گیانلەدەستدانی سەركردەیەكی عیراقی گومان دروستدەكات

ڕاپۆرت

06/05/2022     ژمارەی بینراو 1069

د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لەكاتی بەشداریكردنی لە پرسەی ئەبو مەریەم ئەنساڕی

رووداوەكانی هاتوچۆ پرسیارە گەورەكە دەوروژێنێت

بەدواداچون - راچڵەكین

رۆژی هەینییە و 6ی ئایاری 2022ە، تەنها رۆژێك لە دوای تەواوبونی جەژنی رەمەزانە لای شیعەكانی عیراق، بەڵام هەواڵی گیانلەدەستدانی سەركردەیەكیان، خۆشیی كردووە بە شین و ماتەم، سەركردە نەیارە سیاسییەكانی ئەو پێكهاتەیەی كۆكردوەتەوە.

عەبدولكەریم یونس ئەنساڕیی، جێگری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر، لەكاتێكدا لەگەڵ هاوەڵەكانی لەسەر رێگایەكی نزیك شاری عەممارەی ناوەندی پارێزگای میسان-ی باشوری عیراق دەبن، تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن و گیان لەدەستدەدات.

ئەو رووداوە، كە هەواڵەكەی بڵاوكرایەوە، وەك هەر رووداوێكی دیكەی ئاسایی هاتووچۆ تەماشاكرا و پرسەكەی راگەیەندرا، بەڵام كەناڵی (سابرین نیوز) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە لە گروپەكانی (موقاوەمە)ی عیراقییەوە نزیكە و دەوترێت سەر بە (عەسائیبی ئەهلی حەق)ە، گومانی خستووەتەسەر رووداوەكە و پرسیارێكی گەورەی وروژاندووە، كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، رووداوەكانی هاتووچۆ گوماناوین و دەستی لە پشتەوەیە.

لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ عەبدولكەریم ئەنساڕیی ناسراو بە (ئەبو مریەم ئەنساڕیی) بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە و ڤیدیۆی رووداوەكەش بڵاوكراوەتەوە، كە زیانێكی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەكەی كەوتووە، بەڵام كەناڵی (سابرین نیوز) وێنەی چەند سەركردەیەكی دیكەی حەشدی شەعبی و بەرەی (موقاوەمە)ی بڵاوكردوەتەوە و گومانی ئەوەی دەربڕیوە، كە بۆچی هەموویان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە؟

كەناڵەكەی ناو تێلیگرام وێنەی هەندێك سەركردەی هێناوە لە نمونەی: سەید داغر موسەوی، فەرماندەی لیوای مونتەزڕ، ئەبو سادق خەشخەشی، فەرماندەی لیوای نۆیەم، ئەبو ئەلئەشتەر سەركردە لە كەتائیبی سەید ئەلشوهەدا، سەید ئەحمەد جابری بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكان لە دەستەی حەشدی شەعبی، سەلام دێراوی بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەسڕە، ئەبو ئەلحوڕ سەركردە لە كەتائیبی حزبوڵڵا.

نوسیویشیەتی (لیستەكە دورودرێژە و شەهیدەكانی دیكەش بە هەمان شێوە گیانیان سپاردوە).

ئەو گومانە لەكاتێكدایە، رووداوەكەی هەینی، لایەنە شیعە ناكۆكەكانی دوای هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەكەی كۆكردوەتەوە، ئەوەی سەردانی پرسەكەی كردووە و ئەوەی بە بروسكە و تەلەفۆن سەرەخۆشی كردووە.

لەم نێوەندەدا، سەرۆك كۆماری عیراق چۆتە پرسەكە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بە تەلەفۆن لەگەڵ هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر قسەی كردووەو سەرەخۆشی خۆیان راگەیاندووە.

لەم نێوەندەشدا، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر كە ناكۆكییەكی قوڵی لەگەڵ بەرەی رێكخراوی بەدر و هەندێك لە لایەنە شیعەكانی دیكەش هەیە، بە تەلەفۆن سەرەخۆشی لە هادی عامری كردووە.

ئەبو مریەم ئەنساڕی كێیە؟
 

*ساڵی 1959 لە پارێزگای بەسڕە لە باشوری عیراق لەدایكبووە.

*بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی بیركاری لە زانكۆی بەسڕە بەدەستهێناوە.

*خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لە زانستی سەربازی و خوێندكاری خوێندنی باڵاش بووە.

*مامۆستای وانەبێژ بووە لە كۆلێژی زانست لە زانكۆی بەغداد.

*لە ساڵی 2007ەوە جێگری ئەمینداری گشتی رێكخرای بەدر بووە.

*لە ساڵی 2018دا یەكێك بووە لە كاندیدە هەرە دیارەكانی هاوپەیمانێتیی فەتح بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق.

*پەرلەمانتار بووە لە خولی سێیەم و چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و بۆ ماوەی كورتیش پۆستی وەزیری شارەوانی لە كابینەكەی حەیدەری عەبادی-دا وەرگرتووە.

كەناڵی (سابرین نیوز) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا

پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی نزیك لە بەدواداچوونێكدا بۆ كەناڵی (سابرین نیوز) گەیشتووە بەو دەرئەنجامەی، كە تۆڕێكی سەرەكیی راگەیاندنی سەرجەم گروپەكانی (موقاوەمە)یە لە عیراقدا، بەڵام بەبێ دەنگی پەیوەندییەكی ناوازەی لەگەڵ (عەسائیبی ئەهلی حەق) هەیە.

(سابرین نیوز) لە 11ی كانونی دووەمی 2020 وەك كەناڵێكی بچوك لەسەر ئەپلیكەیشنی (تێلیگرام) دروستكراوە، بەڵام لە كۆتاییەكانی ئەو ساڵەدا بۆتە بەهێزترین كەناڵی (موقاوەمە) و كاریگەری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دروستكردووە.

بەگوێرەی پەیمانگای واشنتۆن، ئەو كەناڵە عیراقییە، هەم هەواڵی چەواشەكارانە بڵاودەكاتەوە، هەم هەواڵی راست و دروست، لەلایەك دژی حكومەتی عیراقە و لەلایەكی دیكەش دژایەتییەكی سەرسەختی ئەمریكا دەكات.

سەرەڕای ئەوەی دەوترێت سەربە (عەسائیب ئەهلی حەق)ە، لە بەدواداچوونەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، كە (سابرین نیوز) پەیوەندییەكی نایابی لەگەڵ گروپی (ئەسحاب ئەلكەهف) هەیە و لە چەند وێستگەیەكیشدا بەلانی كەمەوە راوێژكارێكی (كەتائیبی حزبوڵڵا)ی هەبووە.

لەئێستاشدا، (سابرین نیوز) لە پاڵ پەخشكردنی بە زمانی عەرەبی لە ئەپلیكەیشنی (تێلیگرام)، كەناڵێكی بە زمانی كوردی لە هەمان ئەپلیكەیشندا كردووەتەوە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن