بڕیار رەشید: هاوردەکردنی بەرهەمی شووتی و کاڵەک رادەگیرێت و تەماتەش نرخی دادەبەزێت

کشتوکاڵ

22/08/2024     ژمارەی بینراو 262

راچڵەکین-

بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردودا بانگەوازی کۆمەڵێک لە جوتیارانی کوردستانمان پێ گەیشت، دەستبەجێ لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە کارمان لەسەرکرد و وەفدێکی وەزارەتمان بانگهێشتکرد تاوەکو بەشێوەیەکی مەیدانی ئاستی بەرهەمی جوتیارانیان ببینن، لەگەڵ گەڕانەوەی وەفدەکە داوامان لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق کرد کە هاوردەی بەرهەمی شوتی و کاڵەک ڕابگرێت. 

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، لە ٢٠ ی ٨ وە وەزیری کشتوکاڵی عێراق نووسراوی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (ئەنجومەنی ئابوری) کردوەو تیایدا داوای رێگری کردن لە هاوردە کردنی بەرهەمەکانی ( شوتی و کاڵەک ) دەکات. و بڕیار وایە لە مانگی ٩ هەمان داواکاری بۆ  خەیارو تەماتەش بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەمەش جووتیاران دووچاری هیچ زیانێک نابن، هاوکات چاودێر دەبین بۆ ئەوەی نرخەکان لەسەر هاوڵاتیان زیاد نەکرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەش وەک فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵەکانمان چڕ کردۆتەوە بۆ  دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ ڕێکخستنی نرخ و پابەندکردنی جوتیارانیش بەو نرخانەوە.

دەشڵێت، سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی تەماتەش لەگەڵ نوێنەری جوتیاران و لیژنەکانی قایمقامیەت و لایەنی پەیوەندیدار لە پەیوەندیداین، بڕیار وایە لە ڕۆژەکانی داهاتوو لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیارانی کوردستان نرخەکەی دابەزێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن