خەڵاتی نۆبڵی 2022 لە بواری پزیشكیدا بەخشرایە زانایەكی سویدی

هەمەڕەنگ

03/10/2022     ژمارەی بینراو 483

راچڵەكین –

پزیشكێكی سویدی بەهۆی كاركردنی لەسەر گەشەسەندنی مرۆڤ، توانی خەڵاتی نۆبڵی 2022 لە بواری پزیشكیدا بەدەستبهێنێت، كە باوكیشی لەساڵی 1982 هەمان خەڵاتی پێ بەخشراوە.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی كە لە ماڵپەڕی فەرمیی نۆبڵ-ەوە بڵاوكراوەتەوە، بەهۆی دۆزینەوەكانی لە بواری جینۆمە شێوە مرۆڤەكان، كە رووی لە لەناوچوون كردووە، خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ لە بواری پزیشكیدا بەخشراوەتە سڤانتی پابۆ، زانای بواری زیندەوەرزانی.

لە راگەیەندراوەكەدا، ئاماژە بەوە كراوە كە سڤانتی پابۆ لە رێگەی داتای جینۆمی ئێسكێكی بچوكی پەنجەوە، توانیویەتی چەند جۆرێكی كە ناوی "دێنیسۆڤان"ی لێنراوە و 30 هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاون، بدۆزێتەوە.

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ، ئەوەشیان ئاشكراكرد كە ئەو پزیشكە سویدییە، ریزبەندی جینۆمی مرۆڤی نیاندەرتال، كە جۆرێكن لە مرۆڤ و نزیكەی 200 هەزار بۆ 35 هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاون، رێكخستووە.

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ، خەڵاتێك بە بەهای 10 ملیۆن كرۆنی سویدی دەبەخشێتە سڤانتی پابۆ.

سڤانتی پابۆ كێیە؟

سڤانتی پابۆ، لە ساڵی 1955 لە شاری ستۆكهۆڵم-ی پایتەختی سوید لەدایكبووە، دایك و باوكی زانای كیمیا و بایۆكیمیا بوونە.

پابۆ، كە خوێندنی لە زانكۆی ئۆپساڵا تەواو كردووە، بەهۆی كارەكانییەوە لەبواری پزیشكی، لەساڵی 1992وە تاكو ئێستا، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.

سڤانتی پابۆ، چەندین كتێبی لەسەر گەشەسەندنی مرۆڤ نووسیوەتەوە.

باوكی پابۆ، سوونە بێرگسترۆم، بەهۆی دۆزینەوەكانی لەسەر ماددەی پرۆستاگلاندین لە ساڵی 1982 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری پزیشكیدا بەدەستهێناوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن