رووسیا هەڕەشەی سەربازی لە دوو وڵاتی ئەوروپا دەكات

جیهان

12/05/2022     ژمارەی بینراو 305

راچڵەكین –

رووسیا كاردانەوەی توند بەرامبەر خواستی فنلەنداو سوید بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، نیشاندەدات و بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی دەزانێت، جێگری نوێنەری هەمیشەیی رووسیاش لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: خاكی ئەو دوو وڵاتە دەبێتە ئامانجی هێزەكانمان.

دیمیتری بولیسانكی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە لێدوانێكدا، هەڕەشەی لە سویدو فنلەندا كرد ئەگەر ببنە ئەندامی ناتۆ، ئەوا خاكی وڵاتەكانیان دەبێتە ئامانجی هێزەكانیان.

ناوبراو رایگەیاند، بوونی سویدو فنلەندا بە ئەندام لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا، كە مۆسكۆ دەستەوەستان نابێت و بەرەنگاری خواستە هەژموونییەكانی ناتۆ دەبێتەوە.

هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوی تەكنیكیی سەربازیی لەدژی سویدو فنلەندا كرد ئەگەر هەوڵەكانی بوونیان بە ئەندامی ناتۆ سەربگرێت.

وەزارەتەكە رایگەیاندووە، گوشارەكانی ناتۆ بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆسەر سویدو فنلەندا بەمەبەستی ناچاركردنیان بە چوونە ناو رێكخراوەكە، ئامانج لێی بەردەوامیدانە بە هەوڵە فراوانخوازییەكانیان لەسەر سنوورەكانی رووسیا، بۆئەوەی ببنە مایەی هەڕەشە لەسەر مۆسكۆ.

لەچەند رۆژی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی فنلەندا كە وڵاتەكەیان هەزارو 300 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ رووسیا هەیە، خواستی خۆیان ئاشكراكرد لەماوەیەكی كەمدا ببنە ئەندام لە ناتۆ، هاوكات حكومەتی سویدیش بەنیازە بەفەرمی داواكاری بۆ بوونە ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی پێشكەش بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن