توركیا چۆن دەستی بە (ڤیان شەڕڤان) گەیشت

ڕاپۆرت

20/07/2020     ژمارەی بینراو 1899

راچڵەكین-

رۆژی یەكشەممە 19-7-2020 میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، دالیا مەحمود موسلیم ( تەمەن 21) ساڵ ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) كە برازای ساڵح موسلیم- هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتیی دیموكراتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەو حیزبە، "لەڕێگەی رازیكردنەوە" خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكانی توركیا كردووە. 


دالیا مەحمود موسلیم

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، هەرزوو كاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا و لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش قسەو باسی زۆری لەسەر كرا.

لەیەكەم كاردانەوەشدا، مەحموود محەممەد موسلیم، باوكی دالیا لە لێدوانێكدا بۆ رای گشتی وتی، كچەكەی بەر لە شەش ساڵ ببووە شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی ژن - YPJ بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش "بەڵام پێش شەش مانگ لەبەر هۆكاری تەندروستی وازی لە هەڤاڵەكانی و ئەركەكانی هێنا و چووە هەرێمی باشووری كوردستان بۆ چارەسەری، لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ كەسوكار، تاوەكو بەر لە ماوەیەكی كەم پەیوەندیی كرد سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ نێو كەسوكاری لە رۆژئاوا، بەڵام لەناكاو بینیمان كە دراوەتە دەست دەسەڵاتی توركیا و دەزگا سیخوڕییەكانی".
 
باوكی دالیا دەڵێت: "لەبەرئەوە پێمانوایە كە دەسەڵاتی هەرێمی باشووری كوردستان بەرپرسیارێتیی رفاندنی لە باشوور یان رادەستكردنی بە دەزگای هەواڵگریی توركیای دەكەوێتە سەر شان. هەر شتێكیش لە زمانیەوە دەربچێت یان پێی بگوترێت لەژێر گوشاردا، قسەی ناڕاستن و مەبەستەكەش پیسكردنی نێوبانگی خێزان و دامەزراوەكانی كارگێڕیی خۆسەرییە لە رۆژئاوا".

هاوكات، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتیی دیموكراتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەو حیزبە لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، برازاكەی لە هەرێمی كوردستانەوە رادەستی توركیا كراوە.


دالیا مەحمود موسلیم

لەوەڵامی ئەو لێدوانانەدا، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 20-7-2020 لەروونكردنەوەیەكدا رەتیكردەوە(دالیا مەحمود موسلیم ) لە هەرێمی كوردستانەوە ڕادەستی توركیا كرابێتەوە. 

وەزارەتی ناوخۆدەڵێت:" دالیا مەحمود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەكانی یەپەژە دەهێنێت لە گەڵ چەكدارێكی دیكەی خەڵكی بەدلیسی باكووری كوردستان بەناوی ( سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە تولهەلدان ) كە لە ڕیزەكانی یەپەگەوە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەكەن و هەردووكیان بەیەكەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و ڕادەكەن.  رەمەزان لە ڕۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە توركیا و پاشان دالیا مەحمود ساڵح بۆ پەیوەندی كردن بە سەلام لە ڕۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە توركیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی ڕادەستی پۆلیسی توركیا دەكات. بۆیە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە.  "

 وەزارەتی ناوخۆ ئامادەیی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لەو دۆسێیە دەردەبڕن. دەشڵێت:"  هەرێمی كوردستان وەك هەمیشەش بە پەناگەیەكی ئارام دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی رووی تێدەكەن." 

هاوكات لەگەڵ ئەو روونكردنەوەیەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووەتەوە، دالیا مەحموود موسلیم، لە رۆژی 15ی ئەم مانگە لە شاری مێرسین "لەڕێگەی رازیكردنەوە خۆی رادەستی هۆبەی دژە تیرۆری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی مێرسین كردووە".

ئاماژە بەوەشكراوە:" دالیای تەمەن 21 ساڵ لە یەكەم لێكۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە كە برازای ساڵح موسلیمە و پاسەوانی نزیكی گولتەن ئاڵتاش (ئەسما ساموور)ە، كە ناوی لە لیستی سووری داواكراواندایە لە توركیا و باوكیشی لە كۆبانێ لە ریزەكانی پارتی یەكێتیی دیموكراتیدا كاردەكات."

 
دالیا مەحمود موسلیم

هەروەها ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردووەتەوە، دالیا مەحموود موسلیم "لەڕێگەی رازیكردنەوە" خۆی داوەتە دەست هێزە ئەمنییەكانی توركیا كە هەروەكو ئاژانسەكە دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە تاوەكو ئێستا 110 كەسی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكە "لەڕێگەی رازیكردنەوە" خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكانی توركیا كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن