ئۆكراینا؛ ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی سوپای رووسیا گەیشتە ٢٦ هەزار

جیهان

10/05/2022     ژمارەی بینراو 191

راچڵەكین-

سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئۆكراینا ئاشكرایكرد لە دەستپێكی جەنگەوە تا ئەمڕۆ، ژمارەی كوژراوانی سوپای رووسیا گەیشتووەتە ٢٦ هەزار سەرباز.

سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئۆكراینا نوێترین زانیاری لە بارەی زەرەر و زیانەكانی سوپای رووسیا لە ٢٤ی شوبات-١٠ی ئایار، خستەڕوو و كوژرانی ٣٥٠ سەربازی دیكەی سوپای رووسیای لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا راگەیاند.

بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئۆكراینا تا ئەمڕۆ، ٢٦ هەزار سەربازی رووسیا كوژراون، هەروەها ١٩٩ فڕۆكەی جەنگیی، ١٥٨ هێلیكۆپتەر، هەزار و ١٧٠ تانك، دوو هەزار و ٨٠٨ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ٥١٩ تۆپهاوێژ، ١٨٥ مووشەكهاوێژ و ٨٧ سیتسمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا، تێكشكێندراون.

راشیگەیاندووە كە رووسیا هەزار و ٩٨٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، ٣٨٠ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و ١٢ كەشتی و یەختی خێرایی مامناوەندی لەدەستداوە.

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە توانراوە ٩٤ مووشەكی ئاراستەكراوی سوپای رووسیا لەلایەن یەكەكانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆكرایناوە تێكبشكێنرێت.

ئەوە لەكاتێدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا پێشتر لە راگەیەندراوێكدا كە لە ٢٥ی ئاداری رابردوو بڵاوی كردبووەوە كوژرانی هەزار و ٣٥١ سەربازی لە ئۆكراینا راگەیاندبوو.    

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن