سەردار عەزیز
3 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕۆژێكی دڵتەنگ بوو. میرۆم برد بۆ ئاهەنگێكی لە دایكبونی یەكێك لە هاوڕێكانی پێشووی لە قوتابخانە. لە پاركەكەی فتزجێڕالد جێم هێشت و چووم بۆ ناوەندی بازاڕ. شەممان سەوزە و خۆراكی لۆكاڵی دەكڕم. لای یەكێك لە جوتیارەكان چوار خەیاری گەورەی ناڕێكم كڕی.
دەمێك بوو هێندە كاتم نەبوو، ئەو شتانە بكەم كە حەز دەكەم بیانكەم، وەك سەردانی كتێبفرۆشی دەستی دوو، یان چون بۆ ڕۆژنامەو گۆڤار خوێندنەوە لە كتێبخانەی گشتی. پاش بازاڕی سەوزە و نانەكە، ڕۆشتم بۆلای كتێبفرۆشەكان. ئەو كتێبانەی كە دەیانخوێنمەوە بۆ كار لە لای كتێبفرۆشان دەست ناكەون. بەڵام ڕوانین لە ناونیشانەكان چێژی خۆی هەیە.
سەرەتا بیرم كردەوە پۆست كارتێك بكڕم و بڕۆم لە كافێیەك نامەیەكی دڵگیر بۆ ژنەكەم بنوسم بە بۆنەی بیست ساڵەی هاوسەریمانەوە. بەڵام كتێبێكی ئاموس ئۆزم بەرچاو كەوت دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ لوبنان، پاشان كتێبێكی تر دەربارەی مێژوی پارە. نەمتوانی نەیانكڕم. پێویستم بە كتێبەكەی مێژوی پارەبوو چونكە لە پرۆژەكەم دەربارەی دەزگا دەمەوێت پارە وەك دەزگایەك بناسێنم، نمونەیەكی باشە چونكە زۆرینە پارە وەك دەزگا نابینن و زۆرینەش حەزی لەوەیە باسی پارە بكەیت و هەموكەسێكیش لێی تێدەگات، ئەگەر لێشی تێنەگات.
كە كتێبەكانم كڕی دوكانی كتێبفرۆشەكەم جێهێشت، پاش چەند هەنگاوێك ئۆتۆمبیلێكم بینی كە وەستابوو، ئاڵایەكی كوردستانی پێوەبوو. زیاتر دڵم تەنگ بوو.
ئەمڕۆ چیدی جێگایەك نیە بە ناوی ڕۆژئاڤا. نە وەك جوگرافیایەك، نە وەك پانتاییەك، نە وەك ئەزمونێك، نە وەك یوتوپیایەك. من هێندە دڵگیرنەبووم بە ڕۆژئاڤا كە هەبوو. بەڵام نەمانی دڵتەنگم دەكات. هەرگیز نەمتوانیوە وێنای ئەوە بكەم ڕۆژێك بتوانم لە جێگایەكی وەك ڕۆژئاڤا بژیم. نە ژیانم و نە بیرم و نە دونیابینیم تەبا نەبوو. بەڵام لە دوورەوە ئەزمونێكی جیاوازبوو.
ڕۆژئاڤا بەرهەمی ئەزمونێكی ناوازە و سەخت بوو. دوو فاكتەر ڕۆڵیان هەبوو لە دروستكردنیدا، كەوتنی شەنگال و ڕۆڵی چەكدارانی نزیك لە پارتی كرێكاران لەوێ، هەروەها شكستی ئەمریكا لە دۆزینەوەی پارتنەرێك لە سوریا.
ڕۆژئاڤا دەبوو زۆر زوتر هەستی بە مۆلەقەیی دۆخەكە بكردایە و خۆی بگونجاندایایە. بەڵام كەوتنی ئەسەد بوو بە هۆی زاڵبونی تورك. توركیا هەمیشە دژ بە هەموو بەهێزبونێكی كوردە، تەنانەت لە دەرەوەش.
كورد توركیا لە دونیای عەرەبی دادەبڕێت بە شێویەكی جوگرافی و سەرەكی. ئەمەش بۆ توركە ئیسلامییەكان كێشەیە. بۆیە توركیا لە گەڵ داعشدابوو دژ بە كورد.
ڕۆژئاڤا مایەی سەرسوڕمان بوو چونكە لە سفرەوە نەهاتبوو. بەڵكو لە خوار سفرەوە. دەڵێن جارێك برادەرێكی پارتی كرێكاران بە موسا عەنتەر دەڵێت، ئێمە لە سفرەوە دەستمان پێكرد، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، زۆری ویست هەتا گەیاندمانە سفر. دیارە سفر تەنها ژمارەی نیوتراڵە، نە نەگێتیفە نە پۆزەتیف.
كورد لە سوریا، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بكەیت دەبێت بە هەستیارییەوە ساتەوەختە مێژوییەكە دیاری بكەیت. ئەگەر لە سەردەمی ئەسەد و سەرتاپا مێژوی سوریا بنواڕێت، ئەوەی كورد هەیەتی بەراورد ناكرێت. بەڵام ئەگەر بە سەردەمی خۆسەریی و ڕۆژئاڤا بەراوردی بكەیت ئەوا زۆر لە دەستدراوە.
دیارە بەراورد بە عێراق ئاسان نیە. عێراق وڵاتێكە كە لە نێوان جەمسەرەكانی دەسەڵاتی دونیادا دەیەوێت یاری بكات. خەباتی كورد بەرهەمی ئەم سەركێشییەی عێراقە. لە پەنجاو هەشت كاتێك كۆماری دێت، عێراق دەچێتە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە، دوو ڕۆژ دوای شۆڕشەكە چینییەكان كێبڵێك دەنێرن كە دان بە كۆماردا دەنین و عێراقیش دوو ڕۆژ دوای ئەوە دان بە چیندا دەنێت. ئەمە لە گەڵ سۆڤیەت و كۆمۆنیستەكانیشدا ڕویدا، ئیتر عێراق چوە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە. بەڵام ئەمە بۆ سوریا و توركیا وەها نیە. توركیا لە پەنجاكانەوە دەچێتە ناو ناتۆ، ئیتر ڕۆژئاوا هاوكاریی هیچ لایەنێكی تری جگە لە دەوڵەت لە توركیا ناكات. سوریا زۆر زوو دەچێتە بەرەی سۆڤیەت. ئەمریكا هەرگیز پێگەی نەبوە لە سوریا پێش كورد.
كاتێك لە پاركەكە دەستم بە خوێندنەوەی ئاموس ئۆز كرد، هەستم دەكرد ئەگەر پی ئێڵ ئۆ، ڕێكخراوی ئازادی فەلەستین، بگۆڕین بە حیزبواللە ئەوا دونیا هێندە نەگۆڕاوە.