زانكۆی سلێمانی چەند بڕیارێكی لەبارەی خوێندكارانەوە دەركرد

کوردستان

23/11/2022     ژمارەی بینراو 268

راچڵەكین-

زانكۆی سلێمانی بۆ سەلامەتی گیانی خوێندكاران چەند بڕیارێكی لەبارەی سیستمی غازی شلی بەشە ناوخۆییەكان دەركرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د.پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران، لەگەڵ  بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەكانی زانكۆ و لێپرسراوی هۆبەی هونەری بەشەناوخۆییەكان و  بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانكۆ و لیژنەیەكی ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە.

د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران، راگەیاند: كۆبوونەوەكە بۆ بڕیاردان بوو سەبارەت بە سیستمی غازی شل (LPJ)ی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی، كە ٢٧ تەنكی غازی شلمان هەیە لە بەشە ناوخۆییەكانی كەمپی نوێ و ناوشار و عەواڵ، لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێكی پێویست دران، لەپێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی خوێندكارانی ئازیزمان لە بەشەناوخۆییەكان، كە ئەمانەی خوارەوەن:

١- دروستكردنی سێ لیژنەیەكی باڵا بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و كۆمپانیای جێبەجێكار، بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك سەبارەت بە سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەكان.

٢ـ دروستكردنی سێ لیژنەی هونەری بۆ جێبەجێكردن و سەرپەرشتیكردنی ڕۆژانەی سیستمی غازی بەشەناوخۆییەكان.

٣ـ كردنەوەی خولی راهێنان بۆ لیژنە هونەرییەكانی زانكۆ لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكاری سیستمی غازی بەشەناوخۆییەكان.

٤- بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانكۆ خولی پێدانی زانیاری لەسەر پێدانی سیستمی غازی بەشەناوخۆییەكان بۆ خوێندكاران دەكاتەوە،  بۆ چۆنیەتی ئامادەكردن و گەرمكردنەوەی خواردنەكانیان.

٥- پێكهێنانی لیژنەیەكی ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكاری سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەكان، بۆ ئەوەی لەكاتی  دروستبوونی هەر كێشە و كەموكوڕییەك، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی هونەری زانكۆ ئاگادار دەكرێنەوە،  كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سیستمەكە.

٦ـ زیاتكردنی گرەنتیكردنی (زەمان)ی پاراستن و چێككردنی سەرجەم تانكی غازەكان و سیستمەكەی لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكار.

د.پێشڕەو حەمەجان، ئاماژەی بەوەشدا:"ئیدارەی گشتی یەكێتی كە پێشتر رۆڵی هەبووە لە رووی داراییەوە لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كە سیستمەكەی داناوە، وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتیان  لیژنەیەكیان ناردووە، كە ئەم لیژنەیە لە رێگەی كۆمپانیاكەوە بەشداری كۆبوونەوەكانیان كردووە، بۆ ئەوەی بەشداربن لە چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان، لەپێناوی سەلامەتی گیانی خوێندكارانی بەشەناوخۆییەكانی زانكۆمان."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن