گەندەڵی و پشتیوانی تیرۆری دووەم

عەتا کەریم


30/11/2020

جورئەتی گەندەڵی لە هەرێم، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە گەندەڵكارەكان لە پۆستی باڵاو پێگەی بەهێزدان، بۆیە زۆربەی جومگەی دامەزراوەكانی تەنیوە، رەگێكی زۆر و پتەوی هەیە، لەسەر ئاستی باڵاش هێز و نییەتی بەرەنگاربوونەوەی نییە.
ژینگەی گەندەڵی لە كوردستان لەباركراوە، دەسەڵاتی دادوەریی و یاسا لە بەرامبەر جورئەتی گەندەڵیی بێجورئەت و كەمدەسەڵاتە، بەجۆرێك لاوازیی دەسەڵاتەكەی رێگەیداوە گەندەڵی قەبەتر و گەندەڵكارانیش ژمارەیان هەڵكشاوتربێت.
 گەندەڵی لەدوای تیرۆر و تیرۆریزم، دووەمین مەترسییە لەسەر ئاستی كۆمەڵگەو سیستمی حوكمڕانی وڵاتان، بۆیە هەریەك نەتەوەیەكگرتوەكان‌و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیهانی‌ «گەندەڵی» بە مەترسی دووەم لە دوای تیرۆرەوە ئاماژە پێدەدەن، بەڵام رێكخراوە مەدەنییەكان و زۆرێك لە رێكخراوی دیكەی نێودەوڵەتی بە مەترسیی یەكەمی دووبارە، دەیشوبهێنن.
ئەم دوو هەرەشە و مەترسییەش لە هەرێمی كوردستان دا هەن، «داعش و گەندەڵی» كە جیاوازییان نییە، دەشێت بەداعش بوترێت گەندەڵ ، بەگەندەڵیش بوترێت داعش، یان داعشی داهات و سامانی هەرێم.
لە دەسەڵاتی حوكمڕانی كوردییەوە لە باشووری كورستان1991 تا تێستا، گەندەڵی هەیە، بەڵام قەرەمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نەبووە و ئێستاش نییەتی، لەكاتێكدا قەیرانی زۆرتر و گەندەڵی و بازرگانی زوو هەڵتۆقیوو ئێجگار زۆرن،  بۆیە شێوازی بەرەنگاریی گەندەڵی هێندە لاوزە کە ئەزمونەکەی هەرێم لەشەڕی داعشی گەندەڵیدا سەركەوتوو نابێت و سەری  دەخوات!!.
هەرێم لە شەڕی تیرۆری دووەمدا تەنیا دروشمی چاکسازی نەزۆک بەرهەمدەهێنێت و  لە شەڕی گەندەڵیدا هیچ پلان و ستراتیژێكی نییە، هەرچەندە لەشەری تیرۆری گەندەڵیدا، پارە و بودجەیەكی زۆر بۆ هەرێم دەگەرێتەوە، كەچی مەبەستی نییە ئەم شەڕە سوودمەندەیان بكات!!.
كەرەستەی بەرەنگاربوونەوەی داعشی گەندەڵیش هێز و چارەسەری هەیە، كە بریتیە لە «ئیرادەی ڕاستەقینەی دژایەتی گەندەڵی بە شەفافیەت و بەشداری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدیای ئازاد و سەربەخۆكردنی دامەزراوەكانی تایبەت بە لەناوبردنی گەندەڵی، هەروەها كاركردن بە یاسای گەیشتن و گەیاندنی زانیاری و گێرانەوەی موڵكی گشتییە داگیركراوەكان، لەگەڵ  چاكسازیكردن لە دەسەڵاتی دادوەری و گەرەنتی و بەهێزكردنی سەربەخۆییان لە سزادان، لەهەمووشیان گرنگتر ئەوەیە كە رێگری لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن(حكومەت) بكرێت كە خۆی بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان و دامەزراوەكانی چاودێریكردندا زاڵ نەكات لەكاتی لێپێچینەوەی كاربەدەستان  و  سزای هەموو ئەو گەندەڵكارانەش بدرێت جا لە هەر پۆست و پلەیەكدا بن».
ناكرێت لە ئاست تیرۆری دووەمدا هەرێم، هێزی نەبێت و بەرەنگاریی نەبێتەوە، لە كاتێكدا مەترسیی فەرامۆشكردنی كارەسات دەخوڵقێنێت!!، ئەوەی دەبینرێت گەندەڵییەكی بەرفراوانە لە هەرێم، بەڵام رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی نادیارن، ئەوەش پێمان دەڵێت بێدەنگی و بەرەنگارنەبوونەوەی شەرعیەتدانە بەگەندەڵی.
زۆرترین كەیسی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامان و داهاتی هەرێم هەن، بەڵام كەمترین كەیسی دادگایی و لیپێچینەوە لە گەندەڵكاران هەیە، زیندانەكان خاڵین لەگەندەڵكار، چونكە گەندەڵەكان لە دەسەڵاتی یاسا بەهێزترن و لەشكری گەندەڵی هەیە، نەك یەك و دووان و سیان!!.
گەندەڵی زۆر سیستمی وڵاتانی بەرەو تاكڕەوی و دیكتاتۆریەت بردووە، چارەنوسی دیكتاتۆرەكانیش ئاشكران، نزیكترین نمونە لەكوردەوە عیراقی سەردەمی دیكتاتۆری سەددام حسێنە، نمونەی نوێتریش راماڵینی سیستمی دەسەڵاتدارێتی تونسی سەردەمی زەنئەلعابدین، لیبیای سەردەمی موعەممەر قەززافی، میسری لە كاتی حوسنی مبارەك-ن!!.
هەركات رێ لەگەندەڵی نەگیرا و سەری كێشا بۆ مۆنۆپۆڵی سیستم و هەژموونی تاڵانی بەسەر ئابووریدا، هاوكێشە مەترسیدارەكەی كارلێك دەكات و دیكتاتۆریی بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش كورد پێشتر تاقیكردۆتەوە، هەم جارێكی دیكە تاقی ناكاتەوە، هەمیش رێگەی پێنادات. بەو پێیە «ئەگەر بەهۆی گەندەڵیەوە ئەزموون بەرە دیكتاتۆری بچێت، لە ناودەبرێت، ئەگەریش بەرەنگاریی گەندەڵی فەرامۆش بكرێت، ئەوا ئەزمونەكە لەناودەچێت!!.