رێبوار سیوه‌یلی
ئێمه له كۆمەڵگەیه‌كی جوێنفرۆشدا ده‌ژین. جوێن كاری خۆی ده‌كات و جوێنفرۆش كاراكته‌رێكی دیار. ئایا ئه‌مه چ جۆر كۆمەڵگەیهكه كه تیایدا جوێن ده‌بێته جێی ستایش و جوێنێك ده‌توانێت كێشه‌یه‌كی سیاسیی بنێته‌وه، زۆرێك له كیشه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسۆن له ئاستی تانه و جوێندا ماونه‌ته‌وه. كێشه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و میدیای ئه‌هلی زۆر جار به زمانی جوێن خۆی ده‌رده‌بڕێ. دادگا پڕهبووه له جوێندان. دائیره‌كان و قسه‌كه‌ران و وته‌بێژان و ڕاگه‌یاندكار و نوسه‌ر و فه‌یله‌سووف، گشتیان جوێنفرۆش ده‌رچوون.. سێكت و تاقمه ئایینییه‌كان جاروبار جوێن به‌یه‌كتر و به ئه‌وانیتری جیاوازه بیر ده‌ده‌ن. هونه‌رمه‌ندان، شاعیران و عاشقان گشتیان له قۆناغێكی ژیانی هونه‌ری و شاعیری و عاشقیی خۆیاندا په‌نا بۆ جوێندان ده‌به‌ن. سیاسیه‌كان له داهێنانی جوێنی نوێ و له دروستكردنی كهشوههوایهكدا كه جوین تیایدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات، داهێنه‌رن. كۆمێنتنووسەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و لاییڤكەران هەموویان جوێن دەنووسن و جوێن دەدەن..
1. هه‌ر له منداڵییه‌كی زووه‌وه مرۆڤ فێری جوێندان ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر له‌وێشه‌وه فێر ده‌كرێین كه جوێندان شتێكی په‌سه‌ندكراو و كولتووریی نییه و ناشیرینه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌مان جوێنفرۆشمان لێده‌رده‌چێت. هه‌ندێكمان زوو زوو و هه‌ندێكی تریشمان تاوناتاوێ و هه‌شمانه به ده‌گمه‌ن.
دیارده‌ی جوێندان له دایكبووی ڕەوەندێكی (پرۆسه)، مێژوویی دوورودرێژه‌و له میانه‌ی سه‌ده‌كاندا په‌یدا بووه. له‌به‌ر ئه‌وه جوێن زمانێكی جیهانی و دیاده‌یه‌كی گه‌ردوونیه و بۆ ئه‌وه‌ش نه‌هاتووه له‌ناو بچێت. جوێندان ئاشكراكه‌ری بارودخێكی ده‌روونیه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی هۆش و ئه‌قڵ. ئه‌و باره‌یه كه تیایدا (ئه‌قڵ له‌سه‌ردا نامێنێت)..
جوێن، جنیۆ، دژوێن له زمانی كوردییدا به مانای قسەی خراپ و بەدگۆیی. بەشێوه‌یه‌كی گشتی، یان ئه‌وه‌تا سرووشتێكی تایبه‌تی هه‌یه وه‌ك جوێن به خودی كه‌سه‌كه، یان سروشتێكی ناموسیانه‌ی هه‌یه، وه‌ك جوێن به ناموس و كه‌سیی كه‌سه‌كه، یان سرووشتێكی ئایینی هه‌یه، وه‌ك جوێن به پیرۆزییه‌كانی كه‌سه‌كه.
2. به‌گشتی دوو هۆكاری جوێندان ده‌بینرێته‌وه، به‌هۆی ئازاری جه‌سته‌یی و به هۆی ئازاریی مه‌عنه‌وی و ڕۆحییه‌وه، به‌ڵام ئه‌م ئازارانه هه‌رچه‌نده شیاوی تێگه‌یشتن و هاوسۆزیی بن، كاتێ له گوزاره‌ی جوێندا ده‌رده‌بڕدرێن، ده‌لاله‌ت له دووركه‌وتنه‌وه له ئه‌قڵ و ژیریی ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش ئاستی هاوسۆزییه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ئازاردا.
ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كانی جوێندان ئه‌زموونكردنی ئازاری جه‌سته‌یی بێت، نمونه‌كان زۆرن. چه‌كوشێ به‌ده‌ستا ئه‌كێشی، یان نوكی پێت به پێ‌خواسی له قاچی مێزێك ده‌ده‌ی و قاچت هەڵەنگێوی، یان شتێكی قورس له‌ده‌ستت ئه‌كه‌وێته خواره‌وه و به‌خۆتیا ئه‌كێشی، له‌م دۆخانه‌دا جوێندان ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه و هه‌ر ته‌نیا به‌تاڵكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌سته‌كی نییه، به‌ڵكو به‌تاڵكردنه‌وه و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی فییزیكیشه. هه‌ر بۆیه‌شه پێده‌چێت جوێندان له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری جه‌سته‌ییدا كاریگه‌ریی هه‌بێت (كورد ئه‌ڵێت: تا جوێنه‌كه نه‌ده‌م دڵم ئاو ناخواته‌وه!). چونكه جوێنه‌كان و گوزاره‌كانی جوێنفرۆشی وه‌ك خۆبهتاڵكردنهوهیهكی ده‌روونی، یارمه‌تی جه‌سته ئه‌ده‌ن تا به‌رگه‌ی ئازاره‌كه‌ی بگرێ. وه‌كئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی گوزاره زمانییه‌كانه‌وه خۆت له شتێك بدزییهوه، كه ههستئهكهیت له‌به‌رامبه‌ریدا پێویسته به‌رگریی له خۆت بكه‌یت.
ئه‌گه‌ر هۆكاری جوێندان مه‌عنه‌وی بوو، ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارودۆخێك كه تیایدا مرۆڤ هه‌ست ده‌كات سیسته‌مێكی به‌هایی و ویژدانی و ئه‌خلاقی پێشێلكراوه و پێده‌چێت هه‌وڵبدات به جوێن ئه‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه و به‌رگریی لێبكات. هه‌رچه‌نده هه‌ستكردنه‌كه ویژدانیه، به‌ڵام ئامرازی ده‌ربڕینه‌كه‌ی نا ئه‌خلاقیه، چونكه له هووشیاریی و ئه‌قڵ به‌دووره. مرۆڤ بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی ویژدانیی و ئاكاری نابێت په‌نا بۆ ده‌ربڕینی نا ئه‌قڵانیی و ناژیرانه ببات، چونكه ئه‌مه ده‌یخاته بارێكی ناكۆك و دژوازوه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هایانه‌ی به‌رگرییان لێده‌كات. هه‌رگیز به‌و ئامرازه به‌رگریی له به‌هایه‌ك مه‌كه، كه شێوازیی بهرگریكردنهكهت له دژی به‌هاكه بكه‌وێته‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌هایه‌ی به‌رگریی لێده‌كه‌یت گرنگ بێت، ئه‌وه جوێندان ناتوانێت پاساوی به‌رگریی لێكردنێكی ئاكاریانه بێت.
3. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا جوێن له ژێر كاریگه‌ریی هه‌ر هۆكارێكدا بێت، ئاشكراكه‌ری جۆرێك له بێده‌سه‌ڵاتیی و نه‌زانیه له گرتنه‌به‌ری ڕێگای ڕاسته‌قینه بۆ ته‌عبیركردن له خۆمان له‌و كاتانه‌دا كه هه‌ست ئه‌كه‌ین ناحهقییهك كراوه. په‌نابردن بۆ جوێن، بێده‌سه‌ڵاتیی ئێمه له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌قڵییدا ئاشكرا ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌شه جوێنفرۆش شایانی لێبووردنه، پێشئه‌وه‌ی بۆخۆی داوای لێبووردن بكات..
جوێن هه‌ڵگری ده‌لاله‌تی مێژوویی و جوگرافیی و كولتووری و سایكۆلۆژیی تایبه‌ته. جوێنی كورده‌كان له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێك، له جوێنی میلله‌تانی تر، له جوێنی خه‌ڵكی سارا و گه‌رمه‌سێر و له زیهنیه‌تی مرۆیه‌كانیتر جیاوازتره. كورده‌كانیش هه‌موویان وه‌كو یه‌ك جوێن ناده‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی نێرومێش وه‌كو یه‌ك جوێن ناده‌ن.. به‌هه‌مان شێوه جوێنه‌كانی سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری و جوێنه‌كانی سه‌رده‌می پیریی لێكتر جیاوازن.. قۆناغه مێژووییه‌كان جوێنی تایبه‌ت به‌خۆیان تێدا به‌رهه‌م دێت و ئاستیی كولتووری و وردهكولتوورهكانیش جوێنفرۆشیی تایبه‌ت به‌خۆیان و له ئاستی خۆشیاندا به‌رهه‌م ده‌هێنن..
4. جوێن هه‌روه‌كچۆن له به‌رزه‌وه‌یه بۆ نزم، ئاواش له نزمه‌وه‌یه بۆ به‌رز.. هه‌روه‌كچۆن له ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌یه بۆ هه‌ژار ئاواش له هه‌ژارانه‌وه‌یه بۆ خواپێداوان.. هەروەكچۆن نێرینە جوێن دەدات ئاواش مێینە بە جوێن دەمانشواتەوە.. هه‌م پاشا جوێن ده‌دات و هه‌م گه‌دا، جیاوازییه‌كه له ده‌نگ ههڵبڕیندایه: پاشا به ده‌نگیی به‌رز و گه‌دا له ژێر لێوه‌وه، یان له ناخدا جوێنی خۆی ده‌دات..جوێن هه‌ڵگری ده‌لاله‌ته شوێنكاتیهكانی خۆیه‌تی. واته كات و شوێن، له فۆرمی جوێندا دیارن. جوێن به‌پێی دۆخه‌كان ده‌گۆڕێت، جوێنی به‌یانیان له هی ئێواران جیاوازه. جوێنی لادێ له جوێنی شار جیاوازه، جوێن به زمانی زگماك له جوێندان به زمانێكی بێگانه‌ش جیاوازه.. له هه‌موو ئه‌م دۆخانه‌دا جوێن گوزاره‌یه‌كی زمانیی ماناداره كه به‌شێك له جه‌سته‌ی كه‌سه‌كه، یان ناموسی كه‌سه‌كه، یان پیرۆزییه‌كانی كه‌سه‌كه ده‌كاته ئامانج. به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌م گوزاره زمانیه شیاوی شییكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌روونناسیانه‌ی كه‌سی جوێنفرۆشه و ئاشكرای ده‌كات، كه جوێنفرۆش له چ گرێیه‌كی ده‌روونیدا ده‌ژی و فه‌نتازیا به چییه‌وه لێده‌دات. جوێنه‌كان ئاوێنه‌ی ناخی چه‌پاوی ئێمه‌ن، ئه‌و وزه‌یه‌ن كه ئێمه به شاراوه‌یی كهڵهكهمان كردووه و خۆسانسۆری و سانسۆری كۆمەڵگە ڕێگه به ده‌ربڕینی ناده‌ن له دۆخێكی ڕیزپه‌ڕدا نه‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ش جوێندان هه‌میشه له دۆخی ڕێزپهڕدا ڕووده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به ئاماژه‌دان به‌و دۆخه، به‌و بێئه‌قڵییه، به‌و ساته‌وه‌خته ده‌به‌نگانه‌یه، بتوانین داوای لێبووردن بكه‌ین.
5. جوێن، یان جنێو، له زمانی كوردی، به‌تایبه‌تی زاراوه‌ی سۆرانی‌دا، زیاتر جوێنی كه‌سیی و تایبه‌تن، یان نامووسیی و گشتین و كه‌متر جوێنن به پیرۆزییه‌كانی كه‌س به مانا ئایینیه‌كه‌ی، له كاتێكدا جوێن به پیرۆزییه‌كانی كه‌س به مانا سیاسی و ئایدیۆلۆژییهكهی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ته‌واو بره‌ویان سه‌ندووه. به‌ڵام له هه‌موو جۆره‌كانی جوێنی كوردیدا كولتووری نێرسالاری و میكانیزمه‌كانی ڕووشكاندنی تاكه‌كه‌س، یان نامووسی تاكه‌كه‌س یان بیروڕا و ئایدیۆلۆژیا و ئایینه‌كه‌ی، ده‌بینرێته‌وه. نێرسالاری له فۆرمی جوێندا كه‌شێكی كولتووریی ئه‌وتۆ دروستده‌كات، كه بتوانێ به‌هۆیه‌وه له هه‌ر كاتێكدا هێرشی خۆی بكاته سه‌ر تاكه‌كه‌س، چونكه له ڕوانگه‌ی ئه‌م كولتووره‌وه تاكه‌كه‌س هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ده‌سته و جه‌ماعه‌ت. ئه‌مه‌ش به مانای ئه‌وه نییه له كولتووری نێرسالاریدا جوێن به ده‌سته و ئه‌وانیتر ناگوترێ، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه كه جوێن هه‌میشه ئاراسته‌ی ئه‌وانه ده‌كرێت، كه خۆیان جیا ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌و جۆره نین كه سیسته‌مه‌كه ده‌یخوازێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان جیا ده‌كه‌نه‌وه، یان خۆیان دووره‌په‌رێز ده‌گرن، یان یاخیی ده‌بن، یان جیاوازن، یاخود ملكه‌چ و ته‌سلیم نابن، شایانی ئه‌وه‌ن جوێنیان پێبدرێت.
6. جوێن هاوارێكی بێدهساڵاتانهیه كه به هۆیه‌وه ده‌سه‌ڵات، هه‌رجۆر و فۆرمێكی ده‌سه‌ڵات نائه‌قلانییه‌ت و بێدهسڵاتبوونی خۆی ئاشكرا ده‌كات. جوێن ڕووتبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته له‌به‌رده‌م بێده‌سه‌ڵاتیدا، ئابڕووچوونی ژیریی و ئه‌قڵه له‌به‌رده‌م ساته‌وه‌ختێكی سایكۆلۆژییدا، كه (مێشكمان لای خۆمان نامێنێت)! لێره‌شه‌وه، جوێن هه‌رگیز له سیسته‌می سزا جیا نابێته‌وه. جوێن به‌شێكی جیانه‌كراوه بووه، له سزای ناو زیندانه‌كانی به‌عسه‌وه بۆ ناو زیندانه‌كانی شۆڕش و له‌وێشه‌وه بۆ به‌ندیخانه‌كانی سه‌رده‌می ئازادیی و له‌وێشه‌وه بۆ ڕاگه‌یاندنه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن و ناو كایه‌ی ڕۆشنبیریی و ئه‌ده‌بیی و ته‌نانه‌ت ناو مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان..
جوێن زۆنێكی خۆڵه‌مێشی و سرووشتێكی ڕه‌شه‌بایی هه‌یه: له‌پڕ په‌ل بۆ هه‌موو شتێك و بۆ هه‌موو شوێنێك ده‌هاوێ، به‌ڵام ناتوانێ به‌هه‌مان خێرایی خۆی له‌بیر به‌رێته‌وه. جوێن، وه‌ك (جوێنفرۆش) پێناسه‌مان ده‌كات.
7. جوێنی كه‌سی و تایبه‌ت له زمانی ئێمه‌ی كوردا، لێدانێكی ئاشكرایه له تاكه‌كه‌س و له كه‌سایه‌تی و به‌دیارخه‌ری زهینییهتێكه، كه ناتوانێ كه‌س و تاكایه‌تی قه‌بووڵ بكات. جوێنه‌كان زۆربه‌ی كات جوێنن به سیما و ڕه‌فتار و ئاكاری كه‌سه‌كه، یان به كه‌سایه‌تیی و تاكایه‌تی كه‌سه نزیكە مێیینه‌كانی ئه‌و كه‌سه. هه‌ر بۆیه‌شه زۆرینه‌ی جوێنه‌كان جوێنی نێرینه‌ن به مێینه، جوێنن به مێینه‌یی و شكاندنی كه‌سی نێرینه‌ن له ڕێگه‌ی جوێندان به نامووسی مێینه‌ییه‌وه. كورده‌كان له كه‌سایه‌تی كه‌سدا، نامووسی كه‌سه‌كه، به‌تایبه‌تیش كه‌سی كه‌سه‌كه، ده‌كانه نیشانه. چونكه نامووسی كه‌سه‌كه ده‌خاته بریی كه‌سه‌كه خۆی. خودی كه‌سه‌كه خۆی، هه‌نگاوێ ده‌باته دواوه و نامووسی كه‌سه‌كه ده‌ھێنێته پێشه‌وه و ده‌یكاته بابه‌تی جوێنه‌كانی. له ڕێگه‌ی نامووسشكێنییهوه، كه‌سایه‌تی كه‌سه‌كه چاوشكێن ده‌كرێت.
8. ئه‌م مكیانیزمی خستنه‌برییه له جوێنی سیاسیش‌دا دووباره ده‌بێته‌وه. له جیاتی جوێندان به كه‌سی سیاسی، جوێن به حزبه‌كه‌ی، یان بنه‌ماڵه‌كه‌ی، هۆزەكەی، یان پیرۆزییه‌كانی، یان ناوچه‌كه‌ی، یان كولتووره‌كه‌ی ده‌درێت. هه‌روه‌كچۆن له جیانی جوێندان به كولتووری سیاسیی به‌رامبه‌ر، یان ئایدیۆلۆژیاكه‌ی، یان بڕیاره‌كانی، جوێن به كه‌سایه‌تیی سیاسیه‌كان ده‌درێت و ئه‌وان ده‌خرێنه بری هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌وانه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه.
جوێنی كه‌سیی و تایبه‌ت، كه ڕاسته‌وخۆ كه‌سایه‌تی كه‌س، یان سیفاته‌كانی، یان ڕه‌فتاره‌كانی بگرێته‌وه، زیاتر ئه‌و جوێنانه‌ن كه چییه‌تی كه‌سه‌كه، یان ڕووخسار و سیمای یانژی ئۆرگانه سێكسی و ده‌رپه‌ڕیوه‌كانی ده‌گرێته‌وه. جوێنی نامووسی، ئه‌و جوێنانه‌ن كه په‌یوه‌ندیه سه‌به‌بی و نهسهبییهكانی كه‌سه‌كه و به‌تایبه‌تیش ئه‌ندام و ئۆرگانه مێینه‌كانی پانتایی نامووسیی كه‌سه‌كه ده‌گرێته‌وه. لێره‌دا جوێندان پانتاییه‌كی زۆر فراوانتر وه‌ك له‌وه‌ی هه‌ر ته‌نیا جوێندان بێت به خودی كه‌سه‌كه ده‌گرێته‌وه. جوێندان به خودی كه‌سه‌كه له چوارچێوه‌ی جوێندان به رووخسار و سیفات و ڕه‌فتاره‌كانی ئه‌و كه‌سه و پله‌وپێگه‌ی، یان شته‌كانی كه خاوه‌نیانه سنووردار ده‌بێت، به‌ڵام له جوێندان به نامووسی كه‌سه‌كه‌دا، ده‌كرێ دایك، ژن، خوشك و هه‌ر مێینه‌یه‌كی تر، یان ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه و عه‌شیره‌ت و كولتوور و زمانی كه‌سه‌كه و كه‌ر و مانگا و دره‌خت و هه‌رشتێكی تر له په‌یوه‌ندیدا به‌و كه‌سه‌وه، بگرێته‌وه. له كاتێكدا جوێندان به پیرۆزییه‌كانی كه‌سه‌كه، له بواری ئایینی‌دا جوێندانه به سێمبوول و پیرۆزییه ئایینییه‌كان و له بواری سیاسیش‌دا ده‌بێته جوێندان به پیرۆزیی و مێژوو و خه‌بات و قاره‌مان و كه‌سایه‌تی و بڕیاره سیاسیه‌كانی په‌یوه‌ند به‌و كه‌سه‌وه.
9. جوێنی سیاسیی له جوێنی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان ده‌روونی مه‌ترسیدارتره، چونكه له هه‌مان كاتدا كه گۆڕان و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سانسۆری جوێنه‌كان ده‌كات و فۆرمه زمانیه‌كه‌یان ده‌گۆڕێت، ئاواش كولتووری ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جوێن له كۆمەڵگەدا، ده‌یه‌وێ جوێندانمان وه‌ك شتێكی ناشیرین و دزێو بیربخاتەوە و بیناسێنێ. به‌ڵام جوێنی سیاسیی، به‌و هۆیه‌وه كه ڕاده‌گه‌یه‌نرێ، بڵاو ده‌كرێته‌وه، فۆرمه زمانیه‌كه‌ی پیرۆز و جوان پیشان ده‌درێ، یان ئیستاتیزه ده‌كرێ و ته‌نانه‌ت قۆشمهجاڕانه و نوكتهئامێزانهش ده‌خرێنه ڕوو، ئه‌وه ده‌بێته به‌شێك له پرۆسه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كاری، كه خۆ ده‌ربازكردن لێی ئاسان نابێت. جوێنی سیاسی، كه ئامانجی شكاندنی پیرۆزییه سیاسیه‌كانی به‌رامبه‌ره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه گوێمان لێیان ده‌بێت، خۆی وه‌ك جێگرەوەیەكی په‌روه‌رده‌یی (ناپهروهردهكارانه) پێناسه ده‌كات. په‌روه‌رده‌مان ده‌كات به پێچه‌وانه‌ی پرانسیپه پهروهردهییهكانهوه. جوێنی سیاسی شه‌ڕانییه‌ت بڵاو ده‌كاته‌وه.
10. جوێنی ژنان و پیاوان جیاوازن، هه‌روه‌ك چۆن جوێنی منداڵی و گه‌وره‌ساڵیش جیاوازن. جوێنی ژنان هه‌م تایه‌به‌تن به كولتووری مێینه‌یی و هه‌م هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندیه كولتووریه‌كانی نێرسالارین. له جوێنی ژنانیشدا جه‌سته‌ی خودی ژن و جه‌سته‌ی به‌رامبه‌ر ئاماده‌ییه‌كی فراوانی هه‌یه، به‌ڵام جوێنی ژنانه زیاتر ئه‌و به‌شه له جه‌سته ده‌گرێته‌وه، كه مێینه‌یی و قسه به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن (وه‌ك ده‌م و كۆم و ئه‌ندامی زاووزێ). ئه‌گه‌ر ژن جوێن به نێرینه بده‌ن، زیاتر له ڕێگه‌ی شتی پیس و قێزه‌ونه‌وه، جوێنه‌كه به‌رجه‌سته ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر جوێن به‌یه‌كتر بده‌ن ئه‌ندامی مێینه‌یی ده‌كرێته ئامرازی جوێندانه‌كه. له جوێنی ژنانه‌دا به نێرینه، زیاتر ڕیش و سمێڵ، ده‌م، سه‌ر و ڕووخسار و قه‌بری مردوو، یان پشت و تایفه، گۆڕی باووك و هتد، ده‌بێته بابه‌ت و جوێنی پێده‌درێت.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن جوێن به مێینه بدات، زیاتر ئه‌ندامه مێینه‌كانی خۆی ئاراسته‌ی ئه‌ویتر ده‌كات. یان ئه‌ندامیی مێینه‌یی و جه‌سته‌یی یه‌كتر ناشیرین و ده‌شێوێنن و كێرەكەر و حەیتەی ڕەوانە دەكرێت. جوینی ژنانه‌ش هه‌یه كه به‌هۆی خستنه‌بری و كردنه ئامرازی ئه‌ندامی نێرینه‌یی پیاوه نزیكه‌كانیه‌وه، وه‌ك مێرد، برا، باوك، جوێنه‌كه فۆرمی خۆی وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه ئه‌و كاته‌یه كه ژن ئه‌ندامی نێرینه‌یی كه‌سانیی خۆی بۆ ئه‌ویتر ڕه‌وانه ده‌كات..
11. جوێن هه‌ڵگری نیگایه‌كی نایه‌كسانیی نێرینه‌یه بۆ ژن، كه خۆی له خۆیدا نیگایه‌كی مێژوویی و كولتووریه و له ڕێگه‌ی زمانه‌وه ده‌رده‌بڕدرێ. هه‌رچه‌نده جوێن ئامانجه كاتییه‌كه‌ی خۆی بپێكێ و قاقای پێكه‌نین به‌دوای خۆیدا بهێنێ، هه‌رچه‌نده داڕشتنه زمانیه‌كه‌ی جوانكاریی پێوه دیار بێت، هه‌رچه‌نده جوێنپێدراو هه‌ڵه‌ی كردبێت، به‌ڵام جوین جوان نییه، جوێن فه‌نتازیا نییه، جوێن هونه‌ر نییه و جوێن پیشه نییه و حه‌ق نییه. جوێن وێناكردنێكی پۆرنۆگرافیانه‌ی ئێمه‌یه بۆ ئه‌وانیتر و كولتووری جوێندان فۆرمێكی زمانیی نزمه كه نزمیی ئه‌و شارستانییه‌ت و كولتووره ئاشكرا ده‌كات، كه تیایدا جوێن ده‌بێته دیارده‌یه‌كی باو. یان جێی شۆخیی و نوكته ده‌گرێته‌وه.. جوێن سه‌ره‌تایه‌كی باشه بۆ بره‌ودان به كولتووری ده‌ستدرێژی و لاقه‌كردن و زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ش كه به جوێنفرۆشی پیشه‌یی ده‌ناسرێن ڕابردوویه‌كیان له تێكشكانی شه‌خسی و فۆرمه‌كانی تاواندا هه‌یه. جوێن ئه‌و به‌شه‌یه له گوزاره‌ی زمانی كه ئه‌و شتانه‌مان بۆ داده‌پۆشێت له قووڵایی كه‌سێتیماندا ئازارمان ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و فێڵه‌ی زمانیشه كه له هه‌مان كاتدا دامانده‌پۆشێت، ئاشكراشمان ده‌كات. بۆیه ده‌بێت له جوێنفرۆش ببوورین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به بێده‌نگیی ئێمه، جارێكی‌تر گوێی له ناخی برینداری خۆی بگرێته‌وه. ئه‌م ده‌رفه‌ته به جوێنفرۆش، هه‌ڵوێستێكی ئه‌خلاقییه و وه‌ڵامێكه بۆ خودی كه‌سه‌كان، كولتووره‌كه‌یان و ئه‌خلاقیان..
12. جوێن لە تۆڕی كۆمەڵایەتیدا:
لەم ساڵانەی دواییدا تۆڕی كۆمەڵایەتی هەموو جۆرەكانی جوێندانی ژیاندەوە، هەمان كولتووری پێشمۆدێرنی جوێندانی زیندووكردەوە، كە لەگەڵ بونیادی خێڵەكیانە و مڵكداریانەی كۆمەڵگەدا جێمانهێشتبوو. ئەگەر كتێبی (مرۆڤ و ئینتەرنێت)تان خوێندبێتەوە، بەشێك لەوێدا هەیە بەناوی (لە پشتی خێڵەوە بۆ پشتی فەیسبووك)، بە ڕوونیی لەم مەبەستەی من تێدەگەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم زیندووكردنەوەیەی كولتووری جوێندان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیدا لەسەر دوو ئاست بووە: ئاستی كۆمێنت و ئاستی لاییڤ. جوێنەكانی نێو كۆمێنت ناڕاستەو خۆ و نووسراون و لۆژیكی ڕیكخستنی زمانەوانی بەسەریاندا زاڵە. مرۆڤ كە جوێن دەدات جوێنەكەی لە ڕووی زمانیی داڕشتنەوە ڕێكدەخات و شێوەیەكی "ئەدەبی" و نووسراوی پێدەبەخشێت.. بەڵام لە جوێنی لاییڤدا جوێنەكەی زارەكیی و ڕاستەوخۆیە و كاریگەریی دەنگ و شێوازی جوێندانەكە و جەختكردنەوە لەسەر شوێن و كەسی جوێنپێدراو دەبن بە بەشێكی جوێنەكە و كاریگەرییەكەشی زۆر لە جوێنی نووسراو زیاترە. دەتوانین بڵێین: جوێنی كۆمێنت جوێنێكی بێدەنگە و تاكڕەهەندە، چونكە نە دەنگی هەیە و نە ئاواز و ئەدا، مات و مردوو لەجێی كۆمێنتەكە دەمێنێتەوە، مەگەر وەڵام بدرێتەوە، دەنا هەر لەوێدا دەمێنێت و دامەنەی كاریگەرییەكەی زۆر نابێت. وەلێ جوێنی لاییڤەكان، جوێنی دەنگیین و بەدەنگی بەرز و لە ئاستێكی شەڕانییی كاریگەربەخشدا دەمێنن و شیاوی لاساییكردنەوە و دووبارە كردنەوەن. هەردوو ئەم دوو جۆرە جوێنەی نێو تۆڕی كۆمەڵایەتی، جێی تێڕامانی گرنگن. جوێنی نێو كۆمێنتەكان ئاشكراكەری كەسانێكی پەرچەكرداریین، كە ناتوانن لەساتی نووسینی كۆمێنتدا خۆیان بگرن و كۆمێنتەكە بە شێوازێكی دیكە بنووسن. ڕەنگە جوێنەكەیان بەرەنجامی هەڵچوونێكی كاتیی و پەرچەكردارێكی تێپەڕ بێت و پاش ئەو كاتە، ئارام بێتەوە و جوێنەكەی بسڕێتەوە، یان دەستكاری داڕشتنەكەی بكات و شێوازی پەرچەكردار و تووڕەییەكەی بگۆڕێت. بۆیە جوێنی كۆمێنت وەك تەتەڵەی زمانیی وایە، كە شایانی ڕاستكردنەوەیە و بگرە لێخۆش‌بوونیش. ئەم جیاووكە جوێنی لاییڤەكان ناگرێتەوە، چونكە ئەوانەی لاییڤ دەكەن پلان بۆ جوێن وەك بەشێك لە گەرمكەری لاییڤەكانیان دادەنێن و لەم ڕێگەیەشەوە ژمارەی بینەرەكانیان زیاد ئەكەن. بۆیە جوێنی لاییڤ كاریگەرییە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكەی و بگرە سزا یاساییەكەشی زۆر زیاترە. لاییڤچییەكان جوێن وەك ئامراز بەكار ناهێنن، بەڵكو بەشێكە لە ئامانجیان و لە پێشەوەی ئامانجەكانیشیانە. كاریگەرییان لەسەر بینەر و لە شكاندنی دەقی كۆمەڵایەتی و كولتوورییدا زۆر زیاترە و ڕێگەی پەشیمانبوونەوە، یان پاشگەزبوونەوەشیان مەحاڵتر.
2013/2020