"لەنێوان هەولێر و بەغداد بەدیلی ڕێكەوتن هەر ڕێكەوتنە"

چاوپێکەوتن

30/06/2020     ژمارەی بینراو 706

راچڵەكین-

وەزیری پلاندانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەلەهەمان كاتدا ئەندامی شاندی دانووستانكاری هەرێمە لەگەڵ بەغدا دەڵێت:" ئێمە دوامان كردووە وەكو هەرێمی كوردستان مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت وەكو بەشێك لە عێراق، واتە لەهەموو ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی هەیەتی پێویستە هەرێمی كوردستانیش بەشێك بێت لەو ئیمتیازاتانە."

د.دارا ڕەشید، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەربارەی دواین پێشهاتەكان سەبارەت بە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عیراق ڕایگەیاند" گفتوگۆكان بەردەوامە، جارێ نەگەیشتوینەتە ڕەشنوسی كۆتایی ئێمە لە ساڵی 2019 لەگەڵ پێكهێنانی نوێی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستمان بە گفتوگۆكان كرد دواین " درافتی" ڕەشنوسی كۆتایی لەمانگی 12 ی 2019 بوو كە ڕێكەوتنێكی كۆتایی بێت كە دەبوو بچێتە ناو یاسای بودجەی 2020 بەڵام بەداخەوە لەو دۆخانەی كە هاتە پێش لە عێراق و خۆپیشاندان و دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی وای كرد كە ئەو ڕێكەوتنە یان ئەو گفتوگۆیانە دوابكەوێت و بگاتە ئەو كاتەی ئێستا."

"شتێكی ڕوون و ڕاشكاوانە نیە كە خاڵی ناكۆكی بێت "
دەربارەی خاڵی ناكۆكی لەدانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداد-دا، د.دارا ڕەشید وتی" شتێكی ڕوون و ڕاشكاوانە نیە كە ناكۆكی بێت بەڵام كە ئێمە دەستمان پێكرد ڕێكەوتنەكە وابوو كە هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بكات ، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراقی 900 ملیار مانگانە بداتە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵام بەداخەوە ئەو بارودۆخانەی كە هاتە پێش لە دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی عێراقی و یاسای بودجەی 2020 نەچووە پەرلەمان ئەم كێشەیەی لێ دروست بووە بەڵام ئەوەی كە ئێستا هەیە لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی گفتوگۆكان بەردەوامن هیچ ڕەشنوسێكی كۆتایی نیە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی وەك كوردەكان هەست دەكەن لە دانوستانەكاندا كابینەی پێشوو نەرمترن و زیاتر گوێ بۆ لایەنی كوردی دەگرن یا ئەم كابینەیە؟ لەوەڵامدا د.دارا ڕەشید دەڵێت" ئێمە وەكو وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان نامانەوێت كەس گوێڕایەڵمان بێت ئێمە دەمانەوێت مامەڵە بە دەستور و بە یاسا بكرێت بەوەی كە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكە دەستور دانی پێداناوە، ئەوەی كە ئێمە دەمانەوێت مامەڵە بە دەستور بكرێت یان بە یاسای بودجە بكرێت یاخود بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بكرێت، ئەوە داواكاری ئێمەیە ئەوەی كە دەمانەوێت حكومەتی ناوەندی مامەڵەمان لەگەڵ بكات وەكو هەرێمی كوردستان وەكو لە دەستور ئاماژەی پێكراوە ، وەكو هەرێمێكی سەربەخۆ وە ئەو مافە دەستوریانەمان پێبدرێت نە زیاد و نە كەم، هەرچەندە پێشبینی ناكەم یاسای بودجەی ساڵی 2020 پەسەندبكرێت لە پەرلەمانی عێراق."

"نزیكەی دە ڕۆژی تر گەڕێكی تری دانوستانەكانی هەرێم و بەغداد دەستپێدەكاتەوە "
سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەنێوان هەرێم و بەغداد؟ ئەندامەكەی شاندی دانوستانكاری نێوان هەرێم و بەغداد (د.دارا ڕەشید) وتی" ڕوژی پێنج شەممە هاتینەوە ، وە دانوستانەكان بەردەوام دەبێت ، لەوانەیە لە هەفتەی داهاتوو یان دە ڕۆژی داهاتوو گەڕێكی تری دانوستانەكان دەستپێبكاتەوە لە نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان."

"هەرێم و بەغداد ڕێككنەكەوتوون و تەنها ڕامانگەیاندووە گفتوگۆكان بەردەوام دەبن "
دەربارەی دەنگۆی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد؟ د.دارا ڕەشید ڕەتیكردەوە و ڕایگەیاند" ئێمەش ئەو هەواڵەمان بیست بەڵام وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕەسمی شتێكی وای ڕانەگەیاندووە كە درافتی كۆتایی هەبێت تەنها ئەوەی كە بڵاومان كردۆتەوەو ئێستاش ڕایدەگەیەنیین گفتوگۆكان بەردەوامن و نەگەیشتوینەتە ڕەشنوسی كۆتایی."

" پێمان وایە دەبێت گەشبین بین "
دەربارەی ئەوەی ئایا وەك ئەندامێكی شاندی دانوستانكار گەشبینن بە ئەنجامی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداد؟

د.دارا ڕەشید وتی" ئێمە دروشمێكمان هەیە كە لە دانوستاندا ناتوانرێت گەشبین بیت و ناتشتوانرێت ڕەشبین بیت، دانوستان هەر وایە لەوانەیە ئەوان وەرەقەیەكی دانوستان بهێنن و ئێمە وەرەقەیەكی دانوستان بهێنیین و لە كۆتاییدا لەوانەیە وەرەقەیەكی تری لێدەربێت كە كۆكراوەی هەردوو لا بێت و شتێكی باشی لێدەربچێت بەڵام ئێمە پێمان وایە دەبێت گەشبین بین وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان مادام لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەژین و دەستور دانی ناوە بە هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بتوانین لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بگەینە ئەنجامی باش چونكە لەكۆتایدا لەبەرژەوەندی خەڵكی عێراق بەگشتی و خەڵكی كوردستان بەتایبەتی دەبێت."

" نیەتی ئێمە ئەوەیە كە ئەنجامی باش هەبێت ، ئێمە هەمیشە گەشبینین لەدانوستان لەبەرئەوەی پێمان وایە خەڵكی عێراق بەگشتی و خەڵكی كوردستان بەتایبەتی نەهامەتی زۆریان دیووە پێویستە ئیتر بەس بێت ناخۆشی و لێكترازان، ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە هەولێر و بەغداد بگەینە ئەنجامی باش لە بەرژەوەندی گەلانی عێراقدایە." وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان وایوت"

" ئەوەی كە ئێمە دوامان كردووە وەكو هەرێمی كوردستان مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت وەكو بەشێك لە عێراق "
د.دارا ڕەشید وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا لەم دۆخە سەختەی وەك دەوترێت عیراق پێییدا تێدەپەڕێت لەڕووی تەندروستی و ئابوری و ئەمنیەوە ئەگەری هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێكبكەوێت و موچەی مانگانە بنێرێت بۆ فەرمانبەران؟

د.دارا ڕەشید وتی" قەیرانی دارایی و قەیرانی تەندروستی قەیرانێكی جیهانیە بەڵام عێراق وڵاتێكە سەروەری هەیە، یەدەگی نەختینەیی هەیە دەتوانێت قەرز بكات بڕوا ناكەم هەتا ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنێت شتێكی زۆر زەحمەت بێت چونكە بژاردەیان زۆر لەپێشە، ئەوەی كە ئێمە دوامان كردووە وەكو هەرێمی كوردستان مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت وەكو بەشێك لە عێراق، واتە لەهەموو ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی هەیەتی پێویستە هەرێمی كوردستانیش بەشێك بێت لەو ئیمتیازاتانە لە بەكارهێنانی یەدەگی نەختینەیی یان قەرزی نێو دەوڵەتییە یاخود قەرزی ناوخۆیییەی بەپێی یاسای قەرز لەپەرلەمانی عێراق پەسەند كراوە هەرێمی كوردستان پێویستە بەشی هەبێت."

"دەبێت ڕێكبكەوین چونكە قەدەری هەرێمی كوردستان و بەغداد بەیەكەوەیە."
لەبارەی ئەوەی لەحاڵەتی ڕێككنەكەوتنی هەرێم و بەغداد وەك وەزیری پلاندانان، پلانتان چیە بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەڕووی داراییەوە؟ د.دارا ڕەشید وتی" ئێمە هەموو ئەگەرەكان بۆ ئەوە دادەنێین كە ڕێكبكەوین لەگەڵ بەغداد چونكە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەدیلی ڕێكەوتن هەر ڕێكەوتنە، بیر لەوە ناكەینەوە كە ڕێكنەكەوین، هەموو ئاراستەكە ئەوەیە كە دەبێت ڕێكبكەوین چونكە قەدەری هەرێمی كوردستان و بەغداد بەیەكەوەیە."

" ئەوانە دەنگی نەشازن"
دەربارەی لێدوانی هەندێك پەرلەمانتار كە باس لەوەدەكەن چوونی وەفدە كوردییەكە بۆ بەغداد كاتكوشتنە و ناگەنە ڕێككەوتن؟

د.دارا ڕەشید دەڵێت" لە بنەڕەتدا ئەو بەڕێزانە ئاگایان لە وردەكاری دانوستان نییە لەنێوان هەولێر و بەغداد، ئەوەی كە ئێمە دەمانەوێت و لە بەغداد دەیبینیین ئەوەیە كە هەموو لایەكمان گەشبینیین بەڵام چەند بەدڵی ئێمە دەبێت و چەند بەدڵی بەغداد دەبێت ئەوە دەمێنێتەوە بۆگەڕەكانی تری دانوستان كە لەنێوان هەردوولا دەبێت بەڵام ئەوەی كە جەختی لێدەكەینەوە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان پێمان وایە بەدیلی ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی هەر ڕێكەوتنە ئەوانیش ئەو بۆچوونەیان هەیە كە پێویستە ڕێكبكەوین یەڵام خەڵكی ڕەشبینمان هەیە، خەڵكێك هەیە ئێستا باس لەوە دەكات كە قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێتەوە، ئەوانە دەنگی نەشازن لەناو هەرێمی كوردستان ئەگەر لە پەرلەمانی عێراقی بێت یان لە پەرلەمانی كوردستان بێت."

وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕونیشیكردەوە" دەنگی نەشاز هەیە، باسی ئەو ڕەشبینیە دەكات، پێم وانیە ئەوە بۆچوونی گشتی پەرلەمانی كوردستان بێت كە دەڵێن كات كوشتنە بەڵكو لەوانەیە دەنگە نەشازەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بێت زۆر ئاساییە ئەو قسانە بكەن چونكە ئەوانە دەنگی نەشازن."

" نیەتمانە لەگەڵ بەغداد پێكبێین "
وەزیری پلاندانانی هەرێم دەشڵێت" لەیەكەم كۆبوونەوەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارماندا كە نیەتمانە لەگەڵ بەغداد پێكبێین، ئەوە بوو كە لەڕۆژی دووەم وەفدێكی باڵا بەسەرۆكایەتی "كاك مەسرور بارزانی و كاك قوباد تاڵەبانی" سەردانی بەغدادیان كرد، ئەو كۆبونەوانەی ئێمە درێژە پێدەری ئەو نیەتە و ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە كابینەی نوێ."

دەربارەی ئەوەی ئایا بەغداد نیازی هەیە ئەم مانگەش بڕە بودجەیەك بۆ موچەی فەرمانبەران بنێرێت دوای ئەم كۆبونەوانەی دوایی كە ئەوە داواكاری و پرسیاری موچەخۆرانە؟

د.دارا ڕەشید وتی" ئەوە داواكاری ئێمەیە كە بابەتی موچە و ئیستحقاقاتی فەرمانبەران پەیوەست نەكرێت بە دانوستان لەنێوان هەولێر و بەغداد چاوەڕێین بزانیین وەڵامی بەغداد چییە بەرامبەر بەو داواكارییەی ئێمە گەشبینیین

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن