ئێزیدی و كاكەییەكان لەبەردەم مەترسی جینۆسایددان

سالار مەحمود


02/08/2020

"ئەركەكان و داهاتووی دەڤەرەكە"

مرۆڤ تووشی شۆك دەبێ كاتێ ئەو هەموو خەمساردییە دەبینێ بەرامبەر كەیسی جینۆساید بەگشتی و جینۆسایدی ئێزیدییەكان.

پێویستە لە دۆسیەی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا بابەتی قەرەبووی قوربانیانی جینۆسایدی كوردستان بكرێتە داخوازی سەرەكی.

لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان عیراق كار بكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و دەوروبەری.

دادگایی كردنی تاوانباران دەستپێ بكات. داعشە گیراوەكان لەبەردەم دادگادا ئامادە بكرێن.

۱۳٤ تەرمی قوربانیانی شەنگال لە پزیشكی دادوەری بەغدایە، گەرەكە بەزوویی مەراسیم بهێنرێنەوە زێدی خۆیان.

با دۆخی هەستیاری دەڤەری شەنگال ببێتە مایەی تەبایی هێزە كوردستانییەكانی ئەو دەڤەرەو چیتر برینیان نەكولێنرێتەوە.

توركیا تەماحی لە داگیركاری چیای شەنگال و ئەو ناوچەیە هەیە. بەردەوامی ناكۆكی ناوخۆیی دەرفەت دەڕەخسێنێ توركیا ئەو مەرامەی بەدی بهێنێت.

ئێزیدییەكان پێكهاتەیەكی گرنگی كوردستانن خاوەندارێتی كردن لە دۆسیەو ناسنامەیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەركێكی نیشتمانی و ئینسانی و نەتەوەییە. پێویستە سوود لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ۲۳۷۹ لە ساڵی ۲٠۱۷ وەربگیرێت سەبارەت بە جینۆساید ناساندنی تاوانی شەنگال و دەوروبەری.

هێشتا مەترسی جینۆساید لەسەر ئێزیدی و كاكەیی و پێكهاتەكانی تر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەردەوامە.