بۆچی پەرلەمان ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆكی‌ حكومەت بكات ‌؟

سەرتیپ وەیسی


30/08/2020

یاداشتێك لە پێناو خزمەتكردنی مەسرور بارزانی و پارتی
ئەو یاداشتەی كە لە 23ی ئاب،‌ لە لایەن 24 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی
 ( یەكێتیی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو )، تایبەت بە پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی لەسەر مەسەلەی بڕینی موچه ‌و داهاتە ناوخۆیی و گومرگییەكان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، بەپێی خوێندنەوەیەكی سەر پێی لەرووی(  یاسایی و سیاسی و لۆژیكی)، ئەو یاداشتە لە نەزانی و بێ ئاگایەوە پێشكەشكراوە، چونكە دواجار ئەو یاداشتە لە چەند رووێكەوە خزمەت بە كابینەكەی مەسرور بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لەبەر چەند هۆكارێك:
* لە ناوەڕۆكی یاداشتەكەدا هیچ بەڵگه ‌و دۆكۆمێنتێكی یاسای پێشكەش نەكراوە، كە پێچەوانەی حكومەت بسەلمێنێ كە بۆچی بڕینی موچەی فەرمانبەران  نا یاساییە؟  كە بەهۆیەوە داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك و جێگرو وەزیری دارایی وەربگیرێتەوە، چونكە بەپێی مادەی (70) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە خاڵی یەكەمدا هاتووە " پێویستە داواكاری و پرساندنەكە بە نوسین دەبێت، هاوپێچ لەگەڵ بابەتی پرساندنەكە و بەڵگه ‌و زانیاری و بەڵگەنامەكان ئاڕاستەی سەرۆك دەكرێن ". راستە بڕینی موچە پێچەوانەی یاسایە،بەڵام لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەك  پێشكەش نەكراوە  كە پێچەوانەی كام مادەو بڕگەی یاسایه ‌؟  چۆن دەتوانێت حكومەت بەبێ لێ بڕین موچە بدات؟  داهاتی ناوخۆیی و گومرگی چەندە ؟ ئەگەر ئەمە نەبێت لێرە هەڵوێستی حكومەت بەهێز دەبێت، چونكە پێچەوانەی حكومەت هیچ شتێكیان نەخستۆتەڕوو.
* لە بەرئەوەی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت،  بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ،  پێویستی بە دەنگی (76) پەرلەمانتار هەیە، لەبەرئەوەی پارتی زۆرینەیە و هێزەكانی دیكە كەمینەن ‌؛ كەواتە پەرلەمان ناتوانێت متمانە لە حكومەت وەرگرێتەوە، بەمەش سەرۆكی حكومەت دووبارە شەرعیەت وەردەگرێتەوه، ئەمەش دەبێتەوە  دەنگدان‌ بە متمانەدانەوه بە سەرۆك‌، نەك لێ سەندنەوەی متمانە‌.
* بەپێی پەیڕە و لێسەندنەوەی متمانە لە جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی، بە دەنگی ( 56) ئەندامی پەرلەمان دەبێت، هەربۆیەش پارتی و هاوپەیمانەكانی زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئەو متمانەیە لە جێگر و وەزیری دارایی وەرگرنەوە، لەبەرئەوەش دەتوانن ئەمە وەكو كارتێك بەرامبەر لایەنەكانی دیكە بەكاربهێنن ؛ كەواتە بەر لەوەی پرساندنەكە هەڕەشە بێت بۆ سەر مەسرور بارزانی هەڕەشەیە بۆ سەرنوێنەرانی گۆڕان و یەكێتیی لە حكومەت. بەهۆكاری ئەوەشە یەكێتیی لە چەند رۆژی رابردوو، لە هەوڵی ئەوەیەدا ئەو یاداشتە بكشنێتەوە كە بۆ سەر قوباد تاڵەبانی كراوە.
*بە هاتنە پەرلەمانی سەرۆكی حكومەت و جێگر و وەزیری دارایی،  بە یەكجاری شەرعیەت دەدرێت بە موچە بڕینی فەرمانبەران، چونكە پەرلەمانتاران هیچ بەڵگه ‌و دۆكۆمێنتێكیان نییە بیسەلمێنن، كە حكومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕینیش موچە دابەشبكات. كاتێك پەر‌لەمانتار بەڵگەیەكی بەهێز پێشكەش نەكردوە تایبەت بە بەلێبڕینی موچە؛ ‌كەواتە دەبێتە شەرعیەتدان‌ بە موچە بڕین.
* بە پێچەوانەی حزب و فراكسیۆنەكانی دیكە، پارتی سوورە لەسەر هاتنی مەسرور بارزانی بۆ پەرلەمان، چونكە دەزانێت متمانە لە سەرۆكی حكومەت وەرناگیرێتەوە و ئەوقۆرتەی بۆ ئەوان لێدراوە خۆیان تێیدەكەون.
* پارتی لەسەر ئەو پرسە بەڵێنیداوە لە وەرگرتنەوەی متمانه  وەزیری دارایی بپارێزێت‌، بەڵام لەسەر مەسەلەی قوباد تاڵەبانی پێیانوایە، ئەو پرسە پەیوەندی بە كێشە ناوخۆیییەكانی یەكێتیەوە هەیە، چونكە بە قسەی ئەوان ئەو پەرلەمانتارانەی فراكسیۆنی سەوز، كە واژوویان لەسەر یاداشتەكە كردوه لە لاهور تاڵەبانی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ نزیكن.
*پارتی بەروونی رەوانی بە یەكێتیی و  فراكسیۆنی یەكێتیی وتوە، یەك دەنگ لە دژی مەسرور بارزانی بەرامبەرە لەگەڵ 5 دەنگ لە دژی قوباد تاڵەبانی.
* سەرۆكی پەرلەمان لە هەوڵی كشاندنەوەی واژووەكانی سەر یاداشتەكەیه ‌و نایەوێ ئەو دانیشتنەی‌ تایبەتە بە پرساندن ئەنجامبدرێت.