ئەمڕۆ ماوەی دەستووریی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عیراق كۆتایی دێت

ڕاپۆرت

06/04/2022     ژمارەی بینراو 397

راچڵەكین-

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی نیسانی ٢٠٢٢، ماوەی دەستووریی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عیراق كۆتایی دێت. دوای ئەوەی لە ماوەی یەك مانگدا دوای یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی نوێنەران، بەھۆی ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە، نەتوانرا سەرۆككۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت.

ھاوكات چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی، بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ دەستووریی ھەمیشەیی یەكلایی بكاتەوە كە تایبەتە بە دۆسیەی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.

بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عیراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەكەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەركۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەوە دەنگی پێ بدرێت.

لە دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران كە لە یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنەكە لە رۆژی نۆی كانوونی دووەم بەڕێوەچوو، تا ئێستا تەنھا محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەدر، حاكم زاملی بە جێگری یەكەم و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردران.

رۆژی ١٣ی شوباتی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق بڕیاری دا د.بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەركۆمار بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی سەرۆككۆماری نوێ ھەڵدەبژێردرێت، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت كە لە ئەگەری درەنگكەوتنی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، ئەوا ھیچ بۆشاییەكی دەستووریی و یاسایی لە عیراقدا شایەنی باس نابێت.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە حەوتی شوباتی رابردوو، هەروەها ٢٦ و ٣٠ی مانگی ئاداری رابردوو، ھەوڵیدا سەرۆككۆماری نوێ ھەڵبژێرێت، بەڵام هەوڵەكانی سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، ئەوەیش بەھۆی رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان بە تایبەتیش ھاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتمان و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەبارەی یەكلاییكردنی پرسی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ.

لە یەكی ئەم مانگە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، بەھۆی ئەوەی نەیتوانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێكبھێنێت، دەرفەتی ٤٠ رۆژی دایە لایەنەكانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی كە حكوومەت سازانی نیشتمانی بەبێ رەوتی سەدر پێكبھێنن.

ناكۆكییەكانی رەتی سەدر لەگەڵ لایەنەكانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی (ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەكانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە)، پڕۆسەی سیاسی لە عیراق چەقبەستوو كردووە.

لەئێستادا چوارچێوەی ھەماھەنگی شاندێكی دانوستانكاری بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی پێكھێناوە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا گفتوگۆگردن لەسەر پێكھێنانی حكوومەتی نوێ سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكات لەنێویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن