بەقاچاغ دێنەوە دەبێت بزانن نەك هەرخۆیان كەسوكار و خەڵكی تر دەخەنە مەترسی بۆیە داوایان لێدەكەین بەپێی ڕێنماییەكانی حكومەت مامەڵە بكەن وە خەڵك دڵنیا دەكەمەوە حكومەت تا ئێستا بەباشترین شێوە مامەڵەی كردووە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن