حاكم رزگار: دادوەری بە هیچ پۆستێك ناگۆڕمەوە

چاوپێکەوتن

18/01/2022     ژمارەی بینراو 596

راچڵەكین-

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، پۆستی دادوەری پێخۆشترە لە پۆستی سەرۆككۆماری عیراق. دەشڵێت:" دادوەری بە هیچ پۆستێك ناگۆڕمەوە بەڵام من لە كۆتایی كاری دادوەریدام چەند مانگێكی كەمم ماوە."

-چی لە پشت خۆكاندید كردنەوەی حاكم ڕزگار-ەوەیە؟

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین سەبارەت بەوەی چی لە پشت خۆكاندیدكردنەوە هەیە یاخود چی هانیدا خۆی كاندید بكات كە لە ئێستادا ئەندامی بەرزترین دادگاكانی كوردستانن كە دادگای پێداچوونەوەیە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" سەرۆكی كۆمار وەزیفەیەكە وەك هەر یەك لە وەزیفەكانی تر لە وڵاتدا، ئەمە مافێكی دەستوریە بۆ هەر هاووڵاتیەك ئەم مافە بەكار بهێنێت، عێراقیەكان هەموویان لە ماف و لە بەردەم یاسادا یەكسانن، هەلی كاركردن و هەلی بەشداریكردن لە كارە گشتیەكان بۆ هەموو كەس ڕەخساوە بەپێی ماددەكانی 14،16، ماددەی 14 یەكسانییە و ماددەی 16 هەلی كار لەبەردەم هەموو كەس یەكسانە، لە ڕاستیدا منیش وەكو مافپەروەرێك كە ئەو مەرجانەم هەیە كە لە یاساكەدا دیاریكردووە، شارەزاییەكی پیشەیشم هەیە، وە لەناو ئەو پیشەیەی كە پەیڕەوم كردووە سلوكی فەرمانبەرێكی باشم پەیڕەو كردووە، لە خۆم ڕادەبینم و حەزیش دەكەم خزمەتی زیاتر بكەم هەتا ئەوەندەی توانا و تاقەتم هەیە، من كاری دادوەریم پێخۆشە لە هەموو كارێكی ترم پێخۆشترە، بەڵام من بەرەو كۆتایی هاتنی كاری دادوەری دەڕۆم، وە ئەویش ئەو پۆستەش كە وەربگیرێت هەروا دەبینم كە كاری دادپەروەرییە بەڵكو چۆن لە مەجالی دادوەری خۆمدا هەرچی توانیبێتم درێغیم نەكردووە بەو هیوایەشم كە لەو مەجالەشدا درێغی نەكەم بۆ خزمەتی خەڵك و بۆ خزمەتی دادپەروەری. "

-دەربارەی ئەوەی ئایا پێشتر ویستی خۆ كاندید كردنت هەبوو یاخود بڕیارێكی كتوپڕبوو؟

لە وەڵامدا حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین وتی:" لە مانگی هەشتەوە من لە بەغداد لە كۆنگرەیەك بووم، زۆر خەڵكم بینی لە كۆنگرەكە بەرەو ئەوە دەچوو كە هەڵبژاردن دەستپێبكات، هەندێك لە ڕۆشنبیرانی گەورەی عەرەب كە لەوێ بینیمن لە خەڵكی ئەكادیمی ئەو بیرۆكەیان لەگەڵدا باس دەكردم زیاتر هانیدام منیش لە ڕاستیدا ئەو كاتە لە ڕۆژنامەیەك لە ڕۆژنامەكانی بەغداد چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كردم و تەرحی ئەو بابەتە كرا منیش لە دڵی خۆمدا ڕەغبەتێكم هەبوو بەڵام ئەوە زیاتر هانیدام كە خەڵكێك هەیە بڕوای بەوە هەیە من شیاوم بۆ ئەو شوێنە واتە لەسەر بنەمای ئەوە كە خەڵكانێك باوەڕیان پێم هەیە كە من دەتوانم شتێك پێشكەشی ئەم وڵاتە بكەم. "

-ئایا بنەمای ئەو ئیمانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵەی كە بەڕێزتان بینیتان لە پرۆسەی دادگاییكردنی سەرانی ڕژێمی بەعس لە دوای 2003؟

وەڵامەكەی حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت:" ئەوە یەكێكە لەوانە، من لە ساڵی 1983 وە من لە وەزیفەدام ئەوە ماوەیەكی كەم بەڵام چونكە لە ڕێگەی میدیاوە بینرا بەڵام من لە ساڵی 1983 وە لە كاری عەدالەتدا كار دەكەم و كارم زۆر كردووە و بە هەمووی شانازی دەكەم كە ئەو قۆناغە هیچ درێغیم نەكردووە لەوەی كە بەبێ لایەنانە و بە خاوێنی و بەدەستپاكی و بە شێوەیەكی دروست و یاسایی ئیلتیزامم بە یاساوە كردووە، دیارە ئەو كەسانەی كە شارەزان و پسپۆڕی ئەو بوارەن دەزانن چی دەڵێن بەدڵنیاییەوە ئەمە دەورێكی تری هەیە كە من زیاتر ناسرام لە ڕێگەی میدیاكانەوە و دوای ئەوەش ئەوە 15 ساڵە ئەو دادگاییە تەواو بووە دیارە خەڵك بەدواداچوون دەكات، وە زۆر سوپاسی ئەو خەڵكانە دەكەم ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات و ناوەوەی وڵات و ئەوانەشی كە دەیانناسم و ئەوانەی كە نایانناسم، بە ڕاستی ئەو پشتگیریە زۆرە هاندانێكی زیاتر و سووربونێكی زیاتری داومەتێ من سوپاسی ئەو خەڵكانە دەكەم لە هەر شوێنێكی دنیام لە كورد و لە غەیری كورد لێرەوە لە ڕێگەی ڕادیۆكەی جەنابتانەوە ئەو سوپاسە بە هەموو خەڵك بگەیەنم كە متمانەیان بە من هەیە و گومانی باشیان هەیە بەرامبەرم. "

-حاكمڕزگار محەمەد ئەمین وەڵامی هەندێك تێبینی خەڵكی دەداتەوە كە دەڵێن، حاكم ڕزگار ناكرێت خۆی بخاتە ناو ململانێی ئەو پۆستەوە؟

لە وەڵامدا ڕزگار محەمەد ئەمین وتی:" ئەوەش دڵسۆزییە و دیوێكی تری ئەم بابەتەیە منیش پشتگیری ئەوان دەكەم بەڵام بۆچی وەها دەڵێن چونكە ئەوان نیگەرانیەكیان هەیە كە لە دڵسۆزی خۆیانەوەیە، برادەرێكی دڵسۆزی مناڵیم تەلەفونێكی تایبەتی بۆ كردووم پێم دەڵێت لەم بابەتە لەوانەیە تۆی تیا ناشیرین ببیت هەڵبەتە ئەم دیوێكی ڕاستی ئەو بۆچوونانەیە و منیش ڕێزێكی زۆر لەو بۆچونانە دەگرم بەڵام مرۆڤ دەبێت هەتا ئەزموونەكان ببینێت و بە شارەزایی خۆی هەوڵبدات ساحەكە چۆڵ نەكات واتە ئەزمونێكە و تاقیدەكەینەوە، ئەو تاقە و توانایەی خۆم دەخەمە بەردەم ئەو ئەزموونە بۆ ئەوەی بتوانیت (ڵا یُكَلِّفُ الڵّهُ نَفْسًا إِڵّا وُسْعَهَا) ئەوەندەی كە دەتوانم بیكەم بە نیەتێكی خاوێن بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكرێتەوە بۆ پلە و پۆست بچین و بۆ پارە و پارە كۆكردنەوە بچین، هەرچی بتوانین بە شێوەیەكی خاوێن و ئەمین هەروەك چۆن ئەو چەند ساڵانەی تر لە پیشەكەمدا كارم كردووە، من ئەگەر ئەم پۆستە وەربگرم هەڵبەت ئەمە ئەگەرێكی دووریشە چونكە بارودۆخی سیاسی ئەم بابەتە یەكلایی دەكاتەوە و ڕای كوتلە كوردییەكان لە دواجاردا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا ئەو بابەتە یەكلا دەبێتەوە بەڵام ئێمە ئەوەی كە لە تواناماندا هەیە دەیكەین هەندێك جار ئەو بیرۆكەیەش ڕاستە پێچەوانەكەی ئەوەش كە دەڵێن ئەگەر خەڵكێك نایەتە پێشەوە ئێمە بڵین چی ئەوەش پرسیارێكە كە دەكرێت."

-ئایا حیزب و لایەنە سیاسیەكان پشتیوانی حاكم رزگار دەكەن؟ 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كێ لە پشت خۆكاندیدكردنی حاكم ڕزگارەوەیە بەدەر لە پشتیوانی ئەو خەڵكە بەڵام ئایا هیچ حزبێك چ عێراقی چ كوردی ، هیچ كەسایەتی سیاسی لە پشت بەڕێزتانەوە هەیە كە خۆتان كاندیدكردووە یان بە سەربەخۆیی وەكو حاكم ڕزگار خۆت كاندید كردووە؟

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت: "بە سەربەخۆیی خۆم كاندید كردووە ، بەدڵنیایەوە هیچ لایەن و گروپێكی سیاسی لە پشت كاندیدكردنمەوە نیـیە،‌ بەڵام لە ناو حیزبە سیاسیەكانیشدا وەكو كەس كە هەواڵی كاندیدكردنی من بڵاوبوویەوە پێیان خۆشە زۆرێك لەوانەش پێیان خۆشە كە لە حزبی جیاوازدان لە كوردی و عەرەبی و بە هەموو ئاڕاستەكانیانەوە خەڵكانێك هەن كە لە دڵەوە پێیان خۆشە، وە هەندێك كەسایەتیش كە خەڵكی ڕۆشنبیرن و ئەكادیمین و شارەزایی كاركردنی پیشەییان هەیە زۆر لەوانە بۆچونیان وایە كە ئینسان بچێتە پێشەوە بۆ بەشداریكردنەكە ئەگەر توانی و هەلی كاركردنی هەبوو هەرچی چەند توانی با ئیش بكات."

-واتە خۆت قسەت لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان كردووە؟

لە وەڵامدا حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە وەكو سەربەخۆ لە هۆشیاری خۆمەوە بە تەنها بیرم لەم ئەركە كردۆته كە خۆم كاندید بكەم، ‌ بەڵام هاندەری من ئەو خەڵكە ڕۆشنبیرە و ئەو خەڵكانەن كە خەمی ئەم وڵاتەیان هەیە و خەمی خاوێنی ئیدارەیەكی ئازادی سەربەخۆی چوست و چالاكیان هەیە، ئەوانەی كە پێیانخۆشە خەڵكی وڵاتەكە بەرەو ڕەفاهیەتێك بڕوات بێگومان ئەوە بە تەنها بە سەرۆكی كۆمار ناكرێت بەڵام هەریەكە لە شوێنی خۆیەوە، دەسەڵاتەكان جیاكراونەتەوە بەڵام ئەوەندەی كە بتوانرێت گرنگە كە ئینسان خۆی پیشان بدات بۆ ئەوەی كە ئەو خزمەتە بكات، من خۆم خستۆتە بەردەم میللەتەكە و نوێنەرانی میللەتەكە با ئەوان بڕیار بدەن ئەگەر لەگەڵ ئەوەن بەلانی كەمەوە كەسی شیاو وردە وردە بچێتە شوێنی شیاو كە ئیدارە هەر بەوە ڕاست دەبێتەوە ئەوا با بڕیارێكی بە ویژدانانەی خۆیان بدەن، وە ئەگەر كەسی تر بڕیاری جۆرێكی تر دەدات كەیفی خۆیەتی ئەوە خەتای من نییە، ئەوە خەتای ئەوانەیە كە دەنگمان نادەنێ، ڕێز لەو دەنگنەدانەش دەگرم وەكو مرۆڤ. "

حاكم ڕزگار محەمەد لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئەو پشتگیریەی خەڵك بۆچی دەگەڕێتەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەم تۆڕی كۆمەڵایەتی كوردی و هەم عەرەبیش، ئەو پشتگیرییەی جەماوەر كە لە خەڵكی شەقام كۆمێنت نووسین و پۆست لەسەر كردنە بۆچی دەگەڕێتەوە لە كاتێكدا حاكم ڕزگار خاوەنی حزب نییە؟

حاكم ڕزگار وتی:"ئەوە دەبێت لەخۆیان بپرسرێت، هەڵبەتە خەڵك وشیارە بە تایبەتی ئەمڕۆ سۆشیال میدیا هەیە ئاگایان لە هەڵسوكەوتی خەڵكیە هەر كەسێك بێت بە چاكەكانی و بە خراپەكانیەوە بۆیە ئەمڕۆ ئامرازەكانی پەیوەندیكردن زۆرن و خێران، هەڵبەتە 40 ساڵ لە وەزیفەدا بووم و لە سلێمانی كارم كردووە بۆ ماوەیەكی زۆر، وە لە بەغداد كارم كردووە، لە هەولێر ماوەیەكی زۆرە كار دەكەم و لە لیژنەی تردا ئەم مەسیرەیەی من هەمە كەم نییە و لە 40 ساڵ نزیك دەبێتەوە، ئەو خەڵكانەی كە دەیانناسم و هەندێكی برادەرمن هەندێكیشیان ڕەنگە هەر لە دوورەوە یەكتر بناسین پەیوەندی دەكەن و دەستخۆشی دەكەن كە خەڵكی باش وردە وردە بچێتە كایەی كاركردنی وەزیفەوە هەڵبەتە لەناو وەزیفەشدا خەڵكی زۆر باشی تێدا هەیە لە هەموو مەجالەكاندا هەیە بەڵام هەتا ئەم نەفەس و ئەم ژمارەیە زیاتر بێت بەدڵنیاییەوە باشتر دەبێت و هەلی سەركەوتنی ئیدارەیەكی دروست حكومەت و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی كۆمار و پەرلەمان هەموو لە خزمەتی خەڵكیدا دەبێت و ئیدارەیەكی دروست خزمەتی باشی خەڵكی پێ بكرێت ئامانجەكەی من ئەمەیە چونكە من ئەمە بە وەزیفە دەزانم."

"ئەمە ڕێگایەكە و هەڵمانبژاردووە ئەنجامەكەی نازانیین چییە بەڵام بڕیار لای ئەنجومەنی نوێنەرانە، سەبارەت بە من سوپاسی هەر كەسێك و هەر لایەنێك دەكەم كە پشتگیری لە من دەكات، لە ڕاستیدا ئینسان بە تەنها ناتوانێت سەربكەوێت ئەگەر پشتگیری نەبێت، پشتگیری كوتلە كوردییەكان لە كوردستان ئەگەر پشتگیری نەكەن هەم هەلی سەركەوتن و بردنەوە نییە لەناو پەرلەماندا هەم هەلی سەركەوتنیش دوای ئەوەی ئەگەر ئەو پۆستەش، ئەمە بردنەوە و دۆڕاندن نییە بەڵكو كاندیدكردنە لەوانەیە دەنگ بهێنین یان نەیهێنین چونكە لەلای من بردنەوە و دۆڕاندن لەم بابەتەدا نییە بەڵكو من پرۆسەیەكی دیموكراسی مومارەسە دەكەم، دەمەوێت بەشدار بم لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا وەكو هەر كەسێكی تر مافی ئەوەی هەبێت بێتە ئەم پرۆسەیە و پرۆسەی دیموكراسیشی پێ دەوڵەمەند بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی بەشداری ئەم پرۆسە دیموكراسیە بكات كە منیش یەكێكم لەوان ."

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین لە وەڵامی ئەو پرسیارەی (پێتان وایە ئەگەر هەڵبژاردن لەناو خەڵكەوە بوایە، حاكم ڕزگار چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستە و سەركەوتنی زیاتر بوو؟

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت" بە ڕای خۆم بەڵێ. "

چۆن ئەو دڵنیایەت هەیە؟

لە وەڵامدا حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین وتی:" من فەیسبوكیشم نیـیە، بەڵام هەندێك ئەنجامی فەیسبوكم پێ دەڵێن كە خەڵكی زۆر پشتگیرم لێ دەكات، خۆم وەتس ئاپم هەیە زۆر نامەی پشتگیریم بۆ دێت لە خەڵكانێكەوە هەندێكیان هەر ناناسم، بەشێكی لەسەر شەقام تووشی دەبم ڕەنگە هەر كوردیش نەبێت جاری واهەیە پێم دەڵێن دڵمان خۆشە و پێمانخۆشە دەڵێن حەزدەكەین خەڵكانی باش ئیدارەی وڵاتی پێ بدرێت و میللەت دڵی پێخۆش دەبێت، ڕووناك بوونەوەی ژیانی خەڵكی هەڵبەتە هەر لە ڕێگەی خەڵكی باش و ئیدارەی باش و نیەتی باشەوە دێتە دی، هەموو ئەم ئیشانەی كە دەیبینین هەمووی دەبێت پسپۆڕی بێت ، ئیش دەبێت بدرێتەوە خاوەن كارەكانی خۆی ئەوانەی كە لێی دەزانن، خەڵكی شیاو بۆ شوێنی شیاو دانەنرێت هیچ ئیدارە و وڵاتێك سەركەوتوو نابێت. "

-ئایا پەیوەندی لەگەڵ هیچ لایەنێك كردووە بۆ دەنگهێنان؟

وەڵامەكەی حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین بەم جۆرە بوو:" نەخێر لایەنە كوردییەكان یان لایەنە عەرەبیەكان منیان بینیووە و ئەمبینن، وە كاندیدكردنەكە لە میدیاكاندا بڵاوبۆتەوە، ئەوەی كە دەیەوێت پشتگیریم لێ بكات ماڵی ئاوا بێت، ئەوەشی خۆی كاندیدی هەیە ئەوەش بابەتێكی ترە، ئەوەی كە كاندیدی هەبێت هەتا كاندیدی هەبێت و سوور بێت لەسەر كاندیدی خۆی ڕەنگە منیش بە مەنتیقی نەزانم بچێت ئەندامێكی تر هەڵبژێرێت بەڵام ئەم بابەتە كۆمێنتم هەیە لەسەری حزبە كوردییەكان بە تایبەتی حیزبە گەورەكان ئەمان حزبی نەتەوەیین دەبێت خەڵكی كوردستان هەموو بە یەك چاو تەماشا بكەن، دەبێت لە دائیرەی تەسكی حزبایەتی ئەم بابەتە بهێننە دەرەوە بە تایبەتی ئەگەر پۆستەكە بۆ پێكهاتەی كورد بێت هەر كوردێكی لێهاتوو چووە پێشەوە شەرفێكی گەورەیە بۆ حزبە كوردییەكان ئەوان پشتگیری لەو بكەن لەبەر ئەوە ئەوان دەتوانن پشتگیری لە ئەندامەكەی خۆیان بكەن ئاساییە و لۆمەش ناكرێن بەڵام كە وەكو حزبێكی نەتەوەیی نمایش دەكەن دەبێت هەموو خەڵكی كوردستان بە یەك چاو سەیر بكرێت بۆ پۆستەكان دەبێت سەیری توانا و لێهاتوویی بكرێت مەقایس دابنێن خەڵكیش دەبێت كاریگەری هەبێت لەسەر ڕای سەركردایەتی حزبەكان ئەگەر ئەو پشتگیریە كرا ماڵیان ئاوا بێت، نەشیان كرد ئەوە كەیفی خۆیانە ئێمە ئەوەی لەسەرمانە بەپێی ئەو توانا و ڕەغبەتەی كە هەمانە كە ئەمە كارێكی قورسیشە و كارێكی ئاڵۆزە. "

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت: "من لە ناو دادوەریدا ئەوەندە غەدرم لێكراوە هێشتا كاری دادوەریم لەبەرچاو نەكەوتووە بەڵام دادگا و دەزگای دادوەریم لەبەر چاو كەوتووە، من زۆر لە ئاستی ئیدارەی قەزائیدا زۆر ستەمكاری بەرامبەر من كراوە بەڵام لە شوێنی خۆمدا ئیشی خۆمم كردووە و بەردەوام دەبم هەتا ئەو ڕۆژەی خانەنشین دەبم، ئەمەش خزمەتێكی ترە بۆ خزمەتی خەڵكی، من بزانم میللەت منی ناوێت پێم عەیبە بچمە هیچ كێبڕكێیەكەوە كە پەیوەندی بە هەر وەزیفەیەكی گشتیەوە هەبێت."

كەواتە حاكم ڕزگار دادوەری پێخۆشترە یاخود پۆستی سەرۆك كۆمار؟

حاكم ڕزگار محەمەد وتی:" دادوەری بە هیچ پۆستێك ناگۆڕمەوە بەڵام من لە كۆتایی كاری دادوەریدام چەند مانگێكی كەمم ماوە."

هیچ لایەنێكی سیاسی پەیوەندیان پێوە نەكردووی وەكو پشتگیری بڵێن ئێمە دەنگ دەدەین بە تۆ ؟

حاكم ڕزگار دەڵێت" هەتا ئێستا نەخێر"

ئەی دژایەتیان نەكردووی؟

"هەتا ئێستاش هیچ دژایەتیەكیشم لە هیچ كەسێكەوە هەست پێنەكردووە."

حاكم ڕزگار دەربارەی ژمارەی زۆری ئەو كەسانەی خۆیان كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەڵێت" ئەمە پرۆسەیەكی دیموكراسیە كێ بەشداری تێدا دەكات مافی خۆیەتی وەكو چۆن من بەشداریم تێدا كردووە خەڵكانی تریش مافی خۆیانە بەشداری تێدا بكەن بەشتێكی ئاسایی سەیری دەكەم، من پێمخۆشە كە پرۆسەی دیموكراتی ئاوا بچێتەپێشەوە، خەڵكی بێلایەن بێنە كایەكە و بێنە مەیدانەكەوە چ ڕێگریەك هەیە لەسەر ئەوە ئەی پرۆسەی دیموكراسی واتای چی، بۆچی هەر لەسەر چەند كەسێك و چەند حزبێك ڕابوەستێت، ناكرێت بوترێت لە وڵاتدا ئەركم لەسەرە و مافی ئەوەم نەبێت لە پۆستێكی گرنگدا بەشداری بكەم ئەوەیان شتێكی خراپ نییە بۆ داهاتووی وڵات خراپ نییە، بۆ دواڕۆژی دیموكراسی و ئیدارەیەكی دروست دەبێت ئەو جۆرە شێوازەی كاركردن كە چەند ساڵە كراوە دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوان حزبەكاندا بێت و هاوڵاتی تری غەیرە حزبی دەرجە دوو و سێ بێت ئەمە شتێكی خراپە و من پێم باش نییە، بە حزبی سەركەوتوو دابنرێت و ئیدارەی سەركەوتومان پێ بدات زۆرمان پێباشە بەڵام ئێمە دەبینین كە ئیدارە وردە وردە بەرەو دواوە دەچێت. "

حاكم ڕزگار دەیەوێت چی بە تایبەتی بۆ كورد بكات كە لە دوای 2003 وە پۆستی سەرۆك كۆمار كورد بووە، دەتەوێت چ شتێكی جیاواز تایبەت بۆ كورد بكەیت، وە بۆ عێراقیش بە گشتی ئەگەر ئەو پۆستە وەربگریت؟

لە وەڵامدا، حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین ڕایگەیاند:" من دادوەرم و كەسێكی ڕاستگۆم هەرشتێك نەتوانم بیكەم نایڵێم بەڵام ئەوەی نیازی منە و ئامانجی من مافی مرۆڤ بپارێزم و پاراستنی دەستورە، لە دەستوریشدا مافی هەموو هاوڵاتیەكی عێراقی تێدایە لە ناویشیاندا كورد و كوردستانیش بۆیە لە هەر شوێنێك ستەم هەبێت من هەوڵدەدەم لەگەڵ ستەم لێكراودا بم ، وە یاسا و دەستور بپارێزم ئەوەش ئەركی ئەو سەرۆك كۆمارەیە كە هەڵدەبژێرێت، لەناو دەستوریشدا لە هەموو دەرگاكانی مافی مرۆڤی داوە، دەتوانرێت بچنە ناو ئەو بابەتانەوە كە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەكات، من ئەوەندە دەتوانم بڵێم لە هەر شوێنێك شكاندنی دەستور، شكاندنی مافەكانی مرۆڤ هەبێت من هەوڵدەدەم ڕێگربم و چارەسەری ئەو كێشانە بكەم، كوردیش یەكێكە لەو میللەتە ستەملێكراوانەی كە پێویستە بەرگریەكی تەواوی لێ بكرێت، لە ڕاستیدا من زۆر تەشەنوجی قەومیم نییە بە تایبەتیش ئەو پۆستەش كە وەردەگیرێت پۆستێكی گشتیە بۆ خەڵكی عێراقە ڕاستە بە پێكهاتەی كوردی دراوە بەڵام كە دەچنە ئەو شوێنە و سەر ئەو كورسیە دەبێت بە موڵكی یاسا و عەدالەت و پاراستنی دەستور و موڵكی هەموو خەڵكی عێراقیە بە تایبەتی كوردیش بەشێكە لەوەی كە دەبێت بە تەواوەتی بەرگری لەو مافانە بكرێت كە دەستور بەو میللەتە هەژار و ڕەشوڕووتەی داوە."

-داوات لێنەكراوە یان لە ژێر فشاردا نیت لە كاندیدبوون بكشێیتەوە كە خۆشت دەڵیت دەرناچم؟

وەڵامەكەی حاكم ڕزگار بەم جۆرە بوو:" فشار نییە بەڵام هەندێك برادەر بە ناڕاستەوخۆ قسە دەكەن، من ناكشێمەوە چونكە بابەتەكە لەلای من خۆ تەرحكردنە بۆ خزمەتێكی گشتی، ئەم خزمەتی گشتیە ئێستا تۆپەكە لە ساحەی حزبە كوردییەكاندایە و بە تایبەتی لە ساحەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندایە، ئەوان دەنگم دەدەنێ و ماڵیان ئاوا بێت و دەستیان خۆش بێت و دەنگم نادەنێت ئەوە كەیفی خۆیانە ئەگەر دەنگیان دا بە خەڵكێكی لەمن لێهاتوو ئەوە پیرۆزی بێت بەڵام ئەگەر دەنگیان دا بە كەسێك كە لە ئاستی مندا نەبێت بەپێی ئەو مەرجانەی كە هەیە ئەو كاتە ئەوە گوناحەكەی بۆ ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە كە دەنگەكە دەدەن، من ئەوەی لەسەرمە دەیكەم ئەوەشی كە لەسەریەتی نایكات ئەوە كەیفی خۆیەتی گوناحی خۆی خۆی هەڵیدەگرێت، من خۆم تەرحكردووە بۆ ئەوەی دەربچم بەڵام كە دەرنەچم لەلای من دنیا وێران نابێت. "

-ئایا لەبەر پاراستنی یەكڕیزی كورد دەكشێیتەوە؟

لە وەڵامدا حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین وتی:"ئەگەر یەكڕیزی كورد ئەگەر مەسەلە یەك كاندیدی بێت با كاندیدێك لە دەرەوەی حزبەكان دابنرێت خۆ مەرج نییە منیش بم، با ئەم جارە حزبە كوردییەكان با تۆزێك لە قاڵبی حزبی خۆیان بێنە دەرەوە مادام حزبێكی نەتەوەیین لەبەر ئەوە یەكڕیزی بۆ تێكدەچێت ئەگەر لە حزبێكی سیاسی نەبێت، با هەموو حیزبە سیاسیەكان ئەم جارە دەستنیشانی كەسێك بكەن كە گونجاوترین كەس بێت، شەرەفێكی گەورەیە بۆ حیزبەكان و ڕاستكردنەوەی مەساری هەڵەی دابەشكاری سیاسیشە، ئەو مەسارە ڕاست نییە كە ئێستا حزبە عێراقیەكان لەسەری دەڕۆن لە ناویشیاندا حزبە كوردییەكان كە بە تەنها دابەشكاری حزبی بێت، با بەدوای كەفائەتدا بگەڕێین با غەیرە حزبی بێت خۆ ئەمە نیشتمانیە و ڕەگەزنامەی ئەم وڵاتەی هەیە و خزمەت بەم وڵاتە دەكات ئەمە وایكردووە هەتا حزبەكان ڕووبەڕووی ئەو هەموو ڕەخنانە دەبنەوە با لە قاڵبی تەسكی حزبایەتی نەختێك بێنە دەرەوە بزانین خەڵكی ئەم وڵاتە چۆن بەختەوەر دەبێت ئەوە گرنگە خۆ حزب ئامانج نییە بەڵكو ئامرازە، من ئەدەبیاتی زۆری حزبەكانم خوێندۆتەوە ئەوان نابێت ببنە ئامانج و نابێت ببنە چینێك لەسەرو خەڵكەوە، دەبێت تاكی عێراقی بە گشتی و كوردیش كە بەشێكە لەو خەڵكە دەبێت ڕێزی بگیرێت و ڕێز لە تواناكانی بگیرێت، هەروەها‌ مەسەلەی دابەشكاری سیاسی دابەشكردنی پۆستەكان بەو شێوە تەسكە، ڕاستە ئەوان دەسەڵاتیان هەیە و توانایان هەیە و دەتوانن بەڵام باشتروایە حیزبەكانیش هەوڵبدەن كە هەموو شتەكان بە تەنها دیارینەكرێت بۆ ئەندامەكانی حزب."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن