ژیانی بوونەوەرە دەریاییەكان لەمەترسیدایە

مەڵتی میدیا

30/04/2022     ژمارەی بینراو 471

راچڵەكین-

زانایان هۆشداریی دەدەن لەوەی بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاو و هەواوەن ژیانی بوونەوەرە دەریاییەكان لەژێر گەورەترین هەڕەشەی لەناوچووندایە.

بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی (The Guardian) زانایان هۆشدارییان داوە لەوەی بەهۆی كاریگەرییەكانی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاو و هەواوە "كارەساتی گەورە بەڕێوەیە" كە رەنگە ببێتە هۆی لەناوچوونی لە سەدا ٩٧ی جۆری بوونەوەرە دەریاییەكان.

زانایان هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن، رەنگە گەرمبوونی گۆی زەوی گۆڕانكارییەكی گەورەی زەریاكان بەدوای خۆیدا بهێنێنت و هاوشێوەی ئەو كارەساتەی پێش ٢٥٠ ملیۆن ساڵ روویداوە هەڕەشەی جیددی لەسەر لەناوچوونی بوونەوەرە دەریاییەكان دروست ببێت.

لە ئەنجامی توێژینەوەكاندا زانایان بۆیان دەركەوتووە زەریاكان كە نزیكەی لە سەدا ٨٠ی ئۆكسجینی جیهان بەرهەمدەهێنن، بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی، گۆڕانی ئاو و هەوا، پیسبوون و كاریگەری راوكردنی لەرادەبەدەر، بوونەوەرە ئاوییەكان لەناو دەچن و ئۆكسجینی جیهانیش لە مەترسیدایە.

هەروەها ئەوەش ئاشكرا كراوە رێژەی لەناوچوونی ئۆكسجین لە زەریاكاندا لە ساڵی ١٩٦٠ەوە تا ئێستا چوار هێندە زیادی كردووە كە بە هۆیەوە ژیانی بوونەوەرە دەریاییەكان كەوتووەتە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون.

زانایان بانگەشەی ئەوە دەكەن تەنانەت لە ئەگەری پابەندبوون سەركردەكان بەو پەیماننامانەی لەبارەی ئاو و هەواوە واژوو كراوە، تاوەكو كۆتایی ئەم سەدەیە نزیكەی لەسەدا چواری دوو ملیۆن جۆر لە بوونەوەرە ئاوییەكان لەناو دەچن.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەكەن بەهۆی زیادبوونی ترشێتیی ئاوی دەریاكانەوە زیندەرەوانی دەریایی وەكو رۆبیان و گوێچكەماسی و هاوشێوەكانیان ناتوانن بەپێی پێویست قاوغ دروست بكەن.

لەكاتێكدا گەرمبوونی گۆی زەوی، گۆڕانی ئاو و هەوا، پیسبوون و كاریگەری راوكردنی لە رادەبەدەر لە زیابووندایە، بە گوێرەی زانیارییەكانی یەكێتیی پاراستنی سرووشتی جیهان لە ئێستادا لە سەدا ١٠-١٥ی جۆرەكانی بوونەوەرە دەریاییەكان مەترسی لەناوچوونیان لەسەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن