راچڵەكین -
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی، چەند رێنماییەك لەبارەی ئەگەر روودانی بوومەلەرزە، ئاڕاستەی هاووڵاتییان دەكات و راشیدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەك سەرنەكەون بۆ سەربانی ماڵ و باڵەخانەكان.
لەدوای بوومەلەرزەكەی ئەمشەو، كە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتەوە، بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی، بڵاویكردەوە، لەبەرئەوەی زەمینلەرزە پێشبینیكردنی ڕوودانی ئەستەمە، هەربۆیە بە مەبەستی دووركەوتنەوەو رێگریكردن لەو مەترسییانەی لە ئەنجامی زەمینلەرزە دەكەوێتەوە، پێویستە بە خێرایی ڕێگاچارەی گونجاو بگرینەبەر و پابەندی ئەم راسپاردە و رێنماییانە بین:
1- چۆڵكردنی ماڵ و باڵەخانەی نیشتەجێبوون دەستبەجێ و وەستان لە گۆڕەپانە چۆڵەكاندا.
2- دووركەوتنەوە لە پەنجەرە شوشەكان بە مەودایەكی پارێزراو لەكاتی چۆڵكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون.
3- بە هیچ شێوەیەك سەرنەكەوین بۆ سەربانی ماڵ و باڵەخانەكان.
4- دووركەوتنەوە لە دیوارو سیاج و ستارەی سەربانی ماڵان، بالكۆن، هەر جۆرە سەقفێكی تر و تابلۆی ریكلامی هەڵواسراوی سەر باڵەخانە بەرزەكان.
5- دووركەوتنە لە تاوەری هێڵی كارەبا و درەختە بەرزە وشكبووەكان.
6- لەكاتی روودانی (داڕووخان) بە تایبەتی باڵەخانە بەرزەكان، تا بتوانین دووربكەوینەوە لە ئەگەری ڕوودانی هەر داڕمانێكی زنجیرەیی.
7- وەستاندنی ئۆتۆمبێل و دابەزین لێی، دووربین لە ترس و دڵەڕاوكێ، تا بتوانین دووربكەوینەوە لە وەستان لەسەر پرد و ژێر پرد و باڵەخانەی بەرز و ناو تونێلەكان.
8- پێویستە كارمەندانی دامەزراوەكانی دەوڵەت هێمن و لەسەرخۆبن لەكاتی چۆڵكردنی فەرمانگەكانیان و پاڵنەنێن بەیەكەوە لەكاتی دەرچوون لە دەرچەكان (exit).
9- ئەگەر كەسێك لە دەرەوەی ماڵ بوو پێویستە مەودا و ڕووبەرێكی زۆر نەجوڵێت بۆ گەڕان بەدوای گۆڕەپانی چۆڵدا و پاش چاوەڕوانی ئەوجا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.
10- دووركەوتنەوە لە باڵەخانەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە نهۆم بەرزەكان، لەبەرئەوەی زۆرترین كاریگەرییان دەكەوێتەسەر لەكاتی زەمین لەرزەدا.
11- بەكارنەهێنانی ئەسانسۆری كارەبایی لە ئەگەری تێكچوون و كەوتنەخوارەوە بە تایبەتی ئەگەر كارەبای لێ ببڕێت.
12- لە كاتی تەواوبوونی زەمین لەرزەدا، پێویستە بۆ ماوەیەكی كەم بوەستین لەبەرئەوەی لەوانەیە لەكاتی تەواوبوونیدا جوڵە (لەرزە) ی گەڕاوەی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت.
13- دووركەوتنەوە لە كەنار دەریاكان، لەبەرئەوەی زەمین لەرزەكان زۆرجار بەرزبوونەوەی شەپۆلەكان (تسۆنامی) لەگەڵدایە.
14- بە شێوەیەكی دەروونی خۆت ئامادە بكە بۆ زەمین لەرزەی دواتر و ڕوودانی بە دوور مەزانە.
15- پێویستە مامۆستایان خوێندكاران هێوربكەنەوە و بیانبەنە دەرەوە لە پۆلەكانیان بۆ گۆڕەپانی قوتابخانە، یاخود گۆڕەپانی چۆڵی تر نزیك لە قوتابخانە.
16- لەسەر خاوەن كارگەكان پێویستە شوێنی كارەكانیان چۆڵ بكەن لە كرێكار، وە سەرچاوەی كارەبا بكوژێننەوە و قفڵی خەزانی غاز و سوتەمەنییەكان بگرنەوە، هەمان ڕێكار بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوون و ماڵیش پێویستە.
17- لەسەرخۆبە و خۆت شپرزە مەكە و بە شێوەیەكی دروست مامەڵە بكە لەبەرئەوەی زەمین لەرزە كارەساتێكی سروشتییە و پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت هەر وەك پێناسە كراوە بەوەی كە بریتییە لە هێزێكی مت (شاراوە) ی زیادە لە زەویدا كە ئازادبوونی (دەرچوونی ئەو هێزە) بە شێوەیەكی لە پڕە.
18- پێویستە بە زوترین كات پەیوەندی بكرێت بە هێڵی كۆنترۆڵی بەرگری شارستانی 115 كە بێ بەرامبەرە بۆ هەموو تۆڕەكان لە ئەگەری ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو.