ئێلۆن ماسك كۆتاییهاتنی قۆناغی كڕینی تویتەری راگەیاند

هەمەڕەنگ

28/10/2022     ژمارەی بینراو 281

راچڵەكین-

بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیاكانی تێسلا و سپەیس ئێكس، ئاشكرایكرد، قۆناغی تایبەت بە كڕینی تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر كۆتایی هاتووە.

راگەیاندنەكانی ئەمریكا، هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە، ئێلۆن ماسك كۆتاییهاتنی قۆناغی كڕینی تویتەری راگەیاندووە، هاوكات هەریەك لە بەڕێوبەری گشتی، بەرپرسی كاروباری دارایی، بەڕێوبەری كاروباری یاسایی و راوێژكاری گشتیی تویتەری لەكار لابردووە.

پێشتر ئێلۆن ماسك لە سەدا ٩،٢ی پشكەكانی تویتەری كڕیبوو، بەڵام لە ١٤ی نیساندا راگەیەندراوێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی كاروباری دارایی و بۆرسای ئەمریكا (SEC) كرد و پێشنیازی كڕینی تەواوی پشكەكانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەی كرد، لە ٢٥ی نیسانیشدا تویتەر، ئەوەی راگەیاند كە رێككەوتنێك واژوو كراوە بۆ فرۆشتنی تەواوی پشكەكانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكە بە ماسك.

بەڵام دواتر لە ١٣ی ئایاردا ئێلۆن ماسك ئەوەی ئاشكرا كرد كە قۆناغی كڕینی تویتەر بەرامبەر بە نزیكەی ٤٤ ملیار دۆلار، بە شێوەیەكی كاتی هەڵپەسێردراوە. ئێلۆن ماسك دەربارەی هۆكاری هەڵپەساردنەكەش روونكردنەوەیەكی لە هەژماری خۆی بڵاوكردبووەوە و نوسیبووی: "چاوەڕێی وردەكاری تایبەت بە بەكارهێنەرانی هەژمارە ساختەكان دەكەم كە كەمتر لە لەسەدا پێنجی بەكارهێنەرانی تویتەر پێكدێنن".

لە هەشتی تەمووزیشدا ماسك، بەهۆی چەند پێشێلكارییەكی یاساییەوە گرێبەستی كڕینی تویتەری هەڵوەشاندەوە. پارێزەرەكانی ناوبراو لە راگەیەندراوێكدا كە پێشكەشی ئەنجوومەنی كاروباری دارایی و بۆرسای ئەمریكایان كردبوو، ئەوەیان خستبووەڕوو كە تویتەر وەڵامی چەند داواكارییەكی نەداونەتەوە كە تایبەتبوون بە بەكارهێنەرانی هەژمارە ساختەكان.

تویتەریش لە بەرامبەر هەڵوەشاندەوەی گرێبەستەكەدا داوای یاسایی لە دژی ئێلۆن ماسك تۆمار كرد.

بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا جارێكی دیكە ماسك، پێشنیازی كڕینی تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەری لە بەرامبەر ٤٤ ملیار دۆلاردا خستە بەردەم ئەو كۆمپانیایە.

ئەو دادوەرەی كە سەرپەرشتی داواكەی دژبە ماسكی دەكرد، بۆ تەواوكردنی گرێبەستەكە تا ٢٨ی تشرینی یەكەم، بڕیاری هەڵپەساردنی داواكەی دا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن