بۆچی سەید عەزیزی شەمزینی لەحەوشەی ماڵەكەی خۆی (تیرۆر) كرا؟

کەلتوور

02/01/2022     ژمارەی بینراو 1037

*سەید عەزیزی شەمزینی، چی لەو دەمانچەیە كرد كە رەفیق حیلمی پێیدا؟!.....
*بۆچی لە تەمەنی 81 ساڵیدا لە حەوشەی ماڵەكەی خۆی (تیرۆر) كرا...

مەریوان مەسعود

سەید عەزیزی شەمزینی یان دكتۆر عەزیز شەمزینی، ناوێكی ناسراوە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان، ئەو شەمزینیی باكورە، بەڵام خەباتی لە باشور بووەو لە رۆژهەڵات (تیرۆر) كراوە!.

عەزیز شەمزینیی، كاتێك لەگەڵ باوك و كەسوكاری نەفی دەكرێن بۆ عیراق و لە هەولێر بوو بەتەڵەبە، ئەو سەیدە، هەر لە مناڵییەوە عەجوڵ و وەكو باوكی حەزی بە سیاسەت كردووە، لە ساڵی 1929 لە شاری هەولێر لە قۆناغی ناوەندی دەخوێنێت و لە یاداشتەكانیدا كە بە قەڵەمی خۆی نووسیویەتی، یادگارییەكی سەیری لەگەڵ رەفیق حیلمی هەیە، كە یەكەمجارە دەیناسێت و دەنووسێت:

لە ساڵی 1929 دا لە هەولێر داخلی موتەوسیطە بووم بە زمانی کوردی صنفی یەکەمی موتەوسیطەم لە هەولێر تەواو کرد. لەو ساڵە موظاهەرەی قوتابیانەی لە دژی حکومەت بوون، من لە هەموویان ئیشتیراکم کرد. باوکم قەراری دا بۆ ئەوەی باشتر عەرەبی بزانم، منی لە ساڵی 1930 نارد بۆ مووصڵ. لە مووصڵ داخلی موتەوسیطەی (‌غەرب) بووم، کە مودیری موتەوسیطەکەمان ناوی «ڕزقوڵا ئۆغستین»بوو، من داخلی صنفی دووەم بووم، تەنها کورد بووم لە صنفەکەماندا. موعەللیمێکمان هەبوو، کە خەڵقی مووصڵ بوو، عەزیز جاسمی ناو بوو وە هەرچی قوتابییەک کە لە دەرسی ڕیاضیاتدا جوابی نەدابا، پێی دەگوت:
اقعد خو ما انت كوغدی …دانیشە خۆ تۆ کورد نیت.
من موددەتێک ئەو ئیهانەتەم قبوڵ کرد وە نەدەکرا هەروا قبووڵی بکەم. ڕۆژێک کە شووشەی مەرەکەبم لە پێش بوو، بە هەموو هێزێکمەوە بۆ موعەللیمەکەم فڕێ دا، کە موعەللیمەکە جلی سپی لەبەر بوو، هەموو جلەکانی بوو بە مەرەکەب. هیچی نەگوت، چوو بۆ لای مودیری متەوسیطە، شکایەتی کرد، وە مودیر هات منی لە صنف دەرکرد، گوتی لێرە جێی خەراپەکاری و چەتەیی نییە، لەبەر ئەوە تۆ بڕۆ، لە پاش پێنج ڕۆژی تر، کە مەوعیدی ئیجتماعی موعەللیمەکان دەبێ، دەبێ بێیەوە قەراری ئیجتماعی موعەللیمەکان چی دەبێ، تەبلیغت دەکەین. منیش دەرچووم بە تێلگراف خەبەرم دایە باوکم.
رۆژی ئیجتماعی موعەللیمەکان، من هاتمەوە بەر دەرگای مەدرەسە، ئینتظاری قەراری موعەللیمەکان بووم. لەو وەختەدا پیاوێک هات، کە لە پاشدا زانیم ئەو پیاوە «ڕەفیق حیلمی» یە. ئەو وەختە موعەللیمی ثانەوی مووصڵ بوو، کە لە پێش چەند ڕۆژێک موحاضەرەیەکی بە عینوانی (لاكراد منذ فجر التأریخ) ی لە پێش هەزار کەس خوێندبوویەوە، وە ئەوەی گوێی لە موحاضەرەی «ڕەفیق حیلمی»، کە دەمانچەی بە دەستەوە بووە، ئەو موحاضەرەی خوێندبۆوە. زۆر زۆری لێ دەترسان.
ڕەفیق حیلمی نیزیکم کەوتەوە، وتی:
تۆ سەیید عەزیزی شەمزینیت؟
گوتم: بەڵێ
ڕەفیق حیلمی دەستی بردە گیرفانی خۆی، دەمانچەیەکی دەرهێناو دای بە من و گوتی:
با ئەو دەمانچەیەت لابێ، لە وەختی زۆر ئیحتیاجدا نەبێ، دەری نەهێنی وە ئیستیعمالی مەکە.
پاشان ڕەفیق حیلمی چوو بۆ ژووری ئیجتماعی موعەللیمەکان. پێش هەموو شتێک بە بێ سوئال و جەواب، یەخەی موعەللیم عەزیز جاسمی گرت وە پێی گوت: هەرچی لە لایەن تۆوە لە سەیید عەزیز شەمزینی بکرێ، سوێندی بۆ خوارد، کە دەیکوژێت. وە پاشان چوو بۆ لای مودیری مەدرەسە: ڕزقوڵا ئۆغستین، بەویش عەینی قسەی پێ گوت.
ئیجتیماعی موعەللیمەکان، کە لە پاش تەهدیدی ڕەفیق حیلمی کۆبوونەوە، قەراریان دا پانزە ڕۆژ بەبێ ئەوەی لە هیچ جێگایەک نەشر بکرێ، وەیا تەبلیغی من بکرێ، پانزە ڕۆژ نەچمە مەدرەسە، هەتا جەووی مەدرەسە کەمێک هێمن دەبێتەوە، چونکە هەموو طەلەبەکان کە عەرەب بوون، دەیانویست طەرد بکرێم، ئەو وەختە بە ئیعتیادی دەوامی مەدرەسە بکەم، وە من ئەو ساڵە هەرچەندە موعەللیمەکان: عەزیز جاسم هەوڵی دا، هەر ئەوەندەی پێ کرا کەمترین نمرەم بداتێ.»
دیارە هەڵوێستەكەی سەید عەزیز وەكو هەرزەكارێكی خوێن گەرم لەوانەیە بەلای هەندێكمان ئاسایی بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییەو من یەكەمجارمە بیبیستم ئەم هەڵوێست و ئازایەتییە بێ‌ ئەندازەیەی (رەفیق حیلمی)یە، لە شارێكی عەرەبیی و توندڕەوی وەكو موسڵ بێت و مامۆستایەكی ئاسایی بێت، كەچی بە دەمانچەوە دەوام بكەیت و هەڕەشەش لە ئیدارەی مەكتەب بكەیت و قسەشت بیخوات !!، جگە لەمەش پێدانی دەمانچەیەك بە گەنجێكی وەكو سەید عەزیزی شەمزینی، چ بوێرییەك بووە ئەم زاتە كردوویەتی !!.
ئەم دوو زاتە، واتە رەفیق حیلمی و سەید عەزیز شەمزینی، ئەمە دەبێتە سەرەتای ناسینیان و بۆ لەمەودوا رەفیق حیلمی كە هەم مامۆستای بوو، هەم لە حزبی هیوا سەرۆكی بوو، زۆر سیقە بە شەمزینی پەیدا دەكات، تەنانەت جارێكیان لە دوای دەستبەكاربوونی نوری سەعید لە ساڵی 1944 وەكو سەرۆك وەزیرانی عیراق، كە ئەو كات شۆڕشی كورد دەستی پێكردبوو بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی، كەسێكی كرد بە وەزیری بیلا وەزارەت بەناوی (ماجید مستەفا) تا وەكو چارەیەك لەگەڵ مەلا مستەفا بدۆزێتەوە، لەو كاتەدا كۆمەڵێك زابتی عەسكەر، (ئەفسەر)ی كرد بە مەسئولی ناوچەكان، لەوانە سەید عەزیز شەمزینی كرد بە مەسئولی ناوچەی مێرگەسۆر، و ماجید مستەفاشی كرد بە مەسئولی هەموو ئەفسەرەكان، بۆیە نوری سەعید كۆبوونەوەیەكی بە ئامادەبوونی ماجید مستەفا بە سەرجەم ئەفسەرە كوردەكان كردو بەكورتییەكەی وتی هەموو بڕیارێك لە ماجید وەردەگرن و چارەسەری كێشەكانیش لەگەڵ مەلا مستەفا دەبێ‌ بكەن.
لەم بارەیەوە، سەید عەزیز شەمزینی دەگێڕێتەوە:
ڕۆژێک بۆمان دیاری کرا، کە لەگەڵ ماجید مصطەفا بچین بۆ کوردستان. ڕەفیق حیلمی، کە سەرۆکی حیزبی (هیوا) بووو ئێمەش جگە لە فوئاد عارف، هەموو ضابطەکانی دیکەی ئیرتیباط، ئەندامی حیزبی (هیوا) بووین. لە ناو ئەو ضابطانە منی بانگ کرد، بە منی گوت: ئیعتیمادم(ئیعتیماد) لەسەر تۆ دەکەم و سەد دیناری دا بە من، گوتی ئەو سەد دینارە بە مەلا مستەفا بدە و پێی بڵێ: ئەوە لە حیزبی (هیوا) وە نێردراوە و پێی بڵێ بڕوا بە ماجید مصطەفا نەکات، ئەوە لە طەرەف نووری السعیدەوە نێردراوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی.
ڕۆژی پاشتر ئێمە لەگەڵ ماجید مصطەفا ڕۆیشتین بۆ ئەوێ، مەلا مسطەفا لەوێ بوو. ماجید مصطەفا بە مەلا مصطەفای گوت:
ئێمە واجبمان ئەوەیە، کە هەرچی مەلا مسطەفا بە باشی دەزانێ بۆ کورد، ئەوەمان پێ بڵێ و ئێمە ئەو شەوە میوانی لای مەلا مسطەفا ماینەوە، کە بۆ سوبەینێ مەطالیبی مەلا مسطەفا چییە، پێمان بڵێ.
ئەو شەوە، کە ماجید مصطەفا چوو بۆ نوستن، ئێمە تەنها ماینەوە لەگەڵ مەلا مسطەفا. ئێمە غایەکەمان باسمان (باس) کرد و من ئەو سەد دینارەی کە ڕەفیق حیلمی پێی دابووم، تەسلیم بە مەلا مسطەفا کرد و ئەو قسانەی ڕەفیق حیلمی پێی گوتبووم، ئەو قسانەم پێ گوت.
مەلا مسطەفا داواکانی خۆی بۆ حکوومەت، عیبارت بوو لەوە کە مەلا مسطەفا داوای کوشتنی محەمەد ئاغای زێباری بوووە گۆرینی چەند پۆلیسێک و موفەووەضێک بوو.
ئێمە بە «مەلا مسطەفا» مان گوت ئەو مەطالیبانە زۆر گچکەن و وە بێ ئەهمییەتن، دەبێ داوای مەلا مسطەفا لە حکوومەت، شتی سیاسی و بە کەڵک بێ بۆ کوردستان.
پاش موناقەشەی زۆر، مەلا مسطەفا گوتی: کە وابێ ئێوە، شتێ کە بە پێویستی دەزانن، بۆ من بنووسن، بە منی بدەن، دەیدەم بە ماجید مصطەفا.
ئێمە ئەو شەوە، تا بەرەبەیانی دانیشتین، ئەو شتانەی کە پێویست بوو، بە ناوی مەلا مسطەفا تەسلیمی ماجید مصطەفا بکرێ، بۆمان نووسی. مولخخەص ئەوە بوو، کە عیبارەت بوو داوای حوکمی زاتی (ئۆتۆنۆمی)، کە بە ئینتیخابی تر لە کوردستان بکرێ و داوای ئەرزاق و جل و شتێ کە پێویست بوو بۆ بارزانییەکان، کە زۆر فەقیر و هیچیان نەبوو، ئەو مەطالیبانە(مان) دا بە مەلا مسطەفا، کە بە خەطی خۆی بنووسێتەوە و بیدا بە ماجید مصطەفا.
ماجید مصطەفا، کە ئەو تەقریرەی مەلا مسطەفای خوێندەوە، گوتی:
من باش دەزانم کە فکری مەلا مسطەفا ئەوە نەبوو، ئەوە تەفکیری ئەو نییە، فیکری ئێوەیە، کە ئەندامی حیزبی (هیوا)ن، بەڵام منیش کوردم، تەئیدی ئەو قسانەی ئێوە دەکەم. ئەم تەقریرە بە نووری السعید دەدەم.
لاتان سەیر نەبێت ئەم زاتە گەورەیەی كورد سەید عەزیزی شەمزینی، وەكو رابەرەكانی پێشخۆی لە رووداوێكی گوماناویی لە 14/3/1999 لە تەمەنی 81 ساڵیدا لە بەرەبەیانێكی زوو لە شاری ورمێ‌، لە حەوشەكەی ماڵی خۆیدا بە كوژراوی هاوسەرەكەی دەیبینێت كە گوللە بە سەریەوە نراوەو خوێنی لەبەر دەڕواو بەمشێوەیە ئەویش بە (تیرۆر) ماڵئاوایی دەكات و یاداشتەكانی بە تەواونەكراوی بەجێدێڵێت.

*بۆ ئەم نووسینە سوودم لە كتێبی بیرەوەرییەكانی سەیید عەزیزی شەمزینی (زیندەگیی من) و چەند دەستنووسێكی یاداشتەكانی سەیید عەزیزی شەمزینی وەرگرتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن