ئۆكراینا بەشێك لە دانیشتوانی كیێڤ دەگوازێتەوە

جیهان

23/11/2022     ژمارەی بینراو 294

راچڵەكین -

دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا بەنیازن بەشێك لە دانیشتوانی شاری كیێڤ-ی پایتەخت بۆ ناوچەكانی دیكەی ئەو وڵاتە بگوازنەوە، پارێزگاری شارەكەش دەڵێت، ئەو بڕە غازو كارەبایەی هەیە، بەشی هەموو دانیشتوان ناكات.

ڤیتالی كلیچكۆ، پارێزگاری كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكراینا بە رۆژنامەی بیڵد-ی ئەڵمانی راگەیاندووە، لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای رووسیا كە ژێرخانی كارەباو وزەی كیێڤ-ی خاپوور كردووە، لەئێستادا ناتوانین كارەباو غازی پێویست بۆ سەرجەم دانیشتوانی شارەكە دابین بكەین.

وتیشی:" لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماو سۆڵەو دابەزینی پلەكانی گەرما، بەدڵنیاییەوە ئەو بڕە غازو كارەبایەی ئێستا لەبەردەستە، بەشی هەموو دانیشتوانی كیێڤ ناكات، بۆیە پلانێك لەئارادایە بۆ گواستنەوەی بەشێك لە دانیشتوان بۆ ناوچەكانی دیكەی ئۆكراینا".

بەوتەی پارێزگاری كیێڤ، لەوەتەی كەرتی كارەبای شارەكە بۆردومانكراوە، ناچارن رۆژانە چەندین كاتژمێر كارەبا لە زۆربەی ناوچەكانی پایتەخت ببڕن، راشیگەیاند، دەبێ خۆمان بۆ خراپترین ئەگەر ئامادەبكەین، ئەویش مانەوەی هاووڵاتیانە بەبێ كارەباو غاز، كە ئەمەش زۆر سەختەو هاووڵاتیان بەبێ ئەو دوو هۆكارەی خۆگەرمكردنەوە، ناتوانن بەرگەی سەرمای سەخت بگرن.

كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكراینا، كە بەر لە دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكانی سوپای رووسیا، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی سێ ملیۆن كەس بوو، لەدوای هێرشەكانەوە بەشی زۆری دانیشتوانەكەی لەترسی بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەكانەوە، شارەكەیان جێهێشت و هەندێكیان بەرەو دەرەوەی وڵات و ئەوانی دیكەش بەرەو ناوچە ئارامەكانی ناوخۆی ئۆكراینا كۆچیان كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن