لەبارەی مەولانا خالیدی نەقشبەندیی

کەلتوور

12/03/2023     ژمارەی بینراو 611

وەك دەگێڕنەوە، یەكەم كتێبی چاپكراوی كوردی لەساڵی 1844 لە ئەستەمبووڵ دەرچووە، ئەمە لە كاتێكدا ئەو سەردەمە ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی لە بەهێزترین قۆناغەكانی پەلهاویشتن و دەسەڵاتیدا بووە. كتێبەكەش، دیوانە شیعرێكی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی)ە. ئەم كتێبە كۆكراوەی شیعرە (كوردی و فارسی و عەرەبی)ییەكانی مەولانا بوو.

شیعرەكانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، جێگەی هەڵوێستەكردنە. هەرچەندە ژمارەیەكی یەكجار شیعری بەو سێ زمانە نووسیووە، بەشێكیان شوێن بزر بوون، ئەوەشی ماوە بەدەر لەوەی ڕەوانبێژییەكی مەزنی زمانەوانییان تێدایە، كە زۆربەی هەرە زۆریان شیعریی ئاینی و لاواندنەوەو ستایشی كۆمەڵێك هاوڕێ و دۆست و سەركردە و موریدی هاوەڵییەتی. بەڵام لەو شیعرانە هەندێ شیعری تێدایە زیاتر گوزارشتێكی سایكۆلۆژی خودی خۆیەتی، وەك شاعیر، بۆ گەڕانەوە بۆ یادەوەریی و دووری نیشتمان. كە ڕەنگە چیرۆكی ئەو دوورییەش، زیاتر پەیوەست بێت بە ململانێیەكی ئاینی و سیاسی لە قۆناغێكی دیاریكراوی ژیانی مەولانا.

مەولانا خالید، شیعرە عەرەبی و فارسییەكانی، ئاستێكی بەرزی ڕەوانبێژییان هەیە، هەرچەندە شیعری لاواز و دوبارەو خۆ جوینەوەشی تێدایە! شیعرە كوردییەكانی بە شێوە زاری(گۆران) نووسیوە.  لە داڕشتن و شێوازی قافییەدا پەیڕەوی هەمان ڕێچكەی شیعری شاعیرانی شێوە زاری (گۆران) كردووە. چونكە لەگەڵ ئەوەی مەولانا دوور بووە لە كوردستان و بەشی زۆری تەمەنی لە غەریبیدا بردووەتەسەر، بەڵام شارەزایەكی وردی ئەو شێوە زارەی هەبووە لە نووسینی شیعرە كوردییەكانیدا.

ئەو شیعرانەی بەم شێوە زارە نووسیووە، لەچاو شیعرەكانی تری كە بە عەرەبی و فارسی نووسیووە، كەمتر ڕەوانبێژی و ئاستی شیعری تێدا دەبینرێت. ڕەنگە ئەم شیعرانەش بەشی زۆریان هی سەرەتای نووسینی شیعریی بێت و ئەو ساڵانە بێت، كە لە سلێمانی و سنە ماوەتەوە. پاشتر كە ڕۆشتووەتە بەغدا و شام و هیندستان و مەككە، بە زمانی عەرەبی و فارسیی شیعری نووسیووە!

ئەمە كۆپلەیەكە لە شیعرێكی بە شێوە زاری گۆران، كە پێم وایە ئەزموونی سەرەتایی نووسینی شیعرەكانی مەولانا بێت:

ئارام لێم سەندەن سەودای فیراقت
دڵ قەقنەس ئاسان جە ئیشتیاقت
تاقەت تاق بیەن پەی ئەبرۆی تاقت

*پەرەگرافێك لە كتێبی (لەخەیاڵەوە بۆ خۆڵ)
كامەران سوبحان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن