راچڵەكین- 
دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، جیهان رێز لە جۆ بایدن سەرۆكی ئێستا ناگرێت، بە "رۆحێكی ونبوو"ش وەسفیكرد و تۆمەتباری كرد بە ساختەكردنی  ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. 
 
ترەمپ لەبەردەم گردبوونەوەیەكی زۆری لایەنگرانی لە ویلایەتی ویسكۆنسین رایگەیاند:"نە رێز لە جۆ بایدن دەگیرێت و نە كەسیش لێی دەترسێت، تاكە كارێك كە بیزانێت ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان و بەلاڕێدابردنە". 
بە وتەی ترەمپ:"بەمزوانە لەژێر سەركردایەتی مندا هێندە رێز لە ئەمریكا دەگیرێت كە هیچ كاتێك هێندە رێزی لێنەگیراوە". 
ترەمپ گاڵتەی بە بایدن كرد و وتی:"ناتوانێت دوو رستە بەیەكەوە گرێبدات، نازانێت چۆن ستەیج جێبهێڵێت لە دوای تەواوكردنی وتارەكەی، سەرۆكی ئێستامان ونبووە و رۆحێكی ونبووی هەیە". 
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 5ی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانیش دەكرێت جارێكی تر هەریەك لە جۆ بایدن لەلایەن دیموكراتەكان و دۆناڵد ترەمپ لەلایەن كۆماریخوازەكانەوە، كێبڕكێ لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی بكەن.