هەندێك لەو كارە هەڵانەی بۆ خۆپارێزی لەكۆرۆنا ئەنجامی دەدەین چین؟

ڕاپۆرت

25/03/2020     ژمارەی بینراو 713

راچڵەكین-

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، كە لە شاری وهان لە چین سەریهەڵدا و بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، لە رێگەی بەركەوتن و پرژەی ناو دەمەوە بڵاودەبێتەوە و دەگوازرێتەوە. دژەبەكتریاكان چارەسەری ئەو ڤایرۆسە ناكەن و هێشتا هیچ پێكوتەیەكیشی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

بە پێی زانیاریی پسپۆڕان، ئەو هەڵانەی بە راست دادەنرێن بەم شێوەیەن:

هەڵە: خواردنی ترشیات سیستمی بەرگریی لەش بەهێزدەكات و لە نەخۆشێ دەیپارێزێت.

راست: ئەو ترشیاتانەی لەماڵەوە دروستدەكرێن بەهۆی پڕۆبیۆتیكەكانی ناویەوە تاڕادەیەك سیستمی بەرگریی بەهێزدەكات بەڵام خواردنی لەڕاددەبەدەری ترشیات رێژەی خوێ لە لەشدا بەرزدەكاتەوە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و گۆڕانی هاوسەنگی شلە لە لەشدا.

هەڵە: ئاوی سەروپێ مەرجی بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەشە.

راست: هیچ خواردنێكی تایبەت نییە كە تایبەت بێت بە بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش. ئەوەی گرنگە پەیڕەوكردنی سیستمە خۆراكێكی تەندروست و هاوسەنگە. بێگومان سیستمی بەرگریی بۆ پاراستن لە ڤایرۆس گرنگە، لێكۆڵینەوە زانستییەكانیش گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی سێ رێگا بۆ بەهێزكردنی سیستمە بەرگریی لەش هەیە كە بریتین لە سیستمی خۆراكی هاوسەنگ، خەوی پێویست و وەرزش.

هەڵە: دەكرێت كۆڵۆنیای بێكحول وەك پاكژكەرەوەی دەست بەكاربهێندرێت.

راست: بۆ ئەوەی هەر شلەیەك تایبەتمەندی پاكژكەرەوە لەخۆبگرێت پێویستە لایەنی كەم سەدا ٧٠ كهولی تیادا بێت. لەو شوێنانەی پاكژكەرەوەی دەست نییە دەتواندرێت هەر جۆرە شلەیەك كە رێژەی سەدا ٨٠-٩٠ كهولی تیادا بێت وەك پاكژكەرەوەی دەست بەكاربهێندرێت.

هەڵە: لەگەڵ گەرمبوونی هەوا ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناودەچێت.

راست: ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بە پلەی گەرمای بەرز لەناوناچێت. بەڵام كاتێك هەوا گەرم دەبێت خەڵكی بۆ ماوەیەكی زۆر لە شوێنی داخراودا نامێننەوە. هەواگۆڕكێ لە ماڵان و شوێنی كارەكاندا زیاتر دەبێت. بەمشێوەیەش ڤایرۆسەكە كەمتر لەڕێی هەوای پەنگخواردوەوە دەگوێزرێتەوە. هەروەها بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە ڤایرۆسەكە كەمتر لە هەوای كراوەدا بەرگە دەگرێت.

هەڵە: ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) تەنها كاریگەری لەسەر كەسانی بەساڵداچوو دروست دەكات.

راست: ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) كاریگەری لەسەر هەموو تەمەنێك دەكات. قورسی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە بەپێی هەڵكشانی تەمەن زیاددەكات. بەتایبەت مەترسییەكەی لەسەر ئەو كەسانە زیاترە كە تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە، رێژەی مردن لە كەسانی خوار تەمەن ٤٠ ساڵ لە هەزاردا دووە، بەڵام ئەم رێژەیە لە كەسانی سەروو ٨٠ ساڵ لە سەدا ١٥یە.

هەڵە: ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) ڤایرۆسێكی دروستكراوە.

راست: ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) ڤایرۆسێك نییە كە لە تاقیگەدا دروستكرابێت بەڵكو لە سەرچاوەیەكی سرووشتییەوە بڵاوبووەتەوە. خۆی لەخۆیدا لە روانگەی پزیشكییەوە دەركەوتنی پەتای ڤایرۆسی نوێ لە رۆژهەڵاتی كیشوەری ئاسیا شتێكی چاوەڕوانكراوبوو. چڕی دانیشتووان، بوونی ئاژەڵی جۆراوجۆری زۆر و بەركەوتنی زۆری نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ لەو ناوچانە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی جیاواز.

هەڵە: پێكوتەی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) دۆزراوەتەوە بەڵام هێشتا نەخراوەتە بازاڕەوە.

راست: تا ئێستا هیچ پێكوتەیەك بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) نەدۆزراوەتەوە. ئەم بوارە بوارێكە كە كاری زۆر و خێرای تیادا دەكرێت. هەرچەندە تا ئێستا پێكوتەی ڤایرۆسەكە نەدۆزراوەتەوە بەڵام نزیكەی ٣٠ لێكۆڵینەوەی زانستی لەسەر كراوە. هەروەها پەیوەندی نێوان ڤایرۆسی كۆرۆنا و سیستمی بەرگریی تا ئیستا رووننەبووەتەوە هەربۆیە نازاندرێت ئەو پێكوتانەی دەدۆزرێنەوە بەماوەی چەند دەتوانن كاریگەری دروستبكەن. وا چاوەڕوانناكرێت لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا پێكوتی ڤایرۆسەكە بدۆزرێتەوە.

هەڵە: لە چارەسەركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) بەكارهێنانی دژەبەكتریا پێویستە.

راست: ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) جۆرێكە لە ڤایرۆس و دژەبەكتریا كاریگەری لەسەر ڤایرۆس دروست ناكات.

هەڵە: ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەڕێی ئاژەڵە ماڵییەكانیشەوە دەگوێزرێتەوە.

راست: لەو لێكۆڵینەوانەی تا ئێستا ئەنجامدراون هیچ حاڵەتێكی گوێزانەوەی ڤایرۆسەكە لە ئاژەڵی ماڵییەوە بۆ مرۆڤ تۆمارنەكراوە.

هەڵە: ئەوبڕیارە نوێیانە گیراونەتەبەر كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەناوی بەڵگەنامەی نهێنییەوە بڵاوكرابوونەوە.

راست: ئەو بڕیارانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەژێر ناوی بەڵگەنامەی نهێنی بڵاوكراونەتەوە دوورن لە راستییەوە، هەر بڕیارێكی نوێ بدرێت لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە بە نووسراوی فەرمی بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكرێت و هێچ شتێكی شاراوەی تیادا نییە.

هەڵە: ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە توێكڵی سەوزە و میوەكاندا دەمێنێتەوە، هەربۆیە پێویستە میوە و سەوزەكان پێش خواردنیان پاكبكرێن.

راست: هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە بیسەلمێنێت خواردنی میوە و سەوزە بە توێكڵەوە مەترسی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) زیاددەكات. ئەگەر سەوزە و میوە بەباشی و بەشێوەیەكی تەندروست بشۆردرێتەوە دەتواندرێت بە توێكڵەوە بخورێن.

هەڵە: بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) پێویستە كاتێك لە دەرەوە دێینەوە بۆ ماڵەوە جلوبەرگەكانمان پاكبكەینەوە.

راست: پاككردنەوەی جلوبەرگ دوای گەڕانەوە بۆ ماڵ هیچ كاریگەرییەكی لەسەر رێگریكردن لە ڤایرۆسەكە نییە. وا باشە وەك رابردوو جلوبەرگ تەنها لەكاتی پیسبووندا بشۆردرێت.

هەڵە: خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) كارێكی ئاستەمە.

راست: لە كاتی پابەندبوون بەو رێنماییانەی بڵاوكراونەتەوە، دەتوانین خۆمان بپارێزین. بەتایبەت پابەندبوون بە یاساكانی كەرەنتین كردنی ئەو كەسانەی توشی ڤایرۆسەكەبوون یان گومانی توشبوونیان لێدەكرێت بۆ رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە و پاراستنی كەسەكانی دەوروبەری توشبووەكە كارێكی زۆر گرنگە.

هەڵە: ئەو دەمامكانەی رۆژانە بەكاریان دەهێنین دەتوانین بیانشۆین و بەكاریان بهێنینەوە.

راست: دەمامكی پزیشكی تەنها بۆ ماوەی ٣-٤ كاتژمێر بەكاردەهێندرێت و دواتر دەبێت بگۆڕدرێت، دەمامك ئەگەر بشۆردرێت كاریگەرییەكەی لەدەستدەدات.

هەڵە: بۆ زیادكردنی بەرگریی جەستەی كەسە تەندروستەكان پێویستە بەرهەمەكانی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی و حەپی ڤیتامینەكان بەكاربهێندرێت.

راست: كەسانی تەندروست پێویستیان بە بەكارهێنانی بەرهەمەكانی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی نییە. ئەوەندە بەسە پابەندبن بە سیستمی خۆراكێكی هاوسەنگ، خەوێكی تەندروست و پلانێكی وەرزشی رێكوپێك. بەكارهێنانی یەك بەرهەمی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی بۆ پاراستن لە نەخۆشێ سوودی نییە. تەنها ئەو كەسانەی خۆیان گرفتی كەمی ڤیتامینەكانیان هەیە دەتوانن ڤیتامین وەربگرن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن