لە سلێمانی پرۆژەی سینەما دژ بە توندوتیژی بەڕێوەدەچێت

کەلتوور

14/01/2022     ژمارەی بینراو 453

راچڵەكین -

ناوەندی غەزەلنووس و سینەما سالم، پڕۆژەیەكی هاوبەش لەژێر ناوی سینەما دژ بەتوندوتیژی بەڕێوە دەبەن و سبەینێ شەممە بە نمایشكردنی فلیمی (بەردی سەبوری) دەستپێدەكات.

بڕیارە سبەینێ شەممە، هەفتەی یەكەمی پڕۆژەی سینەما دژ بەتوندوتیژی لەشاری سلێمانی، بە نمایشكردنی فیلمی (بەردی سەبوری) دەست پێبكات، فیلمەكە لەدوو كاتی جیاواز (3ی پاش نیوەڕۆ) و (8ی شەو) نمایش دەكرێت و هاتن بۆ هەمووانەو بێ بەرامبەرە.

بەپێی راگەیەنراوی تایبەت بە پڕۆژەكە، پرۆژی "سینەما دژ بە توندوتیژی'' پڕۆژەیەكی هاوبەشی ناوەندی غەزەلنووس و سینەما سالم-ە، كە بریتییە لە نمایشی گشتی و بێ بەرامبەری ئەو فیلمانەی هەڵگری ئایدیای دژ بە پەڕگیری و دژ بە تووندوتیژی ئایینی و مەزهەبی و دژ بە مافەكانی مرۆڤن و ئایدیای سەرەكی ئەو فیلمانە نیشاندانی ئەو فەزا ترسناكەیە، كە هەر جۆرە بیركردنەوەیەكی تاك ڕەهەند و دەمارگیر دەتوانێت چەنێك ژیان لە مانا راستەقینەكانی دابماڵێت و چ وێرانەیەك لە سەر زەوەی بخولقێنێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، هەر بەم هۆیانە و لە سونگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و هەستكردن بە مەترسییەكانی تەشەنەكردنی ئەم جۆرە لە بیركردنەوە لە فەزای كولتووری و ژیانی ڕۆژانەی ئیمەدا و لە سونگەی باوەڕبوون بەوەی كە سینەما دەتوانێت ڕۆڵێكی گەورە و بەرچاو دژ بەم شێوە بیركردنەوە، تێڕوانین بۆ دونیا بگۆڕێت و جۆرێكی تر لە بیركردنەوە بەرهەم بێنیت، كە دواجار لە خزمەتی گەشەی كولتووریدا بێت ئەم دوو ناوەندە ئەم پرۆژەیە سەرپێ دەخەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن