سەردار عەزیز
3 کاتژمێر پێش ئێستا
راچڵەکین-
خۆپێشاندانەکانی فەرەنسا بە نمونە.
ئەگەر تەماشای سەرنجە کوردییەکان بکەیت لە سەر ڕوداوەکانی فەرەنسا، چەند خاڵێک جێگای سەرنجە. یەکەم، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە کێ لە پشت ئەم کارانەوەیە؟ پرسیاری لەوجۆرە، وەڵامی هەڵە بەردەست دەخات. دووەم، بە زۆری ئەوانەی کە ئەم پرسیارانە دەکەن، کەسێک، گروپێک یان لایەنێک لە خەیاڵیاندایە. بەو مانایە ناپرسن بەڵکو زەمینە دەسازێنن بۆ ئەوەی تاوان بدەنە پاڵ لایەک. سێیەم، میدیا و وێنەکان وەک سەرچاوەی بێ ئەجیندا دەبینرێن. بۆیە ڕاڤەکان لە سەر دەرکەوتە میدیاییەکانن کە هەمووی کۆنترۆڵکراوە. لە هەمانکاتدا ژینگەی جەمسەرگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری فەرەنسا لە بەرچاو ناگیرێت.
کاتێک ڕوداوێک ڕودەدات، لە پشتیەوە مێژویەکی تایبەت، هەیە، کە قوڵایی جیاوازی هەیە، هەندێک جار ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زۆر دوور، هەروەها سەردەمی نزیکیش.
بۆ ئەوەی لە فەرەنسا تێبگەین دەبێت ئەوە بزانین کە رێژەی قەرزی نیشتمانی چوار تریلیونە، کە ١١٩% جی دی پی دەکات. ئەم قەرزە بەشێکی زۆری داهاتی فەرەنسی دەخوات. لە هەمانکاتدا فەرەنسا کێشەی خانەنشینی هەیە، خەڵک لە فەرەنسا لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا خانەنشین دەبن. بۆ نمونە کەرتی خوێندنی فەرەنسی، کە سەرەتای کێشەەکە لەوێوە بوو، لە ڕوی خەرجیەوە لە سەروی هەموو ئەوروپاوەیە، بەڵام بڕێکی زۆری دەچێت بۆ مامۆستای خانەنشین، بۆیە بڕی پارە بۆ خەرجی مەسرەفی خوێندن زۆر کەم دەکات. ماکرۆن ویستی بیکات بە ٦٤ ساڵ، بەڵام چونکە دوو هێزی سیاسی لە فەرەنسا زاڵن کە چەپی توندڕە و فاشیستەکانن، هەردوو دژی بوون.
لە هەمانکاتدا کورتهێنانی بودجە لە فەرەنسا ٥.٤ لە سەدە ئەمساڵ. ئەم برە زیاترە لە ٣%ی قبوڵکراو لە یەکێتی ئەوروپا.
هەروەها فەرەنسا بە دەست نایەکسانیی، نەبونی دەرفەتی کار، ڕەگەزپەرستی بەرفراوان، نەمانی ڕۆڵ لە دونیا و زۆر دیاردەی ترەوە دەناڵێنێت.
فەرەنسا پیر دەبێت، ئەگەر تەمەنی خانەنشینی نەباتە ٧٠ ساڵ زوو زیاتر پیر دەبێت و ناتوانێت بژێوی خۆی دابین بکات. فاشیزم و نەتەوە و زمان و کەلتور چارەسەر نین.
سەرباری هەموو ئەمانە، ئەوەی لە فەرەنسا دەگوزەرێت، بە زۆری تایبەت نیە بە فەرەنسا. پیربوون، نایەکسانی، بەپارەبوون، داڕمانی کەرتی گشتی و گرانی گەرتی تایبەت، نەمانی کار، نەمانی ئاسایش، هەڵاوسان، دیاردەی جیهانین.