بانکی ناوەندی چۆن گەورەترین گورزی لە بەهای دینار وەشاند؟

ڕاپۆرت

30/01/2023     ژمارەی بینراو 1847

راچڵەکین –

بڕيارده‌رى ليژنه‌ى دارايى له‌ خولى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق بەرپرسیارێتی دابەزینی بەهای دینار دەخاتە ئەستۆی بانکی ناوەندی و رایگەیاند "دوو ساڵ لەمەوبەر بانكى ناوه‌ندیی ئه‌مريكا به‌ فه‌رمى بانكى ناوه‌ندیی عیراقی ئاگاداركردووه‌ كه‌ سيسته‌مى گواستنه‌وه‌ بكاته‌ ئه‌لیكترۆنى، به‌ڵام بانكى ناوه‌ندیى عیراق نه‌چووه‌ ژێر بارى جێبه‌جێكردنى بڕياره‌كه‌، بۆيه‌ نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی بەرچاوی به‌خۆه‌ بينى و بانكى ناوه‌ندیی عیراق هۆكارى دابه‌زينى به‌هاى ديناره‌".


ئەحمەد سەففار، بڕيارده‌رى ليژنه‌ى دارايى له‌ خولى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، رایگەیاند "پێش دوو ساڵ بانكى ناوه‌ندیى ئه‌مريكا به‌ فه‌رمى بانكى ناوه‌ندیی عیراقی له‌وه‌ ئاگاداركردووته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت سيسته‌مى گواستنه‌وه‌ى دراو بكاته‌ ئه‌لیكترۆنى، مه‌به‌ستى بوو رێگرى بكات له‌ سپيكردنه‌وه‌ى و بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى دۆلار بۆ ده‌ره‌وه، به‌ڵام بانكى ناوه‌ندیی عیراق نه‌چووه‌ ژێر بارى جێبه‌جێكردنى بڕياره‌كه‌ و مۆله‌تى ئه‌مريكا ته‌واو بوو، بۆيه‌ ئەمریکا گواستنەوەی دۆلاری بۆ عیراق کەمکردووەتەوە و چه‌ند بانكێكى ئه‌هڵى بلۆك كردووه‌ و چه‌ندين رێنمايى نوێى ده‌ركردووه‌، ئەوەش بووه‌ هۆى بەرزبوونەوەی بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینار".

ئاماژەی بەوەشدا کە گۆڕينى پارێزگارى بانکی ناوەندیی عیراق، ناتوانێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئاستی پێشووى و وتى: "عه‌لى عه‌لاق زۆر هه‌وڵ ده‌دات به‌هاى دينار جێگير بكات، به‌ڵام پێم وانیيه‌ بتوانێت رێگا چارەیەكی گونجاو بۆ ئەم دۆخەی ئێستای بازاڕی دراو بدۆزێتەوە و نەهێڵێت لەوە زیاتر بەهای دیناری عیراقی دابەزێت، جێگيربوونى به‌هاى دينار پێويستى به‌ كاتێكى زۆره‌".

بڕيارده‌رى ليژنه‌ى دارايى له‌ خولى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، ئه‌حمه‌د سه‌ففار سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ٢٠٢٣ى حكومه‌تى عیراق و نه‌ناردنى بۆ ئه‌نجوونه‌مى نوێنه‌ران، پێيوايه‌ دۆخى سياسیى عیراق ناجێگيره‌ بۆيه‌ تاوه‌كو ئێستا بودجه‌ نه‌نێردراوه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و وتى: "بودجه‌ له‌ عیراق زياتر بودجه‌يه‌كى سياسییيه‌ له‌وه‌ى بودجه‌يه‌كى دارايى و ئابووریى بێت و ره‌هه‌ندى دارايى و كۆمه‌ڵايه‌تیی تێدا بێت، بێگومان ناجێگيرى بەهای دینار و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانيش كاريگه‌رى خۆى هه‌بووه‌، من له‌و باوه‌ڕه‌دام كارنامه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى محه‌مه‌د شياع سوودانى زۆر فراوانه‌ له‌ پرۆژه‌ بودجه‌يه‌كى وه‌هادا ناتوانێت به‌رنامه‌كه‌ى خۆى جێبه‌جێ بكات، ناتوانێت چاره‌سه‌رى كێشه‌ى هه‌ژارى و هه‌ڵئاوسان له‌ عیراق بكات".

بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی عیراق، پێویستە حکومەت ساڵانە تا ١٥ی مانگی تشرینی یەکەم، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ئامادە بکات و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات، بەڵام زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕبووە و تا ئێستا پرۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکراوە.

ئه‌حمه‌د سه‌ففار باسى گرنگى سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌کەى محه‌مه‌د شياع سوودانى بۆ ئه‌مريكا کرد و گوتی: "سه‌ردانى سه‌رۆكوه‌زيرانى عیراق، محه‌مه‌د شياع سوودانى بۆ ئه‌مريكا زۆر گرنگ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى پرسى ناجێگيرى دينارى عیراقى به‌رامبه‌ر دۆلار باس بكرێت، چونكه‌ هه‌موو پاره‌ى نه‌وتى فرۆشراوى عیراق له‌ بانكه‌كانى ئه‌مريكادايه‌ و له‌ژێر سايه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى ئه‌مريكا دايه‌، ئه‌گه‌ر دانوستاندن له‌سه‌ر پرسى ناجێگيرى به‌هاى دينار بكرێت و ئه‌مريكا نه‌رمی بنوێنێت و گوشاره‌كانى له‌سه‌ر بانكى ناوه‌ندیى عیراق توزێك كه‌م بكاتەوە، به‌هاى دينار ره‌نگه‌ جێگيربوونێك به‌خۆه‌يه‌ ببينێت".

لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا، نرخی ١٠٠ دۆلار لەنێوان ١٤٨ ھەزار بۆ ١٤٩ ھەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی ١١-١٢-٢٠٢٢ نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ١٥٠ ھەزار دیناری عیراقی تێپەڕاند و دواتر بۆ یەکەمجار ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ١٦٦ ھەزار دیناری عیراقی تێپەڕاند و تاوەکو ئەمرۆ بەھای دینار ھەر بە ناجێگیری ماوەتەوە.

ئه‌حمه‌د سه‌ففار ئاماژه‌ به‌وه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ى ماوه‌ بۆ ماوه‌ گۆڕانکاریی لە بەهای دینار دروست نه‌بێت، پێويسته‌ عیراق چه‌ند هه‌نگاوێت بنێت وه‌كو سياسه‌تى ئابووریى بگۆڕدرێت، په‌ره‌ به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆيى بدات، ته‌نها پشت به‌ داهاتى نه‌وت نه‌به‌ستێت و چاوه‌ڕێی ئه‌و پاره‌يه‌ بێت كه‌ له‌ نه‌وته‌وه‌ بۆى دێت كه‌ دۆلاره‌، له‌م حاڵه‌ته‌شدا ئه‌گه‌ر كێشه‌ی بۆ هه‌نارده‌ى نه‌وتى عیراق بۆ ده‌ره‌وه‌ دروست ببێت، عیراق تووشى كێشه‌ى زۆر گه‌وره‌ ده‌بێت، چونكه‌ ته‌نها پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستێت، ئه‌وكاته‌ بودجه‌ى نابێت و هه‌تا ناتوانێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كانيشى دابين بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن