دەنگی ناڕەزایی لەدژی ئۆكراینا بەرزدەبێتەوە

جیهان

19/11/2022     ژمارەی بینراو 651

راچڵەكین -

لەناوخۆی ئەوروپا دەنگی ناڕەزایی لەدژی ئۆكرایناو سەرۆكەكەی بەرزدەبێتەوەو داوا دەكرێت ناردنی چەك بۆ ئەو وڵاتە رابگیرێت، پەرلەمانتارێكی فەرەنسیش دەڵێت: زیلێنسكی كەسێكی مەترسیدارەو ئەگەری هەیە پەلكێشمان بكات بۆ جەنگێكی جیهانیی لەدژی رووسیا.

نیكۆلا دوبۆن، ئەندامی پەرلەمانی فەرەنسا، داوای لە وڵاتەكەی و سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا كرد، كۆتایی بە ناردنی چەك بۆ سوپای ئۆكراینا بهێنن و رایگەیاند: بەردەوامبوونی رەوانەكردنی چەك بۆ ئۆكراینا، دەرفەت دەداتە ڤۆلۆدیمێر زیلێنسكی سەرۆكی ئەو وڵاتە، لەبری راگرتنی شەڕی نێوان وڵاتەكەی و رووسیا، شەڕەكە بۆ جەنگی جیهانیی فراوان بكات و هەموو لایەك تێوەبگلێنێت.

ئەو پەرلەمانتارەی فەرنسا، سەرۆكی ئۆكراینای بە كەسێكی مەترسیدار وەسفكرد كە ئەگەر چەكی پێویستی لەبەردەست بێت، دوور نییە هەموو جیهان لە جەنگێكی جیهانیی وێرانكەر تێوەبگلێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە ئەمریكاو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كرد كۆتایی بە ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ ئۆكراینا بهێنن، وتی:" دەمانەوێ كۆتایی بە شەڕی رووسیاو ئۆكراینا بهێنرێت و هەردوولا بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، نەك شەڕەكە بۆ جەنگێكی نوێی جیهانیی پەلبهاوێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن